زووم..
بڕیارە رۆژى سێشەممە پەرلەمانى عێراق کۆببێتەوە و هەموارى یاساى بودجە لە بەرنامەى کاردایە کە ئامانج لێى دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستانە.
بەگوێرەی خشتەی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق لەبارەی پێنج تەوەرەوە گفتوگۆ دەکرێت، کە یەکێک لەوانە هەموارکردنەوەی یاسای بودجەى عێراقە.
ئامانج لەم هەموارە دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستانە لەڕێگەى بۆرى نەوتى جەیهانى تورکیا کە ساڵێک و هەشت مانگە راگیراوە.
بەگوێرەى هەموارەکە تێچووى گواستنەوە و بەرهەمهێنانى نەوتى هەرێم لە نزیکەى حەوت دۆلارەوە زیاد دەکرێت بۆ 16 دۆلار.
دوو مانگ لەمەوبەر مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) رایگەیاند، زیانەکانی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم کوردستان گەیشتووەتە نزیکەی 20 ملیار دۆلار.