زووم..
ڤڵۆدیمیر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکراین دەڵێت، هێرشی روسیا بۆسەر ئۆکراین لەڕێی جۆرێکی نوێی مووشەکی بالستییەوە پەرەسەندنێکی روون و مەترسیدارە و داوای کرد لەسەر ئاستی جیهان سەرکۆنە بکرێت.
شەوی رابردوو ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا گوتی، هێزەکانی وڵاتەکەی لەڕێی جۆرێکی نوێی موشەکی بالستییەوە شاری دنیپرۆیان لە ناوەڕاستی ئۆکراین کردووەتە ئامانج.
گوتیشی، مووشەکەکەیان ئاراستەی کۆمەڵگایەکی پیشەسازی سەربازیی ئۆکراین کردووە، کە تێیدا مووشەک و چەک و کەرەستەی سەربازیی دیکە بەرهەمدەهێنرێت.
زێلینسکی لە ئێکس بڵاویکردەوە، ئەمە پەرەسەندنێکی روون و مەترسیدارە، بەکارهێنانی مووشەکی بالستی دژی ئۆکراین بەڵگەیەکی دیکەیە بۆ ئەوەی روسیا خواستی ئاشتیی نییە، گوتیشی پێویستە جیهان وەڵامبداتەوە، لە ئێستادا جیهان کاردانەوەی بەهێزی بۆ ئەم پێشهاتانە نییە.