زووم..
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق بە زوومی راگەیاند، بەغداد رەزامەندی داوە بە خەرجکردنی دوو ترلیۆن و 289 ملیار دینار بۆ مووچەی سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵی مووچەخۆرانی هەرێم، بەڵام مەرجێکی بۆ حکومەتی هەرێم داناوە لەبەرامبەر ناردنی ئەو بڕە پارەیە.
سەرچاوەکە دەڵێت، بۆ هەر مانگێک بەغداد 763 ملیار دینار بۆ حکومەتی هەرێم دەنێرێت بەمەرجی رادەستکردنی داهاتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم.
ئەو بڕە پارەیەی بەغداد دەینێرێت بەشی دابەشکردنی مووچە ناکات و بۆ هەر مانگێک 233 ملیار دینار کورتهێنان دەبێت، بەوپێیەی دابەشکردنی مووچە پێویستی بە 996 ملیار دیناری مانگانە هەیە.
ماوەی 24 رۆژە لیستی مووچەی مانگی 10 لە بەغدادە و ئەمڕۆش وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی مووچەی مانگی 11ـی رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرد.
دواینجار مووچەخۆرانی هەرێم مووچەیان وەرگرت لە رۆژی 18-10-2024 بوو کاتێک دەستکرا بە دابەشکردنی مووچەی مانگی نۆ.