شێرکۆ کرمانج
عێراق وڵاتێکە کە کەمترین سەرژمێریی لێ کراوە بەڵام هەرکاتێک کرابێت، زۆرترین گەمە لەگەڵ زانیارییەکان کراوە و بۆ مەبەستی سیاسی و ئایدیۆلۆجی بەکارهاتووە. ئەم سەرژمێرییەی ئەمجارەی ٢٠٢٤، گوایە ناسیاسییە و زانیارییەکان بۆ پلاندانان بۆ گەشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی بەکاردێن، بەڵام من پێموایە ئەمجارە زۆر لە جارانی پێشووتر، مەرامی سیاسی و ئایدیۆلۆجی و مەزهەبیی و نەتەوەیی لە پشتە. لەم کورتەبابەتە، بە خێرایی هۆکارەکانی دانەنانی پرسیاری نەتەوە و مەزهەب دەخەمەڕوو، لەویشەوە بۆمان دەردەکەوێت کە چەندە پلانی سیاسیی و مەزهەبگەرا لە پشت ئەم سەرژمێرییەوەن. هاوکات مەترسییەکانی سەر کورد لە بوون لە عێراق-دا گفتوگۆ دەکەم.
سەرەتا با باسی ئەوە بکەین کە بۆچی مەزهەب لە فۆرمی سەرژمێرییەکەدا نەنووسراوە؟ بۆ تێگەیشتن لەمە دەبێت بزانین کە لە سەد ساڵی ڕابردوودا چ گۆڕانکارییەک بەسەر دیموگرافیای شیعە لە عێراق-دا هاتووە.
یەکەمین سەرژمێریی لە عێراق لە ١٩٢٧ کراوە، بەڵام زانیارییەکانی ورد نەبوون و پرسیاری نەتەوە نەکراوە، بەڵام دین و مەزهەب هەژمار کراون. هەر چۆنێک بووبێت، زنیارییەکان هەندێک ئاماژە نیشان دەدەن. بۆ نموونە، لەو سەروبەندەدا کۆی دانیشتوانی بەغدا ٢٥٠ هەزار کەس بووە، لەو ژمارەیە سوننەکان ١٣٠ هەزار کەس بوون (بە ڕێژەی ٥٢٪)؛ شیعەکان ٥٤ هەزار کەس بوون (بەڕێژەی نزیک لە ٢٢٪)، جووەکان ٥٠ هەزار کەسێک بوون (بەڕێژەی ٢٠٪). دیارە بەشێکی زۆر لە شیعەکان کوردە-فەیلییەکان بوون، واتە شیعەی عەرەب هەر ئێجگار کەم بووە
بابزانین لە سەد ساڵی ڕابردوو ئەم ڕێژەیە چی بەسەر دێت. لە ١٩٥٧، ژمارەی دانیشتوانی بەغدا لە ٢٥٠ هەزارەوە لە ١٩٢٧ بەهۆی کۆچ لە دێهات و شارەکانەوە چواربار زیاد دەکات بۆ نزیکەی ٨٠٠ هەزار. ئەمەش زیادبوونی ژمارەی شیعەکانی لە بەغدا لێ دەکەوێتەوە . ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە ڕێژەی شیعە لە ٢٢٪ بۆ نزیکەی ٥٠٪ زیاد بکات (تەماشای کتێبەکەم “شوناسی عێراق” بکە، ل. ١٧٧). وەک ئاگادارن شەڕی شیعە-سوننە لە ساڵانی ٢٠٠٣ تاوەکوو ٢٠٠٨ بووە مایەی دەرپەڕاندنی ژمارەیەکی زۆر لە سوننەکان لە عێراق بەگشتی و لە بەغدا بەتایبەتی. بۆیە وەک لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پارێزگاکان لە عێراق لە ٢٠٠٩ دەردەکەوێت چیدیکە بەغدا شارێکی زۆرینە سوننە نییە بەڵکوو شارێکی شیعەنشینە، بەزۆرینەیەکی ڕەها. لیستە سوننییەکان بەسەریەکەوە تەنیا ١٦٪ ی کورسییەکانی بەغدا-یان بردەوە، لەبەرابەردا لیستە شیعییەکان ٧٠٪ ی کورسییەکانی بەغدا-یان مسۆگەرکرد. لە دوا هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق لە ٢٠٢١، هەر دوو لیستی سوننە، عەزم و تەقەدوم، بەسەریەکەوە ١٧٪ دەنگەکانی بەغدایان بردەوە و شیعەکانیش زیاتر لە ٨٢٪. هەموو ئەمانە کەم تا زۆر ئاماژەن کە ڕێژەی شیعە لە بەغدا لە سەد ساڵی ڕابردوو لە نزیک لە ٢٠٪ ەوە بۆ زیاتر لە ٨٠٪ بەرزبۆتەوە. ئەمەش ڕێژەیەکی ئێجگار زۆرە، واتە بەغدا لە شارێکی سوننەنشینەوە بووە بە شارێکی شیعە. هەر کەسێک بەغدای لە چەند ساڵی ڕابردوو دیبێت، بە ڕوونی هەست بەوە دەکات. من خۆم ئەمساڵ دوو جار سەردانی بەغدا-م کرد.
لێرەوە دەزانین کە بۆچی پرسیاری مەزهەب لە فۆرمی دوا سەرژمێریی لە عێراق دەرهێنرا، چونکە ئەگەر پرسیاری مەزهەب کرابا ئەوە ژمارە و ڕێژەی سوننە هەم لە عێراق هەم لە بەغدا دەردەخست کە چەندە کەمی کردووە. ئەمەش دەنگدانەوەی زۆری لێ دەکەوتەوە نەک هەر لەناو عێراق بەڵکوو لە دنیای عەرەبی و ئیسلامیش. سوننەکان لە هەر کوێیەک بن دەیان پرسی “بەغدای هاڕونە ڕەشید”، واتە بەغدای سوننەکان، بۆ وای بەسەر هات. ئەوە بێجگە لەوەی کە زانیارییەکان نیشانی دەداین کە چۆن شار و پارێزگا سوننەکان بەشیعەکراون، چۆن بەسرە لە سوننە خالی کراوە، چۆن سامەڕا و تەلەعفەر بەتەواوی بە شیعەکراون ئامادەیی بۆ بەپارێزگاربوونیان دەکرێت، واتە پرۆسەی تەشیع لە عێراق دەردەکەوت. هاوکات، ئەگەر داتاکان یارییان لەگەڵدا بکرێت، کە من ئەوە بە ئەگەرێک دەزانم، ئەوە لە غیابی نەتەوە و مەزهەب بەدیارناکەوێت کە بە قازانجی کێ گەمەکە کراوە. بە دوو وشە، مەزهەب نەنووسرا تاوەکوو پڕۆسەی بەشیعەکردنی عێراق بشاردرێتەوە.
بۆ دەرکەوتنی ژمارە و ڕێژەی کوردیش ئەمە هەر ڕاستە. ڕێژەی کورد لە عێراق لە ڕۆژی دامەزراندنی ئەو دەوڵەتە لە کەمبوونەوەدایە. لە یەکەم سەرژمێریی باوەڕپێکرا لە عێراق-دا، بەپێی سەرچاوەکان دەردەکەوێت، ڕێژەی کورد لە عێراق ساڵ بە ساڵ کەم دەکات. لە ١٩٤٧ ڕێژەکە زیاتر لە ٢٨٪ بووە، تا ١٩٨٧ بۆ کەمتر لە ٢٢٪ دابەزیوە. لە ١٩٩٧ ڕێژەکە کەم دەبێتەوە بۆ کەمتر لە ٢٠٪. لە دوای ٢٠٠٣، تا ماوەیەک بودجەی هەرێمی کوردستان بە ١٧٪ دیاری دەکرا، لەسەر ئەو بنەمایەی کە ڕێژەی دانیشتوانی هەرێم بە بەراورد بە عێراق لەو دەوروبەرەیە. ئەگەر کوردەکانی دەرەوەی هەرێمیش هەژمار بکەین ڕێژەکە دەگاتەوە نزیکەی ٢٠٪ ـەکە. واتە لە ١٩٤٧ بۆ ٢٠٠٣ کورد لە عێراق بە ڕێژەی ٨٪ کەمی کردووە، ئەوەش مانای ئەوەیە کە بەردەوام ڕێژەی کورد لە عێراق لە دابەزیندایە.
نازانم بڵێم خۆشبەختانە یان بەدبەختانە، لە دوای دامەزراندنی هەرێمی کوردستان لە ١٩٩١، دۆخی خەڵکی کوردستان و ئاستی ڕۆشنبیریی و پەروەردە و خوێندنی کوردستانیان بە بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی عەرەبی عێراق زۆر باشتر و بەرزترە. ھیچ شتێک ئەوە نەسلمێنێت، ڕێژەی گەشەی دانیشتوان، کەمیی ژمارەی منداڵ، ئەوە دەسەلمێنێت. ھەر کۆمەڵگەیەک پێشکەوتوو بوو، خێزان بچووکتر دەبێتەوە چونکە ژمارەی منداڵ کەم دەبێتەوە. ئەمە لە کوردستان بە بەبەراورد لەگەڵ عێراق بە زەقی ڕوویداوە. بۆیە ڕێژەی عەرەب بەردەوام لە زیادبوون و کورد لە کەمبوونە. بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە 2017 دا ژمارەی دانیشتوان لە عێراق بۆتە 37 ملیۆن، کە تەنیا 5 ملیۆن و 755 هەزار و کەسیان لە هەرێمی کوردستان دادەنیشن. واتە ڕێژەی دانیشتوانی هەرێم لە ١٧٪ لە ٢٠٠٣ بۆ ١٥.٥٪ دابەزیوە لە ٢٠١٧ دا. لەم سەرژمێرییەدا، من مەزەندە دەکەم، کە ڕێژەی دانیشتوانی هەرێم بۆ دەوروبەری ١٣٪ لە دانیشتوانی عێراق دابەزێت.
بگەڕێینەوە بۆ پرسیارە سەرەکییەکەمان، بۆ بۆکسی نەتەوە لە فۆرمی سەرژمێریی لادرا. من پێموایە هۆکارەکەی بۆ ئەم خاڵانە دەگەڕێتەوە:
یەکەم، ئەگەر نەتەوە لە فۆرمەکاندا بنووسرایە، ئەوە هەموو کوردێک دەیزانی کە نزیکەی ملیۆنێک عەرەب لە هەرێمی کوردستان-دا نیشتەجێن کە ترس و دڵەڕاوکێیەکی جددی دروست دەکرد لەسەر ئاراستەکانی هەرێم لە دواڕۆژدا، جا چ لە پەیوەند بە هەڵبژاردنی پارێزگاکان بێت، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بێت، ڕاپرسی بێت لە هەرێم بۆ سەربەخۆیی یان هەر پرسێکی دیکە.
دووەم، عێراقییەکان نایانەوێت کوردستانیان بزانن کە ئەو ملیۆن عەرەبە، کە ڕۆژانە لە زیادبووندایە، لە دواڕۆژدا لە هەر ڕاپرسییەک بۆ هەموارکردنی دەستووری عێراقی لەوانەیە ئاراستەی دەنگدان لە پارێزگاکانی هەرێم (هەڵەبجە، سلێمانی، هەولێر، دهۆک) بگۆڕێت بە قازانجی شیعە و سوننە، واتە عەرەب لە عێراق-دا. لەبیرتان نەچێت بۆ هەموارکردنی دەستووری عێراق ئەگەر سێ پارێزگا بەپێچەوانەی هەموارکردنەکە دەنگ بدەن ئەوە هەموارکردنەکە ڕەت دەکرێتەوە. بە زیادبوونی ڕێژەی عەرەب لە هەرێمی کوردستان لە دواڕۆژدا ئەم ئەگەرە دێتەگۆڕێ، ئەمڕۆش نەبێت سبەی.
سێیەم، عێراقییەکان نایانەوێت خەڵکی کوردستان بزانن کە نزیکەی ٦٠٠ هەزار عەرەب تەنیا لە ٢٠٠٣ ـەوە تا ئێستا لە کەرکووک و دەورەبەری نیشتەجێ کراون. ئێستا ئەو ژمارەیە لای زۆر کەس زانراوە بەڵام بە فەرمیبوون و بە دەرخستنی لەلایەن دامەزراوەیەکی فەرمییەوە دەنگۆ کاردانەوەی زیاتری لێ دروست دەبوو، بۆیە نەیانویست خانەی نەتەوە لە فۆرمی سەرژمێرییەکەدا هەبێت.
چوارەم، خانەی نەتەوە هەبا، دوای دەرچوونی ئەنجامەکان دەردەکەوت کە ڕێژەی کورد لە عێراق لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوو لە ٢٨٪ وە کەمبۆتەوە بۆ نزیکەی ١٣٪، واتە لە نیوە زیاتر کەمی کردووە. ئەمەش وای دەکرد کە ترسێکی گەورە لەنێو کوردستانیان دروست بکات، بەوەی مانەوەیان لەناو عێراق-دا مایەپووچە و ئەگەرەکانی لاوازبوونی پێگەی کوردستانیان دێنێتەگۆڕێ، کە ئاماژەکانی بە زەقی لەم ساڵانەی دواییدا دەرکەوتووە.
پێنجەم، کەمبوونی ژمارە و ڕێژەی کوردستانیان لە عێراق-دا، دوو بەرئەنجامی ئێجگار ترسناکی دیکەی لێ دەکەوێتەوە، لەوانەی پێشووتر ترسناکتر، کە خۆیان لە کەمبوونەوەی بودجەی تەرخانکرا و بۆ هەرێم و داکشانی ژمارەی کورسییە تەرخانکراوەکان بۆ پارێزگا کوردستانییەکان دەبینێتەوە.
با زیاتر لەم پرسە ڕوونین، لە خولی یەکەمی پەرلەمانی عێراق لە 2005، کوردستانیان ٥٨ کورسیان لە ٢٧٠ کورسی تەرخان کراو بۆ عێراق بردەوە (واتە، ڕێژەی کورسی براوە زیاتر لە ٢١٪ بوو). لە خولی دووەم لە 2010 سەرەڕای زیادکردنی کورسییەکان بۆ 325، کەچی ژمارەی کورسییە براوەکانی کوردستانیان بووە 57 (واتە، ڕێژەی کورسی براوە کەمی کرد بۆ ١٧.٥٪). لە 2014 لە کۆی 328 کورسی، کورد 61 کورسی مسۆگەر کردووە (واتە، ڕێژەی کورسی براوە تۆزێک زیادی کرد بۆ ١٨.٥٪). لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨دا، کورد لە ٣٢٩ کورسی ٥٦ کورسی بەدەستهێناوە (واتە ڕێژەکە ئەمجارە کەمی کردووە و دابەزیوە بۆ ١٧٪). لە دوایین هەڵبژاردندا لە ٢٠٢١، ژمارەی کورسی کوردستانیان زیادی کرد بۆ ٥٨ کورسی (واتە ڕێژەکە تۆزێک زیادی کردووە بۆ ١٧.٥٪). بەگشتی، ئەم زانیارییانە پێمان دەڵێن کە ڕێژە و ژمارەی کورسییەکانی کوردستانیان لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە، ئەوە نەبێت کە کورد لە بچووکردنەوەی بازنە لە عێراق وەک یەک بازنە بۆ هەر پارێزگایەک یەک بازنە زەرەرمەند بووە و ڕێژەی کورسییەکان لە ٢١٪ بۆ ١٧-١٨٪ دابەزیوە.
بەڵام، دوای دەرچوونی ئەنجامەکانی ئەم سەرژمێرییە، لەبەر ئەوەی ژمارەی دانیشتوان لە پارێزگا عەرەبنشینەکان بە بەراورد بە پارێزگا کوردنشینەکان زۆر زیاد دەکات، ئەوە لێرە بەدواوە ڕێژەی کورسییەکانی کوردستانیان ئەگەری هەیە دابەزێت بۆ کەمتر لە ١٥٪. ترسە گەورەکەش ئەوەیە کە بەپێی دەستووری عێراقی دەبێت بۆ هەر ١٠٠ هەزار کەس نوێنەرێک هەبێت لە پەرلەمان، بۆیە ژمارەی کورسییەکانیش زیاد دەکرێت، لە ٣٢٩ وە بۆ نزیکەی ٤٦٠ کورسی، ئەوە ئەگەر ژمارەی دانیشتوان بگاتە ٤٦ ملیۆن. ئەوکات، لەبەر ئەوەی کە ژمارەی کورد بە بەراورد بە عەرەب کەمی کردووە نەک زیاد ئەوە ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانیش کە لە هەڵبژاردنەکاندا دەیباتە زۆر کەمتر دەبێت، بەمەش هێندەی دیکە پێگەی کوردستانیان لە عێراق-دا لاواز دەبێت.
بەڵام ئەوەی من زەندەقم لێی چووە، ئەوەیە کە تا ئەو ڕادەی من ئاگادارم، ئەوانەی پێشبینی ژمارەی دانیشتوانی عێراق دەکەن، ھەموویان پێیان وایە لە ٢٠٥٠ ژمارەی دانیشتوانی عێراق خۆی لە ٨٠ ملیۆن دەدات. لەو ڕێژەیە بەپێی ڕێژەی منداڵبوون لە نێو کورد و عەرەب، پێشبینی دەکرێت کە ڕێژەی کورد بۆ ٧٪ لە عێراق دابەزێت. ئەوەش پێگەی کورد نەک لاواز دەکات بەڵکوو هەر نایهێڵێت.
ئەم پێشهاتانە پێویستی بە قسەی زۆر و بیرکردنەوەی گەورە و ستراتیجیی ھەیە. بەڵام من یەک شت دەزانم و دەڵێم، ئێمە وەک کوردستانیان ھیچ چارەسەرێکمان نییە لە عێراق بێجگە لە جیابوونەوە، سەربەخۆیی، ئەگینا بە ٢٥ ساڵی دیکە کورد لە ھەولێر و سلێمانی و دھۆکیش دەبێت بە کەمینە. بەکورتی، کورد یان خنکان یان جیابوونەوەی لە پێشە. خۆ ئەگەر سەربەخۆیی لەم قۆناغەدا زەحمەت، یان ئەگەرەکانی کەمە، ئەوە دەبێت کوردستانیان دوو شت بکەن، دەوڵەتئاسایەک لە ناو عێراق-دا بۆ کوردستانیان دروست بکەن، واتە هەرێم ببێت بە قەوارەیەک هاوشێوەی هەرێمی کیوبێک لە کەنەدا، تاوەکوو وەک ئەوان سیاسەتی خۆپاراستن لە هەڕەشە و ترس و هەژموونی هەرێمە ئینگلیزیزمانەکان پەیڕەو بکەن. هاوشێوەی کیوبێک، کوردستانیان دەبێت سیاسەتی پاراستنی زمان، سنووری هەرێم (دوای گێڕانەوەی ناوچە دابڕێنراوەکان)، کولتوور، مێژوو، دابونەریتی خۆیان بپارێزن، ئەگینا لەناودەچن.
بەکورتی، هەرێمی کوردستان یان دەبێت سەروەر و سەربەخۆ و ئازاد بێت یان سیاسەتی بەکیوبیککردنی کوردستان لە عێراق پەیڕەو بکات.