کۆمەڵگە بێ پاراستن، وەکو رانە مەڕێک وایە کە لەلایەن گورگەوە لە یەکدی دابڕابێت، بۆیەش پەکەکە خۆپاراستنی گەلی کوردە
ئەم رستەیە، تیڕوانینی عەبدوڵلا ئۆجالان سەرۆک و دامەزرێنەری پارتی کریکارانی کوردستانە (پەکەکە)، کە 44 ساڵ لەمەوبەر لە گوندی “فیسێ”ی سەر بە ناوچەی لیجەی ئامەد، دامەزرێنرا.
عەبدوڵلا ئۆجالان، کە لە کۆتایی شەستەکان و سەرەتای حەفتاکانی سەدەی رابردوو، لە بەشی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا دەیخوێند، بە تەواوی تێکەڵ بە بیر و ئایدۆلۆژیای چەپ، مارکس و لێنین ببوو و پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ، سەرکردەکانی پارتە کۆمۆنیست، چەپ و کرێکارییەکانی تورکیادا دروست کردبوو.
دوای دەستگیرکردن و لەسێدارەدانی سەرکردەکانی بزوتنەوەی چەپی تورکیا لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی رابردوودا، کە ئۆجالان خۆشی بەر ئەو لێشاوەی گرتن و ئەشکەنجەیە کەوت، بیرۆکەی بزوتنەویەکی چەپی کوردیی زیاتر لە مێشکی ئۆجالاندا سەریهەڵدا و دەستی بە خوێندنەوە و گفتوگۆی زیاتر لەگەڵ هاوڕێ چەپ و کۆمۆنیستەکانی کرد.
دوای دەستگیرکردن و لەسێدارەدانی سەرکردەکانی بزوتنەوەی چەپی تورکیا, بیرۆکەی بزوتنەویەکی چەپی کوردیی زیاتر لە مێشکی ئۆجالاندا سەریهەڵدا
ئۆجالان سەرەتا لەگەڵ “حەقی کارەر” کە بە رەگەز تورکێکی کۆمۆنیست بوو و “کەمال پیر” کە هاوڕێیەتی زۆر نزیکی بوو، پرسی بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمۆنیستی لە باکوری کوردستان و تورکیا تاوتوێ دەکرد.
ئۆجالان و دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)
ئێمە ئەو کاتە خوێندکار بووین، بەبۆنەی هەندێک هەڤاڵەوە، ئۆجالانم بینی، ئەوەی سەرنجی رادەکێشام بە تەنها خوێندنەوە بوو، ئۆجالان و هاوڕێکانی شەو و رۆژ کتێبی مێژوویی و سیاسییان دەخوێندەوە، زانیارییەکانیان لەنێو یەکدیدا تاوتوێ دەکرد، یەکێک لەو کەسانەی کە زۆرترین خوێندنەوەیان هەبوو، عەبدوڵلا ئۆجالان و مەزلۆم دۆغان بوون
دوران کاڵکان، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پەکەکە و دەستەی سەرۆکایەتی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)، لەبارەی ئەو سەردەمە و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی ئامادەکارییان بۆ پێکهێنانی بزوتنەوەیەکی جەماوەری سۆسیالیستی.
گەڕان و لێکۆڵینەوەی ئۆجالان و هاوڕێکانی تاوەکو کۆتایی ساڵانی حەفتاکانی سەدەی رابردوو بەردەوام بوو، بەڵام دەوڵەت فشارێکی زۆری لەسەر کەسایەتییە چەپ و کۆمۆنیستەکان دروست کردبوو، لەو نێوەندەدا “حەقی کارەر” کە بە یەکەم “شەهیدى پەکەکە” دادەنرێت، لە ساڵی 1977دا، بە پیلانگێڕییەک کە لەلایەن دەزگای هەواڵگری تورکیاوە رێکخرابوو، بانگێشتی کۆبوونەوەیەک دەکرێت و دواتر دەکوژرێت، کوژرانى ئەو کاریگەرییەکی زۆری لەسەر عەبدوڵلا ئۆجالان و هاوڕێکانی دیکەیان دروست دەکات، بەو پێیەی ئۆجالان لەبارەی حەقی کارەرەوە دەڵێت، “حەقی کارەر رۆحی شاراوەی منە.”
ئۆجالان و هاوڕێکانی لەسەر ئەو رووداوە، بڕیار دەدەن، تۆڵە بکەنەوە، بەڵام پێویستی بە رێکخستن و بزوتنەوەیەک بوو کە بتوانێت، لەبەرامبەر فشار و هێرشەکان خۆڕاگری بکات، بۆیەش بڕیار دەدرێت کە پارتێک دروست بکرێت و لەو چوارچێوەیەدا تێکۆشانیان بەردەوامی پێبدرێت.
ئۆجالان لەو ساڵەدا، پلان و ستراتیژیی دامەزراندنی بزوتنەوەیەک دادەڕێژێت و شوێن و ئەو کەسانەی کە پێویست بوو بەشداری لە دامەزراندنی پارتەکەدا بکەن، دیاری دەکات و سەرەنجام، 22 کەس لە 27ی تشرینی دووەمی 1978دا لە گوندی “فیسێ”ی ناوچەی لیجەی ئامەد، لە ماڵی کەسێکی نزیک لە خۆیان کۆدەبنەوە و یەکەم کۆنگرە ئەنجام دەدەن و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رادەگەیەنن و عەبدوڵلا ئۆجالان وەکو سەرۆکی گشتی پەکەکە دیاری دەکرێت.
ناوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەلایەن “فەرهاد کورتای” یەکێک لە کادرە پێشکەوتووەکانی پارتەکەوە پێشنیازکراوە
ناوی ئەو 22 کەسەی کە وەکو دامەزرێنەری پەکەکە دەزانرێن بەم شێوەیەیە: عەبدوڵڵا ئۆجەلان، جەمیل بایک، حەقی کارەر، مەزڵوم دۆغان، دوران کاڵکان، محەمەد خەیری دورموش، عەلی حەیدەر قەیتان، ساکینە جانسز، کەسیرە یڵدرم، فاروق ئۆزدەمیر، فەرزەندە تاغاچ، عەبدوڵڵا کومرال، شاھین دۆنمەز، عەلی چەتینەر، حسێن تۆکگولەر، عەلی گوربوز، رەسول ئالتیۆک، سەیفەددین زوغورلو، سوبحی کاراکوش، محەمەد جاھید شەنەر، محەمەد دوران، عەباس گۆکتاش.
پارتیبوون و رێکخستن
دوای قۆناغی راگەیاندنی پەکەکە، ئەندامانی پەکەکە وەکو گروپی “ئاپۆچییەکان” لە هەموو تورکیا و باکوری کوردستان ناوزەند دەکرێن و ئۆجالان و هاوڕێکانی، دەست بە پەروەردەکردنی کادری پێشکەوتوو بۆ شارە تورکی و کوردییەکان دەکەن. بە راگەیاندنی پەکەکە، دەوڵەتی تورکیا ئدی، دەست بە ئۆپراسیۆن و گەڕان بەدوای ئەندامانی ئەو پارتە دەکات و دۆخی ناوخۆی تورکیاش وەکو مەنجەڵێکی پڕ لە ئاوی کۆڵاو قوڵپی دەدا، ناکۆکییەکی زۆر گەورە لەنیوان سوپا و حکومەتدا هەبوو.
پەکەکە لە کۆتایی حەفتاکان رێکخستنەکانی لە باکوری کوردستان بەهێز کرد، بەڵام رووبەڕووی بەربەست و کێشەیەکی گەورە بووەوە کە ئەویش، ئاغا و سەرۆک هۆزە کوردییەکان بوو کە پەیوەندییەکی پتەویان بە دەوڵەتەوە هەبوو.
بە تایبەتی لە پارێزگای روحا (عورفا) و ئامەد (دیاربەکر) باکوری کوردستان، چەندین شەڕ و پێکدادان لە نێوان کادر و ئەندامانی پەکەکە لەگەڵ دارودەستەی ئاغا و سەرۆک هۆزەکان روویدا، دۆخەکە تاوەکو ساڵی 1980 بەم شێوەیە بەردەوام بوو.
دوای راگەیاندنی پەکەکە، ئەندامانی پەکەکە وەکو گروپی “ئاپۆچییەکان” لە هەموو تورکیا و باکوری کوردستان ناوزەند دەکرێن
بەجێهێشتی تورکیا و کودەتای 12ی ئەیلول
ئۆجالان بۆ ئەوەی بتوانێت، لە دۆخێکی ئارامتردا، پەکەکە ئاڕاستە بکات، لە کۆتایی ساڵی 1979دا، تورکیا و باکوری کوردستانی بەرەو سوریا و لوبنان جێهێشت و لەنێو گروپە فەڵەستینییەکانی ئەو سەردەمەدا لە دەشتی بیقاعی نێوان سوریا و لوبنان جێگیربوو.
لەو قۆناغەدا، رووداوێکی سیاسیی و سەربازیی چاوەڕواننەکراو لە تورکیا و باکوری کوردستان روویدا کە دۆخی سیاسی، ئابوریی، کۆمەلایەتی بە تەواوی گۆڕی، ئەویش کودەتای 12ی ئەیلولی ساڵی 1980 بوو کە بە سەرۆکایەتی کەنعان ئەڤرەن ئەنجامدرا.
دەسەڵاتێکی توندوتیژی سەربازی باڵی بەسەر تورکیا و باکوری کوردستاندا گرت کە لە مێژووی تورکیادا، وەکو “دۆزەخی 12ی ئەیلول” پێناسەی بۆ دەکرێت، بە ملیۆنان کەس دەستگیرکران، بە سەدان کەس کوژران و ئەشکەنجەدران، بە سەدان پارت و رێکخراوی سیاسی و مەدەنی داخران.
کادرانی پەکەکەش کە ژمارەیەکیان بەر لە کودەتاکە و هەندێکیشیان لە سەردەمی کودەتادا دەستگیرکرابوون، یەکێک بوون لەو کەسانەی کە بەر ئەو لێشاوە توندە کەوتن و بە دەیان کادری پێشکەوتووی پەکەکە لە زیندانەکانی تورکیادا بە ئەشکەنجە و چالاکی خۆسوتاندن و مانگرتن لە خواردن گیانیان لەدەستدا کە دیارترینیان، مەزلۆم دۆغان، محەمەد خەیری دورموش، ئاکیف یڵماز، عەلی چیچەک، فەرهاد کورتای، محەمەد زەنگین و ئەشرەف ئەینیک بوون.
دەستپێکردنی شەڕی چەکداریی دژی دەوڵەت
لە ساڵەکانی 1981 – 1982 و 1983دا، عەبدوڵلا ئۆجالان چەندین کادری بۆ ناوچە سنورییەکانی (باکوری کوردستان – باشورى کوردستان) و (باکوری کوردستان – رۆژهەڵاتی کوردستان) و (باشورى کوردستان – رۆژهەڵاتی کوردستان) رەوانە کردبوو، ئۆجالان لەو کاتەدا بیرۆکەی شەڕی چەکداری دارشتبوو و ئامادەکاری بۆ دەکرد.
تاوەکو ساڵی 1984 لە 15ی ئابی ئەو ساڵەدا، هێزکانی پەکەکە بە فەرماندەیی مەحسوم قورقماز (عەگید)، هەڵیانکوتایە سەر بارەگایەکی سەربازیی لە نزیک گوندی دهێی سەر بە ناوچەی شەمزینانی باکوری کوردستان، لە مێژووی پەکەکەدا ئەو رۆژە وەکو قۆناغی دووەمی ژیانەوەی کورد دادەنرێت و پێی دەگۆترێت “15ی تەباخ رۆژی ژیانەوە”.
لە ماوەیەکی کەمدا، شەڕ و پێکدادان لە هەموو شارەکانی باکوری کوردستان و سنورەکانی باشورى کوردستان تەشەنەی سەند، شەڕی چەکداریی پەکەکە و هێرشەکانی سوپای تورکیا لە باکوری کوردستان، تاوەکو نەوەدەکانی سەدەی رابردوو، بەردەوام بوو، تاوەکو بۆ یەکەمجار دەستپێشخەرییەکی ئاگربەست لە پەکەکەوە راگەیەندرا و دەوڵەتی تورکیاش تا رادەیەک ئاگربەستەکەی قبوڵ کرد و شەڕ هێور بووەوە.
شەڕی چەکداریی پەکەکە و هێرشەکانی سوپای تورکیا لە باکوری کوردستان، تاوەکو نەوەدەکانی سەدەی رابردوو، بەردەوام بوو
یەکەم ئاگربەستی نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکیا
یەکەم ئاگربەستی نێوان پەکەکە و تورکیا لە 14ی نیسانی ساڵی 1995 دەستیپێکرد و بە گرنگترین ئاگربەست لە مێژووی شەڕی چەکداری پەکەکەدا دادەنرێت، مام جەلال سکرتێری کۆچکردووی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، رۆڵی نێوەندگیری بینی.
لە نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکیا، تاوەکو ئێستا هەشت جار ئاگربەست بەڕێوەچووە، زۆر جاریش بە نهێنی لەنێوان هەردوولادا، دەست بە دانوستانکراوە کە گرنگترینیان، دانوستانەکانی ساڵەکانی 2009 بۆ 2012 بوو کە وەکو دانوستانەکانی ئۆسلۆ پێناسە دەکرێت، بەڵام هیچ ئەنجامێکیان بە دەست نەهێناوە.
دەستگیرکردنی ئۆجالان و سەردەمێکی نوێ بۆ پەکەکە
لە سەرەتای نەوەدەکانەوە، تاوەکو سەرەتای ساڵی 1998، چەندین شەڕی سەخت و قورس لەنێوان هەردوولادا روویاندا، کە کاریگەرییەکی زۆر خراپی لەسەر باکوری کوردستان دروستکرد، بە تایبەتی لە سەردەمی دەسەڵاتی “تانسو چیللەر”دا لە ناوەڕاستی نەوەدەکاندا، خەڵکی باکوری کوردستان رووبەرووی کوشتار، دەستگیرکردن و توندوتیژییەکی زۆر بووەوە، بە تەنها لەو ساڵانەدا، 17 هەزار کورد بێسەروشوێن کران و زیاتر لە پێنج هەزار گوندی باکوری کوردستان سووتێنران.
لە پاش گۆڕینی ستراتیژیی زلهێزەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و ئامادەکارییەکانی ئەمریکا بە تایبەتی بۆ پەلاماردانی ژمارەیەک وڵاتی ناوچەکە بە تایبەتی ئەفغانستان و عێراق، دۆخی پەکەکەش بەرەو گۆڕانکارییەکی گەورە هەنگاوینا، رێگە و جێگەی ئۆجالان و پەکەکە لە سوریا لەق بوو و بەهۆی فشارەکانی تورکیاوە، ئۆجالان ناچار بوو لە کۆتایی ساڵی 1998دا سوریا بەجێ بهێڵێت و دواتر بە دەستگیرکردنی ئۆجالان لە 15ی شوباتی 1999 کۆتایی پێهات.
رێنماییەکانی ئۆجالان و پەکەکەی نوێ
پەکەکە و ئۆجالان ئەو قۆناغە بە “پیلانگێڕی نێودەوڵەتی” لە دژیان لەقەڵەمدەدەن، بەوپێیەی زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەیی و جیهانی بەشدارییان لە پرۆسەی دەستگیرکردنی ئۆجالاندا کرد و سەرەنجام ئۆجالان بۆ دورگەی ئیمڕالی لە دەریای مەڕمەڕەی ئەستەنبوڵ – بورسا گواسترایەوە و 24 ساڵە لەو زیندانەدایە.
لە پاش دەستگیرکردنی ئۆجالان، لەنێوان سەرکردەکانی پەکەکەدا ناکۆکی و بۆچوونی جیاواز دروست بوو و لە ئەنجامدا تاوەکو ساڵی 2004 ژمارەیەک گەریلا و سەرکردەی پەکەکە لە پارتەکە جیابوونەوەو کە یەکێکیان عوسمان ئۆجالانی برای عەبدوڵلا ئۆجالان بوو.
ئۆجالان لەگەڵ ئەوەی لە زینداندابوو، بەڵام دەستی لە سەرکردایەتیکردنی پەکەکە هەڵنەگرت و لە رێگەی پارێزەر و خانەوادەکەی رێنماییەکانی بۆ پەکەکە دەنارد و چەندین پرۆژە و رێنمایی نوێی راگەیاند و بەو شێوەیە پەکەکە توانی ئەو قۆناغە سەختە تێپەڕێنێت.
ئۆجالان لە زینداندا، چەندین کتێبی لەژێر ناوی “بەرگرینامەکان” بۆ دادگای باڵای مافەکانی مرۆڤی یەکێتی ئەوروپا و دادگاکانی تورکیا ئامادەکرد و ئەوەش بووە هۆی گۆڕینی ئایدۆلۆژی و هزری پەکەکە
لە ناوەڕاستی دووهەزارەکاندا، پەکەکە بە تەواوەتی سیمایەکی نوێی بەبەرکرد و بە تایبەتی دروشمی دەوڵەتی نەتەوەیی بۆ کورد رەتکردەوە، بەوپێیەی ئۆجالان پێیوایە، دەوڵەت نەتەوە بەشێکە لە سیستمی مۆدێرنیتەی کاپیتالیستی کە لەسەر پشتی نەتەوەکانی دیکە بنیات دەنرێت.
ئۆجالان لە جێگرەوەی نەتەوەی باڵادەست، نەتەوەی دیموکراتی لە جێگرەوەی سیستمی دەوڵەت – نەتەوە، کۆنفیدڕالیزمی دیموکراتی و لە جێگرەوەی مۆدێرنیتەی کاپیتالیزم، مۆدێرنیتەی دیموکراتی پێشنیاز کرد و هەموویانیشی بە ‘ئازادی ژن، ئازادی کۆمەڵگا و ژینگەپارێزییەوە’ بەستەوە.
ئێستا 44 ساڵە پارتى کرێکارانى کوردستان دامەزراوە، لەسەر هزر و رێنمایی و هێڵە نوێیەکەی عەبدوڵلا ئۆجالاندا، لە ئاستە جیاوازەکان لە چالاکى و خەباتى خۆى بەردەوامە