بە چەند کاتژمێرێک پێش یارییەکەى بەرامبەر فینۆرد، مانچستەر سیتى بەهۆى پێکانەوە جۆن ستۆنز لەدەستدەدات.
رۆژنامەى مانچستەر ئیڤنینگ نیوز بڵاویکردەوە، جۆن ستۆنزى بەرگریکارى مانچستەر سیتى بەشدارى دوایین راهێنانەکانى نەکردووە، بەمەش بەڕێژەیەکى زۆر بەشدارى یارییەکەى ئەمشەوى بەرامبەر فینۆرد لە چامپیۆنز لیگ ناکات.
ستۆنز لە یارى رابردووى پریمەر لیگ بەرامبەر تۆتنهام لە نێوان دوو تایمى یارییەکەدا گۆڕانکارى پێکرا و ئەمەش گومانى لەبارەى پێکانەکەیەوە درووستکردووە.
بەهۆى پێکانەکانیەوە، ستۆنزى ٣٠ ساڵ بەشدارى ١١ یاریى کردووە لەم وەرزەدا، کە تەنیا لە حەوت یارییاندا سەرەکى بووە.
بەم دواییانە پێکانەکان بەرۆکى مان سیتییان کردووە، کە نوێترینیان پێکانى ماتیۆس کۆڤاسیچ و رۆبن دیاز و جیریمى دوکۆ بوون، ئەمە بێجگە لەوەى رۆدرى و ئۆسکار بۆب ماوەیەکى زۆرە بەهۆى پێکانەوە دوورکەوتوونەتەوە.