زووم..
ئەوەى بووەتە پرسیارە گەورەکەی عێراق، ئایا دوای پەیامە توندەکەى ئیسرائیل لە ئەنجومەنى ئاسایش، عێراق دەبێتە ئامانجی هێرشی ئیسرائیل؟
دوای ئەو نامەیەی تەلئەبیب بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نارد و راستەوخۆ بۆ یەکەمجار شەش گروپی چەکداری عێراقی تۆمەتبار کرد بە دەستپێکردنی هێرش بۆ سەر ئیسرائیل، عێراق خۆی لە گرژییەکدا دەبینێتەوە، کە رەنگە ببێتە هۆی کردنەوەی بەرەیەکی دیکەى جەنگ لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست.
ئیسرائیل شەش گروپی میلیشیای عێراق بە ئەنجامدانی هێرشەكان تۆمەتبار دەكات و دەڵێت سەربە حەشدی شەعبین، حكومەتی عێراق سەرپەرشتیان دەكات و ئێران ئاڕاستەیان دەكات.
ئەو سكاڵایەى ئیسرائیل بردیە ئەنجومەنی ئاسایش، میدیا عەرەبییەکان وەک ئامادەكارییەک بۆ هێرشكردنە سەر عێراق لێکیدەدەنەوە.
بەگوێرەی راپۆرتە ئیسرائیلیەكان تائێستا گروپە چەكدارەكانی عێراق زیاتر لە ١٢٠هێرشیان بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامداوە، كە لەم دوو مانگەی رابردوودا گەیشتووەتە لوتكە.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، هۆشداریی لە ناوەڕۆکی پەیامەکەی ئیسرائیل دا و بە بیانوی لێکدایەوە ئیسرائیل دەستدرێژییەکی پلان بۆ داڕێژراو بۆ سەر عێراق ئەنجامبدات.
بەڵام لە هەمان کاتدا سودانى توڕەیی خۆی لە بەرامبەر گروپەکانى نزیک ئێران نەشاردووەتەوە و چەندجارێک گوتویەتى پاڵ بە عێراقەوە دەنێن بیخەنە نێو بازنەیەکى گرژیی و ملانێی نوێ لە ناوچەکە.
هاوکات واشنتۆن دواین هۆشداریداوە بە بەغداد، کە تەواوی ئامرازەكانی فشاریان بۆ سەر ئیسرائیل كۆتایهاتووە، بۆ رێگریكردن لە ئەنجامدانی گورزی ئاسمانی بۆ سەر عێراق، داوای لە عێراق كردووە هەنگاوی بەپەلە بنێت بۆ رێگەگرتن لەو هێرشانە و جڵەوکردنى گروپ و میلیشیا چەکدارییەکانى سەر بە ئێران.
لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ سکای نیوزی عەرەبی، باسم عەوادی گوتەبێژی حکومەتی عێراق، دەڵێت، عێراق رووبەڕووی هەڕەشەی ئەمنی جدی دەبێتەوە لەلایەن ئیسرائیلەوە، بەڵام عێراق هەموو رێوشوێنێکی دیپلۆماسی و سەربازی دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی سەروەرییەکەی.
كەناڵەكانی عەرەبییە و حەدەسی سعودی، لە زاری سەرچاوەكانیانەوە بڵاویانكردەوە، ئەگەری گوزی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق نزیكە، ئەگەر بەغداد رێگە لە هێرشی ئەو گروپانە نەگرێت كە لەناو خاكەكەیەوە ئەنجامی دەدەن بۆ سەر ئیسرائیل.