رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
زاواىەکی سەدام حسێن دەڵێت نزار خەزرەجی بەبێ پرسی سەرکردایەتى بڕیاری بۆمبارانى هەڵەبجەى داوە
دکتۆر جەمال مستەفا سوڵتان، زاوا و سکرتێری دووەمی تایبەت سەدام حسێن کە بۆماوەیەکیش لە زیندان لەگەڵیدا بووە دەڵێت، ئەوکاتانەى خومەینی لە عێراق پەنابەر بوو سەدام حسێن پێشنیازی کوشتنى رەتکردوەتەوە، لە هەمان کاتدا راشیگەیاندووە، کاتێکی چووەتە فەرەنسا سەرۆکی دەزگاى هەواڵگریی عێراق سەردانى کردووە.
لە بارەى کیمیاییبارانى هەڵەبجەەوە دەڵێت، ئەوەى لە هەڵەبجەى رویدا فەریق روکن نزار خەزرەجی بەبێ گەڕانەوە بۆ سەرکردایەتى بڕیاریداو دواتر هەمووان پشتگیرییان کرد، لەبارەى ئەو ناوەى دراوەتە پاڵ عەلی حەسەن مەجید کە بە “عەلی کیمیاویی” بەناوبانگە دەڵێت، ستەمیان لە خاڵم کرد.
لەو چاوپێکەوتنەدا کە وردەکاریی زۆری تێدایە دەڵێت، سەدام حسێن دەیزانى لە سێدارە دەدرێت، کاتێکش هەواڵی مردنەکەیمان بیست نوێژى جەنازەیمان کرد بە شێوەی غیابی، بەڵام نەگریاین چونکە پیاونابێت بگرى، ئەگەر گریاش دەبێت لە شوێنێکدا بگریی کەس نەیبینێت.
سەباح
سودانى 790 قوتابخانەى نموونەیى کردەوە کە چینیەکان دروستیانکردون
نوسینگەى تایبەتى محەمەد شیاع سودانى لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، کە محەمەد شیاع سودانى لە ڕێگەى دەرکەوتنێکى تەلەفزیۆنییەوە راستەوخۆ لە کۆی هەزار قوتابخانەى بەڵێندراو 790 قوتابخانەى نموونەیی لە سەرجەم پارێزگاکانى عێراقدا کردەوە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە ئەو رێژە زۆرەى قوتابخانەکان سێ دەوامى و قەرەباڵغى قوتابخانەکان کەمدەکاتەوە،
ئاماژەبەوەشکراوە، بڕیارە لە سندوقى پەرەپێدانى عێراق 400 قوتابخانەى دیکە لە بەغداد و هەندێک پارێزگاى دیکە بکرێتەوە.
وەزارەتى پەروەردەی عێراق رایگەیاند، بۆ چارەسەکردنى کێشەى قەرەباڵغى قوتابخانە و خوێندنگەکان عێراق پێویستى بە هەشت هەزار قوتابخانەی دیکە هەیە.
عەرەبی جەدید
بۆ رێگریی لە هێرشى ئیسرائیل عێراق پەنا بۆ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەبات
وەزارەتى دەرەوەى عێراق نامەیەکى ئاڕاستەى هەر یەک لە ئەنجومەنى ئاسایش، نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆمکارى عەرەبی و رێکخراوى هاریکاریی ئیسلامی کردووە کە هەرچییانکردووە کۆتایی بەو توندوتیژییانە بهێنن کە ئیسرائیل لەناوچەکەدا دەستى داوەتێ و رێگریی بکەن لە رەفتارە دوژمنکارییەکانى کە پێچەوانەن لەگەڵ یاساى نێودەوڵەتى.
وەزارەتى دەرەوەى عێراق لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردوەتەوە، عێراق هەمیشە هۆکارێک بووە بۆ سەقامگیریی ناوچەکە و جیهان، پابەندە بە پەیماننامەى نەتەوەیەکگرتووەکانەوە، ئەو نامەیەش کە ئیسرائیل ئاڕاستەى ئەنجومەنى ئاسایشى کردووە پاساوێکە بۆ فراوانکردنى ناکۆکییەکانى لەگەڵ وڵاتانى دیکەدا و لەوانەش عێراق.
عامر فایز ئەندامی لیژنەى دەرەوە لە پەرلەمانى عێراق بە رۆژنامەکەى راگەیاندووە، ئەو نامەیەى وەزارەتى دەرەوە ئاماژەیە بۆ ئەوەى ئیسرائیل نیەتێکى راستەقینەى هەیە بۆ هێرشکردنە سەر عێراق و دەیانەوێت بەو نامەیە رێگریی لەو هێرشە بکرێت.
دەستور
ئەمیری کوردستان لە رێکخراوی داعش دەستگیرکرا
ئاسایشى نیشتمانى عێراق رایگەیاند، پلانێکى تیرۆریستیی مەترسیداریان لە کەرکوک شکست پێهێناوە کە ویستیوویانە هێرش بکەنە سەردامەزراوە حکومییەکان و کەسایەتی و بەرپرسە سیاسییەکانى ئەو پارێزگایە.
راشیگەیاندووە، بە هاوکاریی بەڕێوەبەرایەتى گشتى ئاسایشى سلێمانی توانیویانە حەوت کەس دەستگیربکەن کە سەر بەو رێکخراوەن، کەسێکیان تێدایە بەناوى “ئازاد شافیعی” کە بەرپرسی کەرتى کوردستانى رێکخراوى داعش بووە، ئاسایشى نیشتمانى بڵاویکردوەتەوە لە ماوەکانى رابوردوودا توانیویانە 50 ئەندامی ئەو رێکخراوە دەستگیربکەن و رادەستى یاسای بکەن و دۆسیەکانیان یەکلایی بکرێتەوە کە لەنێوان زیندانى هەمیشەیی و سێدارەدایە.
رۆژنامە فارسییەکان
مەردوم سالاری
منداڵان ناوەڕۆکی کتێبەکانی خوێندنیان بەدڵ نییە و پەروەردە لاوازە
هەژاریی فێربوون یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی پەروەردە لە ئێراندا کە هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ وازهێنان لە خوێندن نییە.
بە گوێرەی راپۆرتی بانکی نێودەوڵەتی، 40%ـی منداڵانی قوتابخانەکانی ئێران بەدەست هەژاریی فێربوونەوە دەناڵێنن. شارەزایان هۆکارەکان بە لاوازیی سیستەمی پەروەردە و چڕیی زۆری پۆلەکان و کێشەی خێزانی و ناوەڕۆکی ناسەرنجڕاکێش لە کتێبەکاندا دەزانن.
هەندێک لە خوێندکاران تەنانەت لە پۆلە باڵاکانیشدا زانیاری سەرەتایییان نییە. جگە لەوەش مامۆستایان بەهۆی نەبوونی مەشق و راهێنانی پێویست و سنوورداربوونی شارەزاییەکانەوە ناتوانن وەڵامی پێداویستیی منداڵان بدەنەوە.
لە قوتابخانە حکومی و ناحکومییەکاندا نایەکسانی پەروەردەیی دیارە و قوتابخانەکان بوونەتە بازرگانی.
ئەبرار
ئەگەری بەرزکردنەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم تا 90% لە ئارادایە
وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، بەردەوام هەوڵ دەدەن بە دەرکردنی بڕیارنامەی نوێ دژ بە ئێران، گوشارەکان زیاتر بکەن.
ئامانجیان بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکارییەکانی ئێرانە لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی و پابەندبوون بە رێککەوتنەکانە.
جگە لەوەش هاوکارییە سەربازییەکانی نێوان ئێران و روسیا و ناردنی موشەکی ئێرانی بۆ روسیاش بووەتە هۆی پەرەسەندنی گوشارەکان.
یەکێتیی ئەوروپا نیگەرانە لە پێشهاتە ناوچەییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرکەوتنی ترەمپ لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا، دەیانەوێت فشارە سیاسی و دیپلۆماسییەکان زیاتر بکەن. ئەورووپا بەدوای گەڕانەوەی ئێران بۆ سەر مێزی دانوستان نییه، بە ئاماژەدان بە زیادبوونی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم و بانگەشەی هاوکاری نەکردنی تاران لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی رێگری لە رێککەوتن دەکەن.
لە وەها بارودۆخێکدا ئەگەری زیادکردنی پیتاندنی ئێران تا 90% هەیە، بەڵام پێشهاتە سیاسییە جیهانییەکان ئەم بابەتە لە داهاتوویەکی نزیکدا دیاری دەکەن.
ئەفکار
بەکارهێنانی سووتەمەنیی وێستگەی کارەبای سنە دوو هێندە زیادیکردووە
بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەرهەمە نەوتییەکانی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، بەکارهێنانی سووتەمەنی لە وێستگەی کارەبای سنە بەراورد بە ساڵی رابردوو دوو هێندە زیادی کردووە.
جەهانبەخش نوکانی دەڵێت، بارودۆخی خەزنکردنی سووتەمەنی لە وێستگەی کارەبای سنە گونجاوە .
هەروەها دەشڵێت، که له سەرەتای ئەمساڵەوه به رێژەی 80%ـی پشکی نەوتی سپی بۆ گوندەکانی پارێزگاکه هەناردە دەکرێت و دابینکردنی سوتەمەنی زستانەی گوندەکان پێش بەفربارین ئەنجام دەدرێت.
تەجارەت
2760 جۆر رووەک لە ئێران مەترسیی لەناوچوونیان لەسەرە
بەڕێوەبەری گشتیی لەوەڕگەکان لە رێکخراوی بەڕێوەبردنی سامانە سرووشتییەکانی ئێران رایگەیاند، دوو هەزار و 760 جۆری رووەکی لەوەڕگەکانی ئێران مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە و پێویستە هەوڵ بۆ زیندووکردنەوەیان بدرێت.
تەرەحوم بێهزاد بارودۆخی لەوەڕگەکانی بە نالەبار زانی و کەمبوونەوەی 55ملم بارانبارین و بەرزبوونەوەی دوو پلەی گەرمی هەوای بەراورد بە 50ساڵی رابردوو بە هەڕەشە بۆ سەر رووەکەکان ناوبرد.
گوتیشی، پێویستە گەڕانی ئاژەڵ لە لەوەڕگەکان کۆنترۆڵ بکرێت و خەڵک زیاتر هەوڵی پاراستنی روەک و ژینگە بدەن لەبەر ئەوەی ژیانی زیاتر لە پێنج میلیۆن ئێرانی بەندە بە روەک و لەوەڕگەکانەوە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
چەند کەسایەتییەکی ئاینی دەنگی خۆیان لە دژی بڕیاری مردنی خۆویستانە یەکدەخەن
دەستەیەکی 29 کەسی لە پیاوان و کەسایەتییە ئاینییەکانی بەریتانیا چووونە ریزی ئەو کەسانەی لە دژی بەیاساییکردنی مردنی خۆویستانە دەوەستنەوە.
ئەم کۆدەنگییە گەورەترین هاتنەناوەوەی کەسانی ئاینییە بۆ قسەکردن لەسەر مەسەلەیەکی لەمشێووەیە لە سەردەمی نوێدا.
ئەمانە چەند کەسایەتییەکی باڵای سەر بە ئاینەکانی مەسیحی، موسوڵمان، جوو، هیندۆسی و سیخیین و پێکەوە بانگەوازێکیان ئیمزاکردووە دەڵێن، بەیاساییکردنی ئەم جۆرە مردنە دەبێت بە هەنگاوێک بۆ ئەوەی خەڵک ناچاربکرێن، کە نەخۆشکەوتن، بۆئەوەی دەوروبەریان ماندوو نەکەن، کۆتایی بە ژیانی خۆیان بهێنن.
ئیندیپێندەنت
ئەوکەسەی هەوڵیدا ترەمپ بکوژێت سوودی لە ئەزموونی چەند جەنگاوەرێکی ئەفغانی وەرگرتووە
رایان وێزلی، ئەو کەسەی کە بە کڵاشیکۆفێکی جۆری ئەی کەی 47ـەوە گیرا و هەوڵیدابوو لە پارکێکی گۆڵفکردن لە فلۆدریدا تەقە لە ترەمپ بکات. پێش تەقەکردنەکەی بە ماوەیەک چەندان نامەی لەگەڵ چەند کەسێکی ئەفغانیدا ئاڵوگۆڕکردووە، کە جەنگاوەری دێرینن و لە بەریتانیاشن.
رایان ویستویەتی ئەوکەسانە بەکرێ بگرێت و بیاننێرێت لە ئۆکراینیش شەڕیان پێبکات. رۆژی 15ـی ئەیلول رایانی تەمەن 58 ساڵی خەڵکی کارۆلاینای باکوردەستگیرکرا، کاتێک هەوڵیدا لە فلۆریدا بە کڵاشینکۆف تەقە لە ترەمپ بکات.
وۆڵ ستریت جۆرنەڵ
دۆستەکانی سەرۆکی تازە هەڵبژێردراو نایانەوێت کێڵگەی نوێ بۆ نەوت پەیدابکەن
دۆناڵد ترەمپ، دەیەوێت کۆمپانیاکانی کارکردنی بواری نەوت بەردەوام بن لە دروستکردنی کێڵگەی نەوتی نوێ و هەر لە یەکەم رۆژی سەرۆکایەتییەکەی ئەوەوە ئەوان بەردەوام بن لە بیرلێدان.
بەڵام ئەوکەسانەی کە خۆیان لە بوارەکەدا کاردەکەن، روانینێکی تری جیاوازیان هەیە، ژمارەیەکی زۆر لەو خاوەن کۆمپانیایانەی لەو بوارەدان و لە کاتی ئەنجامدانی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەندا پشتگیرییان لە ترەمپ کردوە، پێیانوایە لەبریی ئەوەی بیری نوێ لێبدەن، نیازیان هەر ئەوەیە ئەو نەوتەی ئێستا بەرهەمی دەهێنن و هەیانە ساغی بکەنەوە، نەوەک نەوتێکی زیادەی تریش بەرهەمبهێنن و بیخەنە بازاڕەوە.
رۆژنامە تورکییەکان
میللییەت
لەماوەى ساڵێکدا 200 هەزار ئەندامی جەهەپە زیادیکردوە
لەماوەى تێپەڕبونی ساڵێک بەسەر گۆڕینی سەرۆکی گشتیی جەهەپە و ئەندامانى بەڕێوەبردنی پارتەکە، 200 هەزار ئەندامی خۆبەخشی پارتەکە زیاد بووە
بەگوێرەى ئامارەکانی پارتەکە، دوو لەسەر سێی ئەندامانى نوێی پارتەکەن لە ژن و گەنجان پێکدێن. لەئێستادا ژمارەى ئەندامە خۆبەشەکانی جەهەپە گەیشتۆتە یەک ملیۆن و 550 هەزار کەس.
لەو پارێزگایانەى زۆرترین ئەندامی نوێی جەهەپەی هەبووە، بریتین لە ئیزمیر، ئەنقەرە، ئەدەنە و ئیستەنبوڵ.
ئاکیت
فیدان دەربارەى یەپەگە هۆشداری خۆمان بە ترەمپ داوە
هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا دەربارەى هەڵبژاردنەوەى دۆناڵد ترەمپ بە سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێشتا سیاسەتی ترەمپ لەسەر یەپەگە لە رۆژاڤای کوردستان روون نییە.
گوتیشی، دەربارەى یەپەگە هۆشداری خۆمان بە ترەمپ داوە و داوامان کردووە ئەمریکا چاو بە سیاسەتەکانی خۆی لەگەڵ رۆژاڤا بخشێنێتەوە.
فیدان راشیگەیاندووە، لە هەر دەرفەتێکدا ئەوان وەک تورکیا ئەوە دووپاتدەکەنەوە، کە هەڵوێستیان دەربارەی رۆژاڤا و سوریا جدین و پێویستە داواکارییەکانیان بەهەند وەربگیرێت.
جمهورییەت
رێژەى بێکاریی لەنێو دەرچووی زانکۆدا بەرزە
رێژەى بێکاری لە تورکیا روو لە زیادبوونە و لەنێو گەنجانیشدا رێژەکە بەرزە.
بە گوێرەى ئامارێکی نوێ، ئەو گەنجانەى ئاستی بڕوانامەیان بەرزە یاخود دەرچووی زانکۆکانی ئەو وڵاتەن رێژەى بێکارییان زۆرە.
هەر بە گوێرەى ئامارەکان، لەمساڵدا رێژەى بێکاریی لەنێو دەرچووی زانکۆکاندا گەیشتووەتە 34.8.%
چاودێران ئاماژەیان بەوەکردووە زۆرترین رێژەى بێکاری لە تورکیا لەنێو چینی گەنجانی دەرچونی زانکۆکاندایە.
میلاد
لە ئیزمیر نرخی ئاو گران کرا
بە بڕیاری گەورەشارەوانیی ئیزمیر نرخی ئاو لەسەر هاووڵاتیانی شارەکە زیاد کرا، بەگوێرەى بڕیارەکە نرخی یەک مەترسێجا ئاو %26زیاد کراوە.
زیادکردنی نرخەکە لە بەرواری یەکی کانونی دووەمی 2025 ـوە دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەم پێوەرە نوێیە بێت 0.4 مەتر سێجا ئاو نرخەکەی دەکاتە 32 لیرەى تورکی، هاوکات نرخی باج لەسەر شوێنە بازرگانییەکانى شارەکە زیادکرا.