زووم..
رۆژنامە فارسییەکان
ئارمانی ئێمروز
دۆسیەی توماج ساڵحی داخرا
دادگای ئیسفەهان رایگەیاند، دۆسیەی توماج ساڵحی بەندکراوی سیاسیی ناسراوی ئێرانی داخراوە.
مستەفا نیلی، پارێزەری ئەو زیندانییە سەبارەت بە دۆخی دۆسیەکەی گوتی، دوای پووچەڵکردنەوە سزای سێدارەی پێشووی دادگای باڵا، دۆسیەکە رەوانەی دادگای ئیسفەهان کرا و ئەم لقە بە بڕیارێک دۆسیەی پەیوەندیدار بە ناڕەزایەتییەکانی ساڵی 2022ـی داخست.
هەروەها دۆسیەی چالاکییەکانی پرۆپاگەندە دژی حکومەت که لەسەر ساڵحی تۆمار کرابوو هەڵوەشاوەتەوە و له ئەنجامدا کۆتایی هاتنی سزای زیندانەکەی بەمزووانه رادەگەیەنرێت.
روزگار
هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی وزەی ئەتۆم و رۆژئاواییەکان هەڵە بوو
ئیبراهیم رەزایی، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران، هاوکاریی ئێران لەگەڵ ئاژانسی وزەی ئەتۆم و وڵاتانی رۆژئاوای بە سیاسەتێکی هەڵەزانی بۆ بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئەو وڵاتە.
ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە گەڕاندنەوەی گەمارۆکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر ئابووری ئێران نابێت و گوتی، کشانەوە لە پەیمانی قەدەغەی چەکی ئەتۆم یەکێکە لە رێگاچارە ئەگەرییەکانی ئێران.
ناوبراو باسی لەوەش کرد، کە هاوکاریی وڵاتانی رۆژئاوا ناتوانێت چارەسەرێکی کاریگەر بێت بۆ کێشەکانی ئێستای ئێران.
ئەبراری ئیقتسادی
رۆژانە یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی ئێران بۆ چین هەناردە دەکرێت
دادگای وردبینی و حیساباتی ئێران رایگەیاند، لە نۆ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، نزیکەی 350 ملیۆن بەرمیل نەوت بە کەشتی له رێگەی دوورگەی مالیزیا گواستراوەتەوە کە بەهاکەی زیاتر لە 20 ملیار دۆلارە.
ئەم نەوتە بە شێوەیەکی سەرەکی لە ئێرانەوە وەردەگیرێت و لە رێگەی کەشتیی بەناو “بەلەمی شاراوە” دەگوازرێتەوە بۆ چین کە چاودێری نێودەوڵەتی لەسەری نییه.
ئەم پرۆسە ناشەفافە بە هۆی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانی سەر ئێران دروست بووە، دادگای وردبینی ئێران رەخنەی لە کۆنەکردنەوەی داهاتەکانی ئەم فرۆشتنانە هەیە.
لەم رێگایەوە چین نەوتی ئێران بە نرخێکی کەم دەکڕێت بەڵام بە شێوەی فەرمی زیاتر لە دوو ساڵە هاوردەی نەوتی یاسایی لە ئێرانەوە بۆ چین راگیراوە.
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
ئێران لەگەڵ بەشێک لە وڵاتانى ئەوروپا کۆدەبێتەوە
وابڕیارە رۆژى هەینى داهاتوو, شاندێکى دانووستانى ئێران لەگەڵ بەشێک لە وڵاتانى ئەوروپى لە جنێف کۆببنەوە، وەک رۆژنامەکە ئاماژەى پێکردووە، بریتى دەبن لە فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا کە بەشێکن لە پارێزەرانى بڕیارەکانى ئاژانسی وزەى ئەتۆم و ئەمریکا دەیەوێت ئاڕاستەیان بکات بۆ ئەوەى لە بارەى پەرەپێدانى ئەتۆمەکەیەوە ئێران تاوانبار بکەن.
رۆژنامەکە نوسیوویەتى هەرچەندە ئەستەمە لە ئێستاوە وردەکارییەکانى ئەو کۆبوونەوەیە پێشبینى بکرێت، بەڵام بە ئەگەرێکى زۆرەوە باس لە خێراکردنى پیتاندنى یۆرانیۆمەکەى ئێران لە پلەى یەکەمدا دەبێت.
سەباح
عێراق ئۆتۆمبێلی کارەبایی بەقیست دەدات بە هاووڵاتیان
عەلى کەریم بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەکانى دەستەى پیشەسازیی سەربازیی عێراق رایگەیاند، پرۆژەى دروستکردنى ئۆتۆمبێلى کارەبایی لە نێو کارگەکانى دەستەکەیاندا گەشتووەتە 90%.
گووتی، ساڵی داهاتوو یەکەم بەرهەم نمایش دەکەین کە لەچەند جۆرە ئۆتۆمبێلێک پێکدێت. راشیگەیاند، دەستەکەیان لە توانایدا هەیە مانگانە دوو هەزار ئۆتۆمبێلى کارەبایی بەرهەم بهێنێت، کە ئەو ئۆتۆمبێلانە حەوت جۆری جیاوازن و پڕکردنەوەى پاتریەکانیشیان لەنێو بەنزینخانەکاندا دەستەبەردەکرێت، هەموو ئۆتۆمبێلەکان گرەنتى یەک ساڵیان هەیە و نرخەکانیشیان لە پێنج ملیۆن دینارى عێراقییەوە دەستپێدەکات و هەرکەسیش بیەوێت دەتوانێت بە شێوازی قیست لەدەستەکەى بکڕێت.
عەرەب
شیعەکانى لوبنان لەنێوان ئاژاوەى ئیسرائیل و پەراوێزخستنى ناوخۆییاندا ماونەتەوە
موهەند حاجى عەلی یەکێک لە ئەندامە دیار و بەرجەستەکانى دامەزراوەى -شەرقلئەوسەت- لە بەیروت بە ئاژانسى ئەسۆ شەیتدپرێسى راگەیاندووە، شیعەکانى لوبنان سزاى بەکۆمەڵ دەدرێن، ناوچە شوێنەواریی و مێژویی و دیارەکانیان تێکدەدرێت، دەیان کەسی شیعە دەکرێنە ئامانج و دەکوژرێن، هێرش دەکرێتە سەر ئەو ناوچانەى کە مەسیحی و سوننە و درۆزییەکانی تێدا نیشتەجێن لەبەرئەوەى شیعەکان پەنایان بۆ بردووە، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەى بەشێک لە هاووڵاتیان هاوسۆز نەبن لەگەڵیاندا و پەنایان نەدەن، لەبەر ئەوەى ترسیان هەیە پەیوەندییان لەگەڵ حزبوڵاى لوبنان دا هەبێت و بکرێنە ئامانج.
بەشێک لە دانیشتووانى ئەو شوێنانەى کە لە لایەن ئیسرائیلەوە هێرشیان دەکرێتە سەر، حزبوڵا تاوانبار دەکەن و بەشێکى زۆریش لە دامەزراوە حکومییەکانیش خۆیان لە ئەندامانی شیعە دەپارێزن لە ترسی ئەوەى نەکرێنە ئامانجی هێرشەکانى ئیسرائیل، رۆژنامەکە نوسیویەتى ئامانجی ئیسرائیل تێکدانى پەیوەندییەکانى پێکهاتەکانى لوبنانە و لەوبوارى ناوکۆکی دروستکردنى نێوان پێکهاتەکانیشدا مێژوویەکى دورودرێژى هەیە .
دەستور
825 قوتابی دابڕاو گەڕێنراونەتەوە قوتابخانەکانیان
کازم عەتوانى بەڕێوەبەری فەرمانگەى پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە وەزارەتى کار رایگەیاند، وەزارەتەکەیان لەم ساڵانەى دواییدا سەرکەوتوو بووە لە کەمکردنەوەى ژمارەى منداڵانى کارکەر، لەو رێگەیەشەوە پشتیوانى کردوون تا بگەڕێنەوە نێو هۆڵەکانى خوێندن، پەیوەندی بکەنەوە بە قوتابخانەکانیانەوە.
راشیگەیاندووە لە ساڵی 2019 ـەوە دەستکراوە بە پرۆژەکە و 825 قوتابییان گەڕاندووەتەوە و تەنها لە ساڵی 2024 دا 152 قوتابى گەڕێنراونەتەوە کە بەهۆی خراپی بژێوییان دەستیان لە قوتابخانە هەڵگرتبوو.
عەتوانى گوتوشیەتى، بۆ سەرکەوتنى پرۆسەکە لەسەرتاسەرى عێراق و لە ماوەى پێنج ساڵی رابردوودا 735 خولى راهێنانیان کردووەتەوە بۆ ئەومنداڵانە و دوریان خستونەتەوە لەکارکردن و گەڕاندونیانەتەوە بۆ قوتابخانەکانیان.
بەگوتەی ناوبراو وەزارەتەکەیان 4600 ئاگادارکردنەوەى داوەتە خاوەنکارەکان لەماوەى ئەو پێنج ساڵەدا کە منداڵان نەخەنە بوارى کارکردن لە ژێر هیچ پاساوێکدا و بۆ ئەو مەبەستەش تەنها لە ساڵی 2024 دا 498 سەردانى مەیدانییان کردووە و لە دژى خاوەنکارەکان 41 رێککاری یاساییان گرتوەتەبەر.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
گاردیەن
لەوانەیە ئەمڕۆ ئیسرائیل بڕیاری خۆی دەربارەی ئاگربەست لە لوبناندا بدات
بڕیارە ئەمڕۆ، کابینەی کاروباری ئاسایشی ئیسرائیلی کۆبونەوەیەک ئەنجامبدات، بۆئەوەی بتوانێت بڕیاری خۆی لەبارەی راگەیاندنی ئاگربەست لە لوبنان دەربکات.
ئەم راگەیاندنی ئاگربەستە ئەگەر بگات بە ئەنجام، کۆتایی بە شەڕێک دەهێنێت، کە ماوەی ساڵێکە لەگەڵ گروپی حزبوڵادا درێژەی هەیە.
بەپێی ئەو رێکەوتنی ئاگربەستە دەبێت هێزەکانی سەر بە سوپای ئیسرائیل لە تەواوی ئەو خاکانەی لوبنان پاشەکشەبکەن، کە لەماوەی ئەم شەڕەی دوواییدا دەستیان بەسەریاندا گرتووە، هەروەها دەبێت حزبوڵاش هەموو چەکە قورسەکانی خۆی بکشێنێتەوە بەرەو باکور بۆ دیوی ئەودیوی روباری لیتانی، ماوەی 16 کیلۆمەتر لە سنوری ئیسرائیل دووریان بخەنەوە.
تایمز
ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی گەنجی بەریتانی پەنا بۆ دانانی منداڵی بلوری دەبەن
ژمارەیەکی زۆر لە ئەو ژنە بەریتانییانەی تەمەنیان لە 30 ساڵاندایە و منداڵیان نییە، پەنا بۆ چارەسەری دانانی منداڵی بلوری دەبەن، بۆئەوەی کارێک بکەن ئایندەی خۆیان مسۆگەر بکەن و منداڵێکیان هەبێت، بە تایبەتیش پاش ئەوەی کە تەنها دەکەونەوە.
ژمارەی ئەو ژنانە زۆر بەرزبۆتەوە، کە تۆو لە بەخشەرێکەوە وەردەگرن و چارەسەری (ئای ڤی ئێف)ـی پێدەکەن. لە ساڵی 2012ـدا ژمارەی ئەو ژنانەی کە ناویان تۆمارکراوە پەنایان بۆ ئەم چارەسەر بردووە بریتی بووە لە 1400 کەس، بەڵام دەساڵ پاش ئەوە، ژمارەیان بەرزبۆتەوە بۆ 4800 ژن.
پسپۆران زیادبوونی ئەم دیاردەیە وەک ئاماژەیەک بۆ لاوازبوونی رایەڵی کۆمەڵایەتی دەبینن. ئەو ژنانەی کە تەمەنیان گەشتووە بە 35 ساڵ و هاوسەریان هەیە و منداڵیان نابێت رێژەیەکی زۆریان پەنا بۆ وەرگرتنی ئەم چارەسەر دەبەن، بەڵام ژمارەیەکی تریشیان هەن، کە بە تەنها دەژین و بۆ دەربازبوون لە تەنیاییەکەیان منداڵی بلوری دادەنێن.
دەیلی تەلەگراف
چەند گەشتیارێکی لەنێو ئەو یەختەدان کە لە دەریای سوور نقوم بوو
دەگوترێت، بەلای کەمەوە دوو هاووڵاتیی بەریتانی لەنێو ئەو گەشتیارانەدان، کە بە هۆی نووقمبوونی یەختێکەوە لەنێو دەریای سووردا وونبوون. ئەو یەختەی کە ژێرئاو کەوتووە 31 گەشتیاری سەرنشینی لەسەربووە، لەو ژمارەیە تا ئێستا 16 کەسیان بێ سەروشوێن بوون و هیچ شتێک لەبارەی چارەنووسیانەوە نازانرێت. 14 کەس لە سەرنشینەکان دەستەی کارپێکردنی یەختەکەن. دوێنێ پێش ئەوەی ژێرئاو بکەون چەند ئاماژەیەکیان ناردووە، کە داوای فریاکەوتنیان کردووە. پۆلیسی فریاکەوتنی میسری دەڵێت هەڵمەتێکی هاوبەشی خێرای فریاکەوتنیان ئەنجامداوە و تا شەوی رابوردوو توانیویانە 25 کەسیان بگەڕێننەوە.
عەرەب نیوز
دوو خوشک، کە بە پێکەوەلکاوی لەدایک بوون بەجیا گەڕانەوە بۆ ریاز
20 ساڵ دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەریی لێک جیاکردنەوەیان دوو خوشکی فلیپینی گەڕانەوە بۆ ریازی پایتەختی سعوودیە و سەردانی ئەو تیمە پزیشکییەیان کرد کە نەشتەرگەریی جیاکردنەوەکەیان بۆ ئەنجامدابوون.
ئەو دوو خوشکە ناویان شازادە ئان و شازادە مای مانزۆیە، خەڵکی شاری ماودانن لە هەرێمی سیبۆی فلیپینی. 20 ساڵ پێش ئێستا شانشینی عەرەبیی سعوودیە گرتنەخۆی و نەشتەرگەریی جیاکردنەوەی لەشە پێکەوەنوساوەکەی بۆ ئەنجامدان. دکتۆر عەبدوڵا ئەلڕەبیعە ئەو پزیشکە بوو، کە سەرۆکایەتیی تیمی نەشتەرگەرییەکەی کرد و لە نەخۆشخانەی پاسەوانی نیشتمانی لەیەکتری جیاکردنەوە. ئەم دوو خوشکە بۆئەوە گەڕاونەتەوە سعودیە بەشداریی لە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتیی دووانە پێکەوەلکاوەکاندا بکەن کە بڕیارە لە ریاز ئەنجام بدرێت.
رۆژنامە تورکییەکان
یەنیبیرلیک
توندوتیژی دژی ژنان وەحشەتگەرییە، دراماکان رۆڵی خراپ دەبینن
بەبۆنەی رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، چەندین گوتار و چالاکی بەڕێوەچووە، لەئێستادا سەرۆککۆمار نیگەرانە لە رۆڵی سینەماو درمای تورکی بەتایبەت لەسەر پرسی توندوتیژی دژی ژنان و ئەو پێی وایە کە هاندان و تەشویقی توندوتیژی دژ بە ژنان لە دراماو سینەمای تورکیدا زۆرەو لەو بارەیەوە دەڵێت، دەبێت چیتر کەرتی سینەماو دراما بەخۆیاندا بچنەوە، دراماکان لەبری ئەوەی هۆکارێک بن بۆ بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگە و رۆشنکردنەوەیان، تەواو بەپێچەوانەوە شەرعیەت دەدەن بە توندوتیژی و هانی دەدەن و دەبنە هۆکارێکیش بۆی.
ئایدنلیک
بەخششەکانی بومەلەرزە هەمووی بۆ دەمپارت رۆیشتوون
رۆژنامەی ئایدنلک، بانگەشەی ئەوە دەکات کە رێکخراوی عەلەوییەکانی ئەڵمانیا لە دوای بومەلەرزەکەی 6ـی شوباتەوە، بەبیانووی ئەوەی کە دەوڵەت یارمەتی عەلەوییەکان نادات، کەمپەینێکی دەستپێکردووە لەژێر ناوی هاوکاری کردنی ئەو عەلەویانەی لە بومەلەرزەکەدا زیانیان بەرکەوتووە.
لەو هەڵمەتەدا 80 ملیۆن لیرەیان کۆکردووەتەوە، بەڵام دەرکەوتووە ئەو پارەیە بۆ هەدەپەی ئەوساو دەمپارتی ئێستا رۆیشتووە.
هەرچی فیدراسیۆنی یەکێتی عەلەویەکانە کە لقەکەیان لە ئەڵمانیایە تائێستا هیچ راگەیەندراوێکی نەبووە لەسەر چارەنووسی ئەو بڕە پارەیە ئاشکرا نەکردووە.
رێکخراوەکە لە 19-20ی تشرینی یەکەم کۆنگرەی خۆی بەست، هەرچی دەزگای چاودێریە رایگەیاند کە بە بڕی دوو ملیۆن و 250 هەزار ئیۆرۆ بەخشیشی و یارمەتی کۆکراوەتەوە بۆ زیانلێکەوتووانی بومەلەرزەکە، بەڵام لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە ئەو برە پارەیە بۆ کەسانێک رەوانە کراوە و بە دەستیش پێیان دراوە کە پەیوەندیان بە بومەلەرزەکەوە نەبووە.
میللیەت
تاکتیکی ئافرەتان بۆ ئەوەی پارێزراو بن
رێکخراوی تایبەت بە ژنانی نەتەوەیەکگرتووەکان لە تورکیا هەڵمەتێکی لەژێرناوی رۆشن بەرەوە بۆ ژنان دەستپێکردووە و ئاماژە بەوەش دەکرێت کە لە تورکیا ئافرەتان هەست بە ئارامی ناکەن.
بەپێی داتایەکی دەزگای ئامار و راپرسی تورکیا ناسراو بە تویکیش لە تورکیا لە ٪22 ژنان هەست بە دڵنیایی ناکەن لەسەدا 5.2 شیان زۆر هەست بە نادڵنیایی دەکەن.
لە تورکیا ژنان بەردەوام ژمارەی ئەو تەکسیانی بەکاریدەهێنن دەینێرن بۆ هاوەڵان و کەسوکاریان لەترسی رفاندنیان، ئەو ژنانەی کە شەوانیش لە شەقامدا دەڕۆن هێدفۆن ناکەنە گوێیان، ئەو ژنانەشی کە بەتەنیا دەژین لە بەردەم دەرگای ماڵەکەیاندا پێڵاوی پیاوان دادەنێن، کاتێکیش دیلیڤەرییان پێدەگات وا خۆیان نیشان دەدەن کە بەتەنیا نین لە ماڵەوە.
یەنیچاغ
کرێی دوکان فڕیوە، خاوەنپرۆژەی بچوک دەرگاکانیان داخستووە
لە ئیستانبوڵ 270 هەزار کاسبکار بەهۆی بەرزبوونەوەی خێرای کرێوە لە دۆخێکی ناهەمواردان و ناتوانن بەردەوامی بدەن بە کارەکانیان.
ئەو بینایانەی تازەکراونەتەوە لە٪ 100 بۆ لە ٪ 400 کرێکانی زیادی کردووە. ئەمەش وای کردوە زۆرێک لە کاسپکارەکان دوکانەکانیان دابخەن و بچنە شارەکانی تر دوکان بکەنەوە، هەرچی فایق یڵماز سەرۆکی ژووری کاسپکارانی ئیستانبوڵە ئاماژە بەوە دەکات کە لەدوای پرۆژەی شارسازی کە بیناکان دەروخێندرێن و تازە دەکرێنەوە، زۆرێک لە کاسپکارەکان ئیشەکانی خۆیان لەدەست داوە، یڵمازد دەڵێت، هەندەک لە کاسپکارەکان دەگوێزنەوە بە کرێیەکی بەرزەوە، بۆیە بەرگەی ئەم بەرزبوونەوەیەی کرێ ناگرن و ناچارن شوێنی کارەکەیان دابخەن، یان لە شارێکی تر دەیکەنەوە.