رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆی پەرلەماندا بەنهێنى باس لە هەڕەشەکانى ئیسرائیل دەکرێت
بڕیارە ئەمڕۆ بە سەرۆکایەتى مەحمود مەشهەدانى سەرۆکی نوێی پەرلەمان وەرزێکى نوێ لە خولى یاسادانان دەستپێبکاتەوە بەبێ ئەوەى لە ئەجێنداى کارى پەرلەماندا ئاماژە بە هەڕەشە و ئەگەرەکانى هێرشى ئیسرئیل بکرێت بۆ سەر عێراق، بەڵام سەرچاوەیەک لە پەرلەمانى عێراقەوە بە رۆژنامەى شەرقلئەوسەتى گوتووە بە نهێنى و دانیشتنى تایبەت گفتوگۆى لەبارەوە دەکرێت.
ئەوە لەکاتێکدا فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەى عێراق پێشتر رایگەیاندبوو هێرشکردنى ئیسرائیل لە هەموو کاتێک نزیکترە، ئەندامەکەى پەرلەمان جەختى کردوەتەوە هەڵوێستى پەرلەمان پشتیوانیکردنى پلانەکانى حکومەت دەبێت بە مەبەستى رێگریکردن لە هەر هێرشێک لە عێراقەوە بکرێتە سەر ئیسرائیل جارێکى دیکە و هەوڵەکانیش بۆ هەر ئەگەرێکى هێرشکردنى ئیسرائیل.
رۆژنامەکە باسی لەوەشکردووە، ئەو لایەنانە عێراقییانەى لە ئێرانەوە نزیکن و پێشتر هێرشەکانیان ئەنجامداوە لە دواى گرتنەبەرى رێککارەکانى سودانى و دەرکردنى ژمارەیەک بڕیاری ئەمنى و سەربازیی لە ئێستادا بێدەنگییان هەڵبژاردووە، بە دوریشى نەزانیوە هەڵبژادنى بێدەنگییەکەیان لە لایەن ئێرانەوە بووبێت، ئەوە لە کاتێکدا بەرپرسانى باڵاى ئێران داواى راگرتنى جەنگ و بەرقەرارکردنى ئاشتى دەکەن.
دەستور
عێراق بایی شەش ملیار دۆلار برنجی لە هیندستان کڕیوە
وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازیی هیندستان بڵاویکردەوە، لە مانگی نیسانى رابوردوو تا کۆتایی مانگی تشرینى دووەمى 2024 کڕینى برنج لە لایەن عێراقەوە بە رێژەى پێنج پۆینت 27 زیادیکردووە.
راشیگەیاندووە، ساڵانە بە بەهاى زیاتر لە شەش ملیار دۆلار برنج بە عێراق دەفرۆشێت، بەگوێرەى راپۆرتەکە 40%ى برنجی هەموو جیهان لە لایەن هیندستانەوە دابیندەکرێت و عەرەبستانى سعودیە و عێراق و ئیمارات لە ریزبەندی ئەو وڵاتانەدان کە زۆرترین برنجی لێدەکڕن.
راشیگەیاندووە، وڵاتەکەیان بە رێژەى 20% باجی هەناردەکردنى سەر برنجی لابردووە و لە سەر سێ جۆریش بە رێژەى 50% کەمیکردوەتەوە، راپۆرتەکە ئاماژەى بەوەشکردووە وڵاتەکەیان تەنها لە ساڵی 2024 دا بە بەهاى زیاتر لە 694 ملیار دۆلار برنجی فرۆشتووە.
عەرەبی جەدید
کاڵاى ئێرانى بازاڕەکانى ئەفغانستانى داگیرکردووە
نوسینگەى مەلا عەبدولغەنى برادەر جێگری سەرۆکوەزیرانى ئەفغانستان بۆ کاروباری ئابوریی بڵاویکردەوە، پەیوەندییە ئابورییەکانى نێوان وڵاتەکەى لەگەڵ ئێران لەوپەڕی پێشکەوتندایە و بەو هۆیەوە وڵاتەکەیان چیتر پێویستى بە کاڵای پاکستانى نەماوە.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە بەهۆی زۆری بەرهەمەکانى ئێران لە بازاڕەکانى ئەفغانستان کاریگەریی کەوتووەتە سەر کاڵا هیندى و پاکستانییەکان.
رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەشکردووە، بەهۆی هەرزانى نرخی کاڵا ئێرانیەکانیشەوە بازاڕەکان بە تەواوەتى بوژاونەتەوە. لە راپۆرتەکەدا هاتووە ئێران بە بڕی 1.3 ملیار دۆلار هەناردەى نانەوتى رەوانەى ئەفغانستان کردووە و پێنجەمین وڵاتیشە کە نەوتى بۆ هەناردە دەکات.
سەباح
لە عێراق پێنج هەزار کەس دادەمەزرێت
سەعد لامی گوتەبێژى ئەنجومەنى گشتى راژەى عێراق رایگەیاند، لەگەڵ وەزارەتى دارایی رێککەوتوون لەسەر دامەزراندنى پێنج هەزار کەس لەوانەى هەڵگری بڕوانامەى باڵا و یەکەمەکان و پێداویستى وەزارەتەکانن و بۆ ئەو مەبەستە هەماهەنگییان لەگەڵ لیژنە پەیوەندیدارەکانى پەرلەمانیشدا کردووە.
بەگوێرەى قسەکانى لامی ئەم پلە وەزیفییانە زۆرینەى ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە هەڵگری بڕوانامە تەندروستییەکانن و وەزارەتى تەندروستیش دۆسیە و ناوى 29 هەزار کەسى بۆ ناردوون، دواى ئەوەى دەستەکەیان وردبینییان تەواودەکات رەوانەى ئەنجوومەنى وەزیرانى دەکات بە مەبەستى رەزامەندییان.
گوتەبێژى ئەنجومەنى گشتى راژەى عێراق راشیگەیاند، راستەوخۆ لە دواى تەواوبوونى قۆناغى دووەم قۆناغى سێیەمیش دەستپێدەکات. لامی ئاماژەى بەوەشکردووە لە بوودجەى ساڵی 2023دا جێگەى ئەم پلە وەزیفییانە کراوەتەوە و هیچ بارگرانییەکى دارایی لەسەر حکومەت دروستناکات.
رۆژنامە فارسییەکان
مەردوم سالاری
شێوازی گواستنەوەی ئایدز لە ئێران گۆڕاوە
دوکتور عەباسیان، سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئایدز لە ئێران، باسی لە گۆڕانی شێوازی گواستنەوەی ئایدز لە وڵاتدا کرد و گوتی، پێشتر زۆربەی توشبووان لە رێگەی ئاڵوودەبوون و دەرزیەوە تووش دەبوون، بەڵام ئێستا گواستنەوە لە رێگەی پەیوەندی سێکسییەوە روو لە زیادبوون دەکات.
بەگوێرەی ئامارەکان ٪32ی تووشبووان ژنان و 68٪ی پیاوانن.
عەباسیان هۆشداریدا لەوەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکانی وەک ماریجوانا و ئەمفیتامین، گواستنەوەی ئەم ڤایرۆسەی خێراتر کردووە بە دروستکردنی رەفتاری سێکسی مەترسیدار.
روزگار
کارەبای ناوچە دەوڵەمەندنیشەکانی ئێران نابڕدرێت
زەهرا سادات لاجەوەردی، سکرتێری کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتیی پەرلەمانی ئێران، رەخنەی لە جیاوازیی چینایەتی لە پچڕانی کارەبادا گرت، کە بۆچی کارەبا لە ناوچە دەوڵەمەندەکانی باکووری تاران نابڕدرێت؟ ئایا هاوڵاتی پلە یەک و پلە دوومان هەیە؟
ناوبراو لە یاداشتێکدا کە ئاراستەی سەرۆککۆماری کردووە، ئاماژەی بە پچڕانی بەربڵاوی کارەباە کرد و رەخنەی لە بەرزبوونەوەی 38٪ی نرخی کارەبا گرت کە بووەتە هۆی ئەوەی هەژارەکان فشاری زیاتریان بکەوێتە سەر.
خوب
بەرپرسی ئاینیی بانکی ناوەندیی ئێران: لەسەر دراوە ئەلیکترۆنییەکان نەگەیشتینە ئەنجام
غوڵامڕەزا مسباحی موقەدەم، سەرۆکی ئەنجومەنی ئایینی بانکی ناوەندیی ئێران رایگەیاند، تا ئێستا نەگەیشتووینەتە ئەنجامێکی روون سەبارەت بە دراوی کریپتۆ و پرسانی ئەم بوارە تێگەیشتنی پێویستیان نییە.
ناوبراو دەڵێت، پێویستە مامۆستایانی ئایینی گرنگی بە پرسە نوێیەکان بدەن و بچنە بوارەکانی وەک فیقهی دراوی، فیقهی بانکی، بازاڕی سەرمایە، سەرچاوە داراییەکانی حکومەت و بنەماڵە و لە روانگەی فیقهەوە بابەتی نوێ بپشکنن بەمەبەستی وەڵامدانەوەی پێداویستییەکانی سەردەمی ئێستا.
باختەر
کرماشان توانای پێشوازی کردنی لە سێ ملیۆن گەشتیار هەیە
بەرپرسی گەشتوگوزاری کرماشان بە ئاماژەدان بە توانا جۆراوجۆرە مێژوویی، فەرهەنگی و سروشتییەکانی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، کە کرماشان توانای راکێشانی سێ میلیۆن گەشتیاری ساڵانەی هەیە، بەڵام بەدیهێنانی ئەم ئامانجە پێویستی بە دروستکردنی ژێرخانی گونجاو و بازاڕکردنی کاریگەر هەیە.
عەلیرەزا مورادی بیستۆنی بە ئاماژەدان بەوەی کە ئێستا ساڵانە یەک ملیۆن گەشتیار سەردانی کرماشان دەکەن، باسی لە کێشە و گرفتەکانی کەرتی شەمەندەفەر و هێڵی ئاسمانی کرد و داوای لە بەرپرسان کرد کە تۆڕی شەمەندەفەر و رێڕەوی فڕینی نێودەوڵەتی فراوانتر بکەن.
مورادی راهێنانی چالاکوانانی گەشتیاری و باشترکردنی کوالیتی خزمەتگوزاری و جوانکردنی شارەکان و دروستکردنی سەنتەری وەرزشی بە فاکتەرێکی گرنگ زانی بۆ پەرەپێدانی گەشتوگوزار.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
تایمز
ترەمپ هەموو ئەو سەربازانە لە ریزی سوپا دەردەکات کە رەگەزی خۆیانیان گۆڕیوە
دۆناڵد ترەمپ دەیەوێت هەڵوێستی خۆی لەبارەی ئەو کەسانەوە رابگەیەنێت، کە رەگەزی خۆیانیان گۆڕیوە.
دەڵێت ئەوانە کەڵکی ئەوەناگرن لەناو ریزەکانی سوپای ئەمریکادا خزمەتبکەن، بۆیە دەیەوێت بڕیارێک دەربکات توندبێت، دڵنیابێت لەوەی لەپاش جێبەجێکردنی بڕیارەکەیەوە هیچ کەسێک لەناو سوپای ئەمریکادا نەمابێت، کە رەگەزی خۆیی گۆڕیبێت.
چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار پێداگرییان لە راستیی ئەم هەواڵە کردۆتەوە و بە تایمزیان گوتووە، راستە.
دەشڵێت، هەر لە یەکەم رۆژی گەڕانەوەیدا بۆ ناو کۆشکی سپی، ئەو بڕیارە دەردەکات.
نزیکی 15 هەزار کەس لەناو سوپای ئەمریکادا هەن، کە رەگەزی خۆیانیان گۆڕیوە، ئەمانە هەموویان بە یەک بڕیاری پزیشکی لە سوپا دووردەخرێنەوە.
دەیلی تەلەگراف
زریانی بێرت لە بەریتانیای دا
زریانی بێرت چەند ناوچەیەکی شانشینی یەکگرتووی گرتەوە، بووەهۆی کوشتنی چوار کەس.
خێرایی زریانەکە 113 کیلۆمەتر بوو لە یەک کاتژمێردا. بەو هۆیەوە بایەکی بەهێز هەڵیکرد و لافاویش لە چەندان شوێنک هەستا.
ژمارەیەکی زۆری لە هاووڵاتیان ناچارکرد، ماڵەکانی خۆیان بەجێبهێڵن، دانیشتوانی دیڤۆن و وێڵز بەشێوەیەکی تایبەتتر بەهۆی زریانەکەی دوێنێووە زیانمەند بوون. وا چاوەڕوواندەکرێت ئەمڕۆ کەشوهەواکە لە چەند ناوچەیەکی تریس خراپتر بێت.
میترۆی بەریتانیا
ئیتر بەسە!
لە جیهاندا هەر 11 خولەک جارێک ژنێک یان کچێک لەناو ماڵەکانی خۆیاندا دەکوژرێن.
کاتی ئەوە هاتووە جموجوڵێک دەست پێبکرێت، بۆ کۆتاییهێنانی بە پەتای کوشتنی ژنان و کچان.لەم ساڵانەی دوواییدا توندوتیژیی دژی ژنان ئاستێکی بەرزی تۆمارکردووە. ئامارەکان مرۆڤ تووشی حەپەسان دەکەن. رێژەی توندوتیژییەکان لە نێوانی ساڵی 2018 بۆ 2023 رێژەی ئەو تاوانانەی دەچنە ناو خانەی توندوتیژیی خێزانییەوە بەڕێژەی لەسەدا 37 بەرزبوونەتەوە. لەناو بەریتانیادا لەساڵێکدا 100 ژن لەلایەن پیاوانەوە دەکوژرێن. لە جیهانیشدا هەر یازدە خولەک جارێک ژنێک دەکوژرێت.
فاینەنشیەڵ تایمز
سەدان یەمەنی چوونە ریزەکانی سوپای روسیا
سوپای رووسیا سەدان کەسی یەمەنیی بە سەرباز گرتووە بۆئەوەی لە ناو ئۆکرایندا شەڕیان پێبکات.
ئەم سەربازە یەمەنییانە لەلایەن کۆمپانیایەکی قاچاخچێتیی سەر بە حووسییەکانەوە بە نهێنی گوازراونەتەوە. ئەم کۆمپانیایە کارێکی گومانهەڵگر لە نێوانی مۆسکۆ و ئەو گروپە هەڵگەڕاوەیەدا ئەنجامدەدات “فاینەنشیەڵ تایمز” ئاوای نوسیوە.
ئەو ململانەیەی ناو ئەو وڵاتە کاتێکی زۆری خایاند و ژمارەیەکی زۆری سەربازی لە وڵاتانی دیکە دەرەوەی کایەی ململانەکەشەوە تێووەگلاند. ئەگەرچی ژمارەی قوربانییەکانیش زۆر بەرزبووەتەوە، بەڵام هێشتا کرەملین نایەوێت مەوداکانی شەڕەکە فراوانتر بکاتەوە.
رۆژنامە تورکییەکان
یەنی شەفەق
لە تورکیا ساڵانە 110هەزار ئۆتومبێلی کارەبایی دەفرۆشرێت
لە تورکیا و باکووری کوردستان خواست لەسەر کڕینی ئۆتومبێلی کارەبایی زۆر بووە. لە ساڵی 2024 دا چاوەڕێ دەکرێت فرۆشی ئۆتومبێل لەسەرتاسەری وڵات بگاتە یەک ملیۆن و 200هەزار ئۆتومبێل، لەو ژمارەیەش 100 هەزار ئۆتومبێلی کارەباین. بەمەش فرۆشی ئۆتومبێلی کارەبایی گەیشتووەتە، 10٪ـی تەواوی فرۆشی ئۆتومبێل لەو وڵاتە.
بەرپرسی کۆمپانیای بیجۆ لە تورکیا رایگەیاند، چاوەڕێ دەکەین ساڵانە 100 بۆ 110 ئۆتومبێلی کارەبایی لە تورکیا بفرۆشرێت.
قەرار
سەرۆکی نوێ بۆ پارتی سەعادەت هەڵبژێردرا
لە نۆهەمین کۆنگرەی ئاسایی پارتی سەعادەت، مەحمود ئەرکان بە زۆرینەى دەنگی ئەندامانی کۆنگرە هەڵبژێردرا و شوێنی قەرەمۆغڵائۆغڵوی گرتەوە.
ئەرکان پەڕلەمانتاری پارێزگای قەیسەری-یە و لە کۆنگرەکەدا توانی دەنگی 823 ئەندامی پارتەکەى بەدەستبهێنێت.
پارتی سەعادەت پارتێکی تورکی راستڕەوە لە تورکیا و لەکاتی هەڵبژاردنى مەحمود ئەرکان وەک سەرۆکی نوێی رەخنەى لە حکومەتى ئاک پارتی گرت و گوتی، هیچ سەردەمێک تورکیا هێندەى ئێستا دۆستایەتی لەگەڵ ئیسرائیلدا نەبووە، ناردنی کەشتی بازرگنی بۆ زاڵمەکان کارێکی نابەجێیە.
ئایدنڵک
دەربارەى یەپەگە تورکیا بەسەر دوو بەرەدا دابەشبووە
لە تورکیا بەرەیەک پێیوایە تورکیا لەگەڵ سوریا رێکبکەوێت بۆ رووبەڕوو بوونەوەى یەپەگە لە رۆژاڤای کوردستان، هاوکات لەلایەکی دیکەوە بەرەیەکی دیکە پێیوایە تورکیا باشترە لەگەڵ ئەمریکا رێکبکەوێت بۆ روبەڕووبونەوەى یەپەگە.
هاکان فیدان رایگەیاندووە، هیچ پێش مەرجێکیان بۆ سوریا نییە و خوازیارن لەسەر مێزی گفتوگۆ ئەم پرسە تاوتوێ بکەن.
یەنی بیرلیک
راوێژکاری ئەردۆغان: لە تورکیا پرسی کورد بوونى نەماوە
محەمەد ئوچوروم گەورە راوێژکاری ئەردۆغان رایگەیاند، لە تورکیا پرسی کورد بوونی نەماوە بگرە لە دەرەوەی خاکی تورکیا پرسی کورد بوونی هەیە.
وڵاتانی داگیرکەر بانگەشەی ئەوە دەکەن گوایە پرسی کورد لە تورکیا بوونی هەبێت، چونکە ئامانجیان ئەوەیە تورکیا دابەشبکەن و لەو رێگەیەوە لاوازی بکەن.
ئوچوروم راشیگەیاند، بابەتی پێکهێنانی قەوارەیەک بۆ کورد لە سوریا پڕۆژەیەکی وڵاتانی داگیرکەرە