زووم..
دڵشاد شەهاب، ئەندامى شاندى دانوستانکارى پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە، بەشێوەیەکى فەرمى سەردانەکانیان بۆ پێکهێنانى حکومەتى نوێ دەستپێکردووە و دەچنە لای هەموو لایەنەکان.
دڵشاد شەهاب، لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسیی کە تەنها بانگهێشتى میدیاکانی پارتى و یەکێتی و نەوەى نوێى کرد، گوتی: بۆ پێکهێنانی حکومەت مەرجی پێشوەختەیان نییە و هەموو لایەنەکانیان لە سەردانکردن ئاگادارکردووەتەوە.
دەشڵێت، ئامانجى ئەوان پێکهێنانى حکومەتێکى سەرتاسەریی بەهێزە.
ئەو ئەندامەی شاندی دانوستانکاری پارتی راشیگەیاند، ئەوان براوەى یەکەمى هەڵبژاردنن و بەگوێرەى ریزبەندیى کورسییەکان سەردانى لایەنەکان دەکەن، بەڵام ئەمڕۆ ناتوانن سەردانى یەکێتى بکەن، ئەگەرچی ئامادەییان بۆ کۆبوونەوە دەربڕیوە، بەڵام شاندی یەکێتی ئامادە نەبووە و لە چەند رۆژى داهاتوودا سەردانیان دەکەن.
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، شاندەکەی پارتى سەردانى نەوە نوێی کرد و دەچنە لاى یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان و بزوتنەوەى گۆڕانیش.
زوومى هەولێریش گواستیەوە، پاش نیوەڕۆى ئەمڕۆ، شاندێکی یەکێتیى نیشتمانى کوردستان سەردانى بارەگای کۆمەڵی دادگەرییان کرد لە هەولێر و لەلایەن عەلی باپیرەوە پێشوازییان لێکرا.