شێروانە لە شەقلاوەى بردەوە و خۆى لە پێشەنگى رێزبەندى جێگیرکرد، زاخۆش سێ خاڵى لە سەیدسادق وەرگرت.
لە گەڕى چوارەمى خولى نایابى تۆپى پێى کوردستان، یانەى شێروانە لە یاریگاى خۆیدا، میواندارى یانەى شەقڵاوەى کرد و بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ یارییەکەى لێبردەوە.
لە یارییەکى دیکەى هەفتەکەدا، یانەى زاخۆ لە بەردەم هاندەرانیدا سێ خاڵى بەدەستهێنا، دواى ئەوەى بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە یانەى سەیدسادقى میوانى بردەوە.
یارى نێوان هەردوو یانەى برایەتى و هەولێر، کە لە یاریگاى برایەتى بەڕێوەچوو، بە یەکسانى و بەبێ گۆڵ کۆتایى هات.
بەم ئەنجامانە، شێروانە بەکۆکردنەوەى ١٠ خاڵ پێگەى خۆى لە پێشەنگى ریزبەندى خولەکەدا جێگیرکرد، پێشمەرگەى هەولێر و پیشەسازى و زاخۆ و رزگاریش بە حەوت خاڵ و بەدواییەکدا لە پلەکانى دووەم تا پێنجەمدان.