زووم
رۆژنامە فارسییەکان
کار و کارگەر
گوتەبێژی حکومەت: 85%ـی خەڵکی ئێران فلتەرشکێن بەکاردەهێنن
فاتمە موهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران سەبارەت بە هەڵگرتنی فلتەرکردنی ئینتەرنێت رایگەیاند، فلتەرکردن بۆ پاراستنی پرسە ئەمنی و دەروونییەکانە.
ناوبراو لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی، 85٪ـی خەڵکی ئێران فلتەرشکێن بەکاردەهێنن و ئاڵوگۆڕی دارایی فلتەرشکێن ساڵانە گەیشتووەتە زیاتر لە 300 ملیۆن دۆلار.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای فەزای ئەلیکترۆنیدا، بڕیار لەسەر ئەم بابەتە بە کەسانی پسپۆڕ سپێردراوە، ئاساییە هەندێک کەس دژی لابردنی فلتەرکردنی ئینتەرنێت بن.
مەردوم سالاری
ئێران وەڵامێکی چاوەڕواننەکراوی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل دەداتەوە
محەمەد باقری، سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە ئێران دەستدرێژییەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل بێ وەڵام ناهێڵێتەوە.
ناوبراو بە ئاماژەدان بە کوژرانی چوار هێزی بەرگریی ئاسمانیی ئێران لەم هێرشەدا رایگەیاند، کە وەڵامدانەوەی ئێران لەسەر بنەمای ئەخلاق، ئایین و یاسا نێودەوڵەتییەکان دەبێت، بە شێوەیەک داڕێژراوە کە لە دەرەوەی خەیاڵی رێبەرانی ئیسرائیلدایە.
باقری گوتیشی، هێزە چەکدارەکانی ئێران بە وردی کات و شێوەی هێرشەکە هەڵدەبژێرن، وەک رێبەری ئێران جەختی لەسەر کردۆتەوە ئیسرائیل باجی قورس دەدات بۆ دەستدرێژیکردنە سەر خاکی ئێران.
ئارمانی ئیمروز
گەشەی دانیشتووانی عێراق لەبەرامبەر ئێران 50%ـی زیادی کردووه
بەگوێرەی توێژینەوەکانی سەلاحەدیین خەدیو رۆژنامەوانی مەهابادی، ئەنجامی یەکەم سەرژمێری دانیشتوانی عێراق دەریدەخات کە ژمارەی دانیشتووانی ئەو وڵاتە زیاتر لە 45 ملیۆن کەسە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانی عێراق لە بەرامبەر ئێراندا.
پێشتر ژمارەی دانیشتووانی عێراق نزیکەی یەک لەسەر سێی دانیشتووانی ئێران بووە بەڵام ئێستا بۆ نیوە بەرز بووەتەوە.
ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان 6 ملیۆن کەسە کە دەکاتە 14٪ـی کۆی دانیشتوانی عێراق کە لە رابردوودا بە گشتی ژمارەی دانیشتوانی کورد لە نێوان 20 بۆ 25 لە سەدی دانیشتووانی عێراق دەخەمڵێنرا.
ئەم ئامارە کەمبوونەوەی گەشەی دانیشتوان لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە پارێزگاکانی دیکەی عێراق نیشان دەدات.
ئەبرار
بەهۆی هەڵاوسانەوە خانەنشینەکان ناچارن کاتی پشوودانیان بفرۆشن
وەحید مەحمودی، سەرۆکی ناوەندی خانەنشینیی ئێران رایگەیاند، کێشەی خانەنشینان بەهۆی هەژاریی دارایی و بژێوی ژیانەوەیە، جەختی لەوە کردەوە کە زۆرێکیان دەبێت دوو بۆ سێ کاریان هەبێت بۆ ئەوەی بتوانن لەبەرامبەر هەڵاوساندا خۆڕاگرن.
ئاماژەی بەوەشکرد، جگە لە کێشەی دارایی، خانەنشینان رووبەڕووی دیاردەیەکیش دەبنەوە کە پێی دەگوترێت “هەژاری کات”، واتە فرۆشتنی کاتی ئیسراحەت بۆ دابینکردنی داهات.
هەڵاوسان دەبێتە هۆی لەدەستدانی تەندروستی و کاتی بەتاڵی خەڵک، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش پێویستە کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان لە پێشینەی کارەکانی حکومەت بێت.
رۆژنامە عەرەبییەکان
سەباح
مقاوەمە ئیسرائیلی ناچار بە ئاگربەست کرد
مقاوەمەى لوبنانى کە حزبوڵای لوبنان نمایندەى دەکات، ئیسرائیلی ناچار بە ئاگربەست کرد، بەتایبەت دوای ئەوەى لەلایەن دەسەڵاتدارانى بەیروتەوە رێککەوتنەکە گۆڕانکاری تێداکرا و چەند خاڵێکى تێدا لابران کە لەبەرژەوەندیی ئیسرائیل بوون.
رێککەوتنى ئاگربەست دوای زیاتر لە ساڵێک لە رووبەڕووبوونەوەی سەربازیی و جەنگ و ململانێی و نزیکەى چوار هەزار کوژراو کە زۆرینەیان ن و منداڵانن، ئیسرائیلی ناچار بە ملدان کرد بۆ ئاگربەست، بەرەى مقاوەمە نەشیهێشت لەشکرکێشی زەمینى بۆ سەر خاکى لوبنان ئەنجامبدات و پاشەکشەى پێکرد.
شەرقلئەوسەت
تاران ئامادەیە لەگەڵ واشنتن دانوستان ئەنجامبدات
حکومەتی ئێران ئامادەیی خۆی نیشاندا لەگەڵ واشنتن و وڵاتانى رۆژئاوا دانوستان ئەنجامبدات، بەڵام بەو مەرجەى متمانە بسەلمێنن و پابەندى فەرمانەکانی عەلی خامنەیی، رێبەرى باڵابن.
دوای ئەوەى ئێران لەگەڵ هەریەکە لە فەرەنسا و بەریتانیا و ئىڵمانیا لە جنێفی پایتەختى سویسرا، پاش رەخنەکەى ئاژانسی ووزەى ئەتۆم دۆسیەی ئەتۆمیی تارانیان تاوتوێ کرد، فاتیمە موهاجرانى، گوتەبێژی حکومەتى تاران گوتى، رۆڵی تاران لەو گفتوگۆیەدا بەئاڕاستەى ئەو بەرژەوەندییانە بووە کە رێبەری باڵا فەرمانى کردووە.
دەشڵێت، رێککەوتن لەگەڵ واشنتن، پێویستى بە رێز و بونیادنانى متمانە هەیە، ئەوەش تەنها بە قسەی بێکردەوە ئەنجام نادرێت.
مەدا
دوای ئاگربەستى لوبنان ملیشیاکانی عێراق هێرشەکانیان رادەگرن؟
چاوەڕواندەکرێت لە کاتژمێرەکانى داهاتوودا ئیسرائیل گورزى سەربازیی لە عێراق بووەشێنێت، هیوایەکى لاوازیش ماوە کە تارمایی ئەو جەنگە لە عێراق دووربخرێتەوە.
شارەزایان و میدیاکان لە پێگە ئەلیکترۆنییەکانەوە، هۆشدارییاندا بە عێراق لە هەندێک ناوچە و پێگە دووربکەوێتەوە کە رەنگە بکرێتە ئامانج، شیکارییەکانیش باس لەوە دەکەن، رەنگە هێرشەکان و بە ئامانجگرتنە چاوەڕوانکراوەکانى ئیسرائیل چەند پێگەیەکى گرووپ و میلیشیا چەکدارەییەکان بگرێتەوە.
پێدەچێت هەموو رێکارە دیپلۆماسییەکان بۆ ئەو هێرشە چاوەڕوانکراوەى ئیسرائیل کۆتایی پێهاتبێت، ئیلینا رۆمانۆویسکی، باڵیۆزى ئەمریکا لە بەغداد، دەڵێت، ئیسرائیل هۆشداریی داوەتە عێراق لەو گروپە چەکدارییانەى هێرش بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامدەدەن، پێشتریش حکومەتى عێراقمان راسپاردووە، جڵەوى ئەو گروپانە بکات.
دەشڵێت، ئیسرائیل نەتەوەیەکە خاوەن سەروەرییە و لە هەرشوێنێک دەسترێژییان بکرێتەسەر، وەڵامی دەدەنەوە.
عەرەب
لە هەرێمی کوردستان قوربانییەکانی مادەی هۆشبەر لە داعش زیاترن
حکومەتى هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، بە چەندین شێوە بەرەنگار و رووبەڕووی دیاردەى بازرگانیکردن و بەکارهێنانى مادەى هۆشبەر بوونەتەوە، دوای ئەوەى دیاردەکە بووەتە مایەى دروستبوونى مەترسی جدیی، مەترسییەکەش سەرجەم ناوچەکانى عێراقی گرتووەتەوە، بەشێوەیەک هەندێک لە بەرپرسان، ئەم دیاردەیە بە مەترسیدارتر لە هەڕەشە و مەترسییەکانى تیرۆر و داعش ناوى دەبەن و دەڵێن قوربانییەکانى لەوان زۆرترن.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
ئیسرائیل قایل بوو ئاگربەست لەگەڵ حزبوڵادا رابگەیەندرێت
ئیسرائیل قایل بوو لە شەڕەکەی بەرامبەر بە حزبوڵا ئاگربەست رابگەیەندرێت. ناوەڕۆکی ئاگربەستەکە ئەوەیە کە هەردوولا لە سنوری باشوری لوبنان بکشێنەوە. جێگە دەستی ئەمریکا بە گەیشتن بە ئاگربەستەکەوە دیارە. جۆ بایدنی سەرۆکی ئێستاش بە تەواوی پشتیوانیی لێکردووە. لە کاتژمێر دووی بەرەبەیانیی ئەمڕۆوە خراوەتە بواری کارپێکردنەوە. بایدن دەڵێت دەکرێت ئەم ئاگربەستە ببێت بە هەنگاوێک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکەی ناو کەرتی غەزەش.
گاردیەن
ناڕێکی لە کاتی نوستندا مەترسی بۆ سەر دڵ دروستدەکات
لیکۆڵینەوەیەکی نوێ دەڵێت ئەو نەخۆشانەی کە ناتوانن لە کاتێکی دیاریکراودا بچنە ناو جێگە بۆ نوستن و لە کاتێکی دیاریکراویشدا بێدارببنەوە، ئەگەرەکانی تووشبونیان بە جەڵتەی دڵ بە رێژەی 26٪ زیاددەکات. تەنانەت بۆ ئەو کەسانەش کە تەواوی شەویان بە نوستن بەسەردەبەن.
لێکۆڵینەوەی پێشووتریش هەن کە کاریان لەسەر پەیوەندییەکانی نێوانی ژمارەی کاتژمێرەکانی نوستن و کاریگەرییە تەندروستییەکانی ئەو کاتژمێرانە کردووە. بۆیە بە هەموو لێکۆڵینەوەکان دەگەن بە ئەو ئەنجامەی بڵێن پێویستە هەموو تاکێکی مرۆڤ لە شەو و رۆژێکدا ماوەی حەوت بۆ نۆ کاتژمێری هەبێت کە نوستبێت و بە تەواوی چاوی داخرابێت.
فاینەنشیەڵ تایمز
دەرگاکانی بازاڕی گۆشت و قیمە فرۆشتنەکەی سمیسفیڵد لە لەندەن دادەخرێن
ئەو وێنەیە سەر لاپەڕەی یەکەم مێژووییە و بەروارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1920. گۆشت و قیمەفرۆشەکانی بازاڕی قەسابییەکەی سمیسفیڵدن لە لەندەن. ئێستا کە 104 ساڵ بەسەر کاتی گرتنی ئەو وێنەیەدا تێپەڕ دەبێت. دوێنێ کۆمپانیا گەورەکەی خاوەنی ئەو بازاڕە بڕیاریداوە دەرگاکانی ئەم بازاڕە مێژووییە دابخات. ئەگەرچی لە سەدەی 12ـەوە کارکردن لەم بازاڕەدا دەستیپێکردووە و تا دوێنێ درێژەی هەبووە. بڕیارە ئەم بازاڕە و بازاڕی بیڵینگسگەیتی تایبەت بە ماسیفرۆشتن پێکەوە دابخرێن و لە ناوچەی دەیگنهام شوێنێکی گونجاو بۆ هەردووکیان بکرێتەوە. بەڵام کارکردن لەم بازاڕانەدا تا ساڵی 2028 رێگەپێدراودەبێت بۆئەوەی گۆشتفرۆشەکان بتوانن بە ئاسانی شوێنی کارەکەیان بگوێزنەوە بۆ بازاڕە نوێیەکە.
ئۆرشەلیم پۆست
لە مردن نەدەترسام، ترسی ئەوەم هەبوو زەوتم بکەن
تالی بینەر یەکێکە لەو ژنانەی کە لەناو بەبارمتەگیراوەکانی حەوتی ئۆکتۆبەردا دەرباز بووە، لە لێدوانێکیدا گەواهی لەبارەی ئەوەوە دەدات، کە لەکاتی پەلاماردانی شوێنی ئاهەنگە مۆسیقییەکەدا ئاگاداری ئەوەبووە، چەندان کەس لە گیراوەکان گێچەڵی جنسییان پێکراوە و زەوت کراون. تالی لە کۆنفرانسێکدا قسەی بۆ ئامادەبووان کرد، کە رێکخراوی کارکردن لەسەر قەیرانی زەوتکردن لە ئیسرائیل رێکیخستبوو. تالی نەخۆشەوانێکی ژووری نەشتەرگەرییە، رۆژی ئاهەنگە مۆسیقییەکەی سوپەرنۆڤای حەوتی ئۆکتۆبەر ماوەی حەوت سەعات خۆی لەناو کەرەڤانەیەکدا شاردووەتەوە. دەڵێت بەگوێرەی ئەو دەنگانەی لە کاتی پەلامارەکاندا بیستویەتی زۆر دڵنیایە ئەوەی کە لەو گۆڕەپانەدا روویداوە زەوتکردنی ژنان بووە. بینەر دەڵێت زەوتکردنی زۆرەملێی هەر تەنها یەک دەنگی هەیە. خۆشی دڵنیایە ئەو رۆژە لەو دەنگەی زۆر بیستووە.
رۆژنامە تورکییەکان
یەنی شەفەق
ئەڵمانیا ئامادەکاری بۆ وەرگرتنى پەنابەری نوێ دەکات
بەهۆی درێژەپێدانی شەڕی روسیا و ئۆکرانیا و گرژیی رووداوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەڵمانیا ئامادەکاری بۆ وەرگرتنى پەنابەری نوێ دەکات.
حکومەتى ئەڵمانیا دوو هەزار شوێنی پەناگە دەکاتە شوێنی مانەوەى پەنابەرە نوێیەکان، ئەم پەناگەیانە پێشتر لە جەنگیی دووەمی جیهانیدا سەربازە ئەڵمانەکان وەک جبەخانە و شوێنی پەناگە بەکاریان هێناوە. بەدەر لەوەش حکومەتى ئەڵمانیا هەندێ باڵەخانەى حکومی و وێستگەى شەمەندەفەر دەکرێنە شوێنی داڵدەدانی پەنابەران لەو وڵاتە. بەگوێرەى زانیارییەکان حکومەتی ئەڵمانیا بە مەبەستی خۆ ئامادەکردن بۆ پەنابەران پلانێکی هەزار لاپەڕەیی ئامادەکردووە و راهێنانی بە پاسەوانی تایبەت کردووە.
ئەکشام
سوپای تورکیا 302 کیلۆمەتری لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان کۆنتڕۆڵ کردووە
لەپاش 32 مانگ لە بەردەوامی ئۆپراسیۆنی چنگ-قفڵ لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان لەدژى پارتی کرێکارانی کوردستان سوپای تورکیا 302 کیلۆمەتری لەناوچەکە کۆنتڕۆڵ کردووە و ناوچەی زاپ بە تەواوی کۆنتڕۆڵ کراوە.
ئۆپراسیۆنەکە لە ساڵى 2019 دەستپێکردووە و تائێستاش تورکیا 50 بنکەى سەربازی لەناوچەکە دروست کردووە.
یەنیچاخ
هەڵاوسانی خۆراک لە بەرزبوونەوە دایە
بەگوێرەى ئامارەکان هەڵاوسانی ساڵانە بۆ خۆراک گەیشتووەتە 67.1% هەڵاوسانی سەوزەوات گەیشتووەتە 142%، تێچووی سورکردنەوەى هێلکەورۆنێک بە تەماتەوە لەماوەى ساڵێکدا 102 % زیادیکردووە و گەیشتووەتە 88 لیرەى تورکیا کە دەکاتە نزیکەى سێ دۆلاری ئەمریکی.
بەگوێرەى ئامارەکان لەمانگی تشرینی دووەمدا نرخی خۆراک بە رێژەى سەدا 6.9بەرزبووەتەوە.
لە 64 جۆر خواردنی سەرەکی کە رۆژانە هاوڵاتیان بەکاریدەهێنن لەماوى ساڵێکدا بە رێژەى 67.1 بەرزبووەتەوە. واتە ئەو سەپەتەیەی لە مارکێتەکاندا بە 630 لیرە پڕکراوە لەمڕۆدا بۆتە هەزار و 55 لیرە.
یەنی ئاسیا
%93ـی خەڵکی تورکیا لە شارەکاندا دەژین
بەگوێرەى راپۆرتێکی نوێ کە پشتی بە سەرژمێری ساڵی 2023 دا بەستووە، %93ـی دانیشتوانی تورکیا و باکووری کوردستان لە شارەکاندا دەژین، ئەمەش پەستانێکی زۆری لەسەر شارەکان دروست کردووە.
سەرژمێری ئیستەنبوڵ وەک گەورەترین و قەرەباڵەخترین شار لەو وڵاتە گەیشتووەتە 15 ملیۆن و 655 هەزار کەس، بەم ژمارەیە بێت ژمارەی دانیشتوانی ئیستەنبوڵ لە ژمارەی دانیشتوانی هەندێک وڵات زیاترە.