زووم
مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، لە کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان، جەختکراوەتەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەوڵەکانی بەردەوامە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.
مەسرور بارزانى لە دواى کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیران راگەیەنراوێکى بڵاوکردەوە و راشیگەیاندووە، هەروەک لە دوا کۆوبوونەوەی نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵیش، جەخت لەوە کراوەتەوە پێویستە بابەتی مووچە، تێکەڵی هیچ کێشە و ناکۆکییەکی سیاسی نەکرێت و وەک ناوچەکانی دیکەی عێراق، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمیش بدرێت، وەک شایستەی یاسایی خۆیان لە بەرامبەر وەزیفەکانیان، هاوشێوەی هاوتاکانیان لە ناوچەکانی دیکە.
ئەم راگەیەنراوە لە کاتێکدایە، حکومەتى هەرێم هەردوو لیستى مووچەى مانگى دە و یانزەى رەوانەى بەغداد کردووە، بەڵام تائێستا پارەى ئەو مووچانە نەنێراوە بۆ هەرێم.
پێشتریش زوومى بەغداد ئاشکرایکرد، وەزیرى دارایی عێراق پێشنیازى کردووە، بۆ سێ مانگى کۆتایی ئەمساڵ، دوو ترلیۆن و ٢٨٩ هەزار دینار بۆ هەرێم دەنێرێت، بەو مەرجەى هەرێم داهاتى ناوخۆى شەش مانگ رادەستى بەغداد بکات.