زووم..
رۆژنامەی تایمزی بەریتانی بڵاویکردەوە، ترەمپ دەیەوێت لە رۆژی یەکەمی دەستەبەکاربوونیەوە هەموو ئەو سەربازانە لە ریزی سوپا ووربخاتەوە کە رەگەزی خۆیانیان گۆڕیوە.
رۆژنامەی تایمز دەڵێت، دۆناڵد ترەمپ دەیەوێت بەئاشکرا هەڵوێستی خۆی لەبارەی ئەو کەسانەوە رابگەیەنێت، کە رەگەزی خۆیانیان گۆڕیوە و دەڵێت، ئەوانە کەڵکی ئەوەیان نییە لەنێو ریزەکانی سوپای ئەمریکادا خزمەت بکەن، بۆیە دەیەوێت بڕیارێک دەربکات توندبێت، دڵنیابێت لەوەی لەپاش جێبەجێکردنی بڕیارەکەیەوە هیچ کەسێک لەنێو سوپای ئەمریکادا نەمابێت، کە رەگەزی خۆیی گۆڕیبێت.
چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار پێداگرییان لە راستیی ئەم هەواڵە کردووەتەوە و بە رۆژنامەکەیان گوتووە، زانیارییەکە راستە.
ترەمپ دەڵێت، هەر لە یەکەم رۆژی گەڕانەوەیدا بۆ نێو کۆشکی سپی، کە دەکاتە بیستەم رۆژی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی داهاتوو، ئەو بڕیارە دەربکرێت.
نزیکی 15 هەزار کەس لەنێو سوپای ئەمریکادا هەن، کە رەگەزی خۆیانیان گۆڕیوە، تائێستا بەردەوامن لە خزمەتکردن. ئەمانە هەموویان بە یەک بڕیاری پزیشکی لە سوپا دووردەخرێنەوە.
ترەمپ لە خولی پێشووی سەرۆکایەتیەکەیدا بۆ یەکەمجار ئەم باسەی وروژاند، بەو هۆیەوە لە رۆژانی 26 و 27ـی تەمموزی 2017ـدا خۆپیشاندانی جەماوەری لە شاری نیویۆرک و لەبەردەم بنکەی سەرەکیی پۆلیسدا رێکخرا و ئاستی دەربڕینی ناڕەزاییەکان لە دژی بڕیارەکەی ترەمپ هەڵکشان.