زووم..
رۆژنامەی “گاردیەن”ی بەریتانی بڵاویکردەوە، ئەو مووشەکە بالیستییەی ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی روسیا ئاراستەی ئۆکراینى کرد، پێش دەستبەکاربوونى دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا بە هۆشدارییەک بۆ رۆژئاوا دادەنرێت.
بە گوێرەى رۆژنامەکە، هێشتا نازانرێت ترەمپ چۆن مامەڵە لەگەڵ شەڕی ئۆکراین دەکات، کاتێک لە مانگی یەکی داهاتوو دەستبەکار دەبێت، بەڵام پەرەسەندنی بەردەوامى شەڕى روسیا ئۆکراین هاوکێشەیەکی نوێ دەسەپێنێت، کە رەنگە بژاردەکانی دۆناڵد ترەمپ بگۆڕێت.
هەر بە گوێرەى رۆژنامەکە، بەرپرسانی ئۆکراین لەم هەفتەیەدا رایانگەیاندووە، بە سادەیی نازانن سەرۆکی هەڵبژێردراو پلانی چییە؟ جەختیشیان لەوە کردەوە، بەڵام گرنگی بە باشترکردنی دۆخی ئۆکراین دەدات لە بەرەکانی شەڕدا پێش ئەوەی بگاتە کۆشکی سپی.
بەرپرسانی ئەمەریکا، بە هەمان شێوە دڵنیا نین لەوەی سەرۆکە نوێیەکەیان چی دەکات، تامەزرۆی ئەوەن ئۆکراین تا ئەو جێگایەی بتوانن خۆبژێوی بکەن و هاوبەشە ئەوروپییەکانیان ئامادە بکەن بۆ زیادکردنی پشتیوانی لە ئۆکراین دوای رۆیشتنی بایدن لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەیان رەشبینن لە توانای ئۆکرانیا بۆ بەردەوامبوون لە شەڕەکانی تا کاتێکی نادیار .
لە مانگەکانی کۆتایی خولی سەرۆکایەتییەکەیدا، جۆ بایدن شتێکی پێشکەش بە ئۆکراین کرد، ئەویش مووشەکى ئاتاکومی دوور مەودا بوو.
هەروەها مۆڵەتی بەکارهێنانی مینی چێندراوی بە ئۆکراین دا و مافی ناردنی بەڵێندەری سەربازی ئەمریکی بۆ چاککردنەوەی ئەو ئامێرانەیدا، کە ئۆکراین پێویستیانە لە شەڕدا.
لە کاردانەوەى ئەو هەنگاوەى ئەمریکا، روسیا مووشەکێکی لە شەڕى ئۆکراین بەکارهێنا، کە لەماوەى رابردوو پێشینە و بەکارهێنانى نەبووە،
ئەو مووشەکەى روسیا بەکاریهێنا، لە جۆری RS-26، کە لە سەرەتادا بۆ ئەوە دروستکرابوو بتوانێت کڵاوەى ئەتۆمی هەڵبدرێت.
رۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، کە روسیا پێش بەکارهێنانى ئەو مووشەکە، لە رێگەی ناوەندی نیشتمانی کەمکردنەوەی مەترسی ئەتۆمییەوە هۆشداری داوەتە ئەمریکا.
دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملین گوتی: هۆشدارییەکە بە شێوەی ئۆتۆماتیکی هەمیشەیی 30 خولەک پێش هەڵدانی مووشەکەکە نێردراوە.
جەیمس ئەکتۆن، هاوبەڕێوەبەری پرۆگرامی سیاسەتی ئەتۆمی لە کارنێگی بۆ ئاشتی نێودەوڵەتی دەڵێت: روسیا بەو هەنگاوە “مەبەستی بووە بۆ ناردنی پەیامێک بۆ ئەمریکا” .”
ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارەکەی پوتین بۆ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەى ئەمریکا بەڕوونی مەبەست لێی دوورکەوتنەوە بووە لە هەڵگیرسانى جەنگى ئەتۆمى.
ئایا وەڵامدانەوەی ئەتۆمی پوتین پێش دەستبەکاربوونی ترەمپ دەبێت؟
کرێملین پێشتر رایگەیاندبوو، ئێمە “زۆرترین هەوڵ” دەدەین بۆ دوورکەوتنەوە لە ململانێیەکی ئەتۆمی
هاوکات پوتین گوتارێکى پێشکەش کرد و لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوەدا، کە دەتوانرێت ئەو مووشەکە بۆ هێرشکردنە سەر هەر وڵاتێکی هاوپەیمانی ئۆکراین بەکاربهێنرێت، کە مووشەکەکانی بۆ هێرشکردنە سەر روسیا بەکاردەهێنرێت.
ئەو مووشەکەى روسیا بەکاریهێناوە، بە مووشەکی فرە سەری جەنگی ناودەبرێت، مووشەکەکە بە “هایپەرسۆنیک” پۆلێن کراوە، لە ئێستادا بۆ هەڵگرتنى کڵاوەى ئەتۆمى بەکارنایەت.