زووم..
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی عێراق رایگەیاند، مۆڵگەیەکی چەکدارانى داعشیان لە دۆڵی زغەیتون لە رۆژئاوای کەرکوک بۆردومان کردووە و پێنج چەکداری داعش کوژراون.
بەگوێرەى راگەیەنراوی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانى عێراق، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوک و بە فڕۆکەى جۆری ئێف 16، بەرەبەیانى ئەمڕۆ مۆڵگەیەکی چەکدارانى داعش کرایە ئامانج و پێنج چەکداریان کوژراون.
راگەیەنراوەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کاتژمێر پێنجی بەیانی ئەمڕۆ، فەوجەکانی یەک و لیوای 63ـی هێزە تایبەتەکان و فەوجی هەواڵگریی فیرقەی 11ـی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگریی سەربازیی، بە پاڵپشتی فڕۆکەی جۆری ئێف 16 هەڵمەتێکیان لە ناوچەکە ئەنجامداوە، تەرمی پێنج چەکداریان دۆزیوەتەوە، لەگەڵ دوو تفەنگ و دوو پشتێنی بۆمبڕێژکراو، هەروەها دەستیان بەسەر کۆمەڵێک بابەتى دیکەى تەقەمەنى و ئامێری پەیوەندی گرتووە.