رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
بەغداد داوا لە ئەمریکا دەکات عێراق لە ئەگەرى هەر هێرشێکى ئیسرائیل بیپارێزێت
فادی شەمەریی راوێژکاری سیاسی سەرۆکوەزیران رایگەیاندووە، مقاوەمەى عێراقى لەناو خاکی سوریاوە هێرشەکەیان ئەنجامداوە و بە ئەرکی بەرپرسانى کۆشکی سپی زانی رێگری لە هەر هێرشێک بکەن، چونکە بەگوێرەى رێککەوتنى نێوانیان پێویستە ئەمریکا عێراق لە هەر هێرشێکی دەرەکی بپارێزێت.
هەروەها سەرۆکوەزیرانى عێراق داوای لە ڤلادیمێر پوتین کرد هەموو تواناکانى خۆی بخاتەکار بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان ئیسرائیل و لوبنان و غەزە، ئەوە لە کاتێکدا هەواڵەکان جەخت لە ئەگەرى هێرشکردنە سەر عێراق دەکەنەوە، ئەوەش لە ئەنجامی ئەو هێرشانەى کە لەلایەن بەرەى مقاوەمەوە لە هێرشى موشەکى کراوەتە سەر ئیسرائیل و ئەویش سکاڵاى لە دژى شەش لەو گروپانە لە ئەنجومەنى ئاسایش تۆمارکردووە، بەرپرسانى عێراقیش وای بۆدەچن ئەو سکاڵایە وەرگرتنى رەوایەتى نێودەوڵەتى بێت بۆ هێرشکردنە سەریان.
پێگەى ئیسرائیل تایمزیش بڵاویکردوەتەوە ئەمریکا عێراقى ئاگادارکردوەتەوە کە هەرچییەکی پێدەکرێت بیکات بۆ کەمکردنەوەى فشارى مقاوەمە لەسەر ئیسرائی.
عەرەب
پاش وێرانبوونى غەزە حەماس واز لە بەڕێوەبردنى دەهێنێت
خەلیل حەیە سەرکردە لە بزووتنەوەى حەماس رایگەیاند، بزووتنەوەکەیان رازی بووە بە بەڕێوەبردنى غەزە لە لایەن لیژنەیەکى ناوخۆییەوە کە لە بنەڕەتدا پێشنیازی میسرە بۆ راگەیاندنى ئاگربەست، چاودێرانیش پێیان وایە ئەم پاشەکشەیەى حەماس چاوەڕوان نەکراو بوو، چونکە یەکێک بووە لەو خاڵانەى کە هەمیشە لە دانوستانەکاندا بە توندی رەتیانکردوەتەوە.
بەگوێرەى بەدواداچوونەکان حەماس بەدواى ئەوەدا دەگەڕێت رێکخراوەکەى لە هەڵوەشانەوە بپارێزێت لەدواى لەدەستدانى ژمارەیەکى زۆر لەسەرکردە و توانا مادى و سەربازییەکانى، بەشێک لە چاودێرانی ناوخۆیش لەو بڕوایەدان حەماس دەیەوێت لەو رێگەیەوە هاوکاریی بگەیەنێتە ئەو شوێنانەى کە مەبەستیانە و سەرجەم ئیدارەکەش لەژێر دامەزراوە نهێنییەکانى خۆیدا بهێڵێتەوە و کەسانێک دابنێت کە ناسراو نەبن، بەڵام لە راستیدا خزمەت بە پرۆژەکەى ئەو بکەن، رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەشکردووە ئیسرائیل بە پێشنیازەکەى میسر قایل بووە بە مەرجێک ئەو ناوچانە نەگرێتەوە کە ئێستا لە ژێردەسەڵاتى هێزەکانى ئیسرائیلدایە و خۆی پێداویستییەکانیان بۆ دابیندەکات.
عەرەبی جەدید
نۆژەنکردنەوەى کەرتى تەندروستى لوبنان پێویستى بە 10 ملیۆن دۆلارە
یوسف بەخاش نەقیبى سەندیکاى پزیشکانى لوبنان رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکانى ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەیان کەرتى تەندروستى زیانى زۆری بەرکەوتووە و بۆ نۆژەنکردنەوەى زیاتر لە 10 ملیۆن دۆلاریان پێویستە، راشیگەیاند لە ئەنجامى هێرشەکەدا نۆ نەخۆشخانەى گەورە بە تەواوەتى لەکارکەوتوون و 22ـى دیکەیان زیانی گەورە و هەندێکیش زیانى کەمتریان بەرکەوتووە، راشیگەیاند ئیسرائیل زیانى زۆری داوە لەژێرخانى لوبنان و لەناویاندا کەرتى تەندروستى و بەگوێرەى ئامارە تەندروستییەکان سەرەڕای کوژراوەکان 15 هەزاربریندار هەیە ، ئاماژەى بەوەشکردووە بەگوێرەى راپۆرتەکانى بانکی نێودەوڵەتى لەسەرەتاى جەنگەکەوە تا ئێستا ئیسرائیل هەشت ملیار و 500 ملیۆن دۆلار زیانى لە وڵاتەکەیان داوە.
قودسى عەرەبی
بەرەى تورکمانى داواى دروستکردنى لیژنەیەکى لێکۆڵینەوە لە سەر پۆلیسى کەرکوک دەکات
لە بەیاننامەیەکدا بەرەى تورکمانى نیگەرانى خۆیان دەربریوە لە ئاسانکاریی گەڕانەوەى رێژەیەکى زۆرى کورد بۆ ناوچە جێناکۆکەکان و رایانگەیاندووە، لە بازگەکانى چیمەن و پردێ-وە ئاسانکاریی زۆر کراوە بۆ ئەو هاووڵاتییانەى کە بەمەبەستى سەرژمێریی هاتوونەتە پارێزگاى کەرکووک و هیچ وردبینییەک لە پێناسەکانیاندا نەکراوە، ئەوەش خاوێنى سەرژمێرییەکە دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
لە بەیاننامەکەیاندا هاتووە بەڕێوەبەرى پۆلیسی کەرکوک دەبێت بەرپرسیارێتى یاسایی ئەو بابەتە لە ئەستۆبگرێت و داواشیان لە وەزیری ناوخۆکردووە بە خێرایی لیژنەیەک بۆ ئەو مەبەستە پێکبهێنێت، لە بەیاننامەکەى بەرەى تورکمانیدا هاتووە هەندێک لایەن دەیانەوێت پرۆسەى سەرژمێریی سەرنەگرێت و دەیانەوێت ئاسایشى پارێزگاى کەرکوک بشیوێنن و لە دەرەوەى شارەکەوە خەڵکیان بەلێشاو هێناوە بۆ ئەوەى لێرە خۆیان تۆماربکەن و ئەو کارەشیان بە کاری بێزارکردن ناوبردووە، لەبەرامبەردا محەمەد شیاع سودانی پرۆسەکەى بەسەرکەوتوو ناوبردووە و پیرۆزبایی لە خەڵکی عێراق کردووە بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەى لە پرۆسەکەیان کردووە.
رۆژنامە تورکییەکان
حوڕییەت
دژى توندوتیژیی دژبە ژنان رێگریی لە 163 هەزار پیاو کراوە
عەلی یەرلیکایا وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند: لە ماوەى 10 مانگی ئەمساڵدا دژى توندوتیژیی دژبە ژنان رێگریی لە 163 هەزار پیاو کراوە و رێگر بوون لەوەی کوشتنى ژنی لێبکەوێتەوە.
وەزیری ناوخۆی تورکیا راشیگەیاندووە، لە رێگەى سیستمی کەلەپچەى ئەلکترۆنییەوە چاودێری ئەو پیاوانە دەکەن کە بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر ژنان، راشیگەیاندووە لە ئێستادا لە رێگەى هەزار و 500 ناوەندی چاودێری کەلەپچەوە لە 62 پارێزگا چاودێری 764 پیاو دەکەن.
لەو ماوەیەشدا پۆلیس پاسەوانی بۆ 44 هەزار و 393 ژن دابین کردووە کە هەڕەشەى کوشتنیان لەسەر بووە.
تورکیا
فیدان: بە وردییەوە چاودێری سەرژمێری کەرکوک دەکەین
هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند: بە وردییەوە چاودێری سەرژمێری شاری کەرکوک دەکەین و پشتیوانی لە پاراستنی مافی تورکمانە هاونەتەوەکانمان دەکەین.
فیدان هۆشداری ئەوەشی داوە لە رێگەى سەرژمێرییەوە ئەگەری گۆڕینی دیموگرافیای کەرکوک هەیە و تورکیا لەسەر خەت دەبێت بۆ هەر ئەنجامێک کە پشت بە ئاماری راستەقینەى شارەکە نەبەستێت.
ئەکشام
زنجیرە تورکییەکان هانی توندوتیژی دژبە ژنان دەدەن
بەگوێرەى توێژینەوەیەکی ناوەندی قەدەم ئاشکرای کردووە لە 14 زنجیرەی تورکییدا زیاتر لە سێ هەزار دیمەنی توندوتیژی دژ بە ژنانی تیا بووە.
ناوەندەکە ئاشکرای کردووە، لە کۆی 327 ئەلقەی 14 زنجیرەى تەلەفیزیۆنی سێ هەزار و 113 دیمەنی توندوتیژى دژ بە ژنانى تیا بووە.
پسپۆڕان رایانگەیاندووە، زنجیرە تورکییەکان بوونەتە هۆکار لەسەر زیادبونی توندوتیژیی دژ بە ژنان لە تورکیا بە ئەندازەى ئەوەی کوشتنى ژنان بووەتە دیاردە لەو وڵاتە.
میللی گەزەتە
لە ساڵی نوێدا گۆڕانکاری لەنێو ئاک پارتیدا دەکرێت
لەپاش هەڵبژاردنی 31ـى ئازار، جارێکی دیکە بابەتى گۆڕانکارییەکان لەنێو ئاک پارتیدا هاتووەتە رۆژەڤ، بە گوێرەى زانیارییەکانى بەرپرسێکی پارتەکە لە مانگی یەکی 2025دا ئاک پارتی کۆمەڵێک گۆڕانکاری لە پۆستی ئەندامەکانیدا دەکات، ئەم گۆڕانکارییە لە بەرپرسانی ئاک پارتی و شارەوانییەکان دەگرێـتەوە. بە جۆرێک تائێستا بە گەورەترین گۆڕانکاری نێو پارتەکە دادەنرێت.
رۆژنامە ئینگیلزییەکان
فاینانشیاڵ تایمز
دادگای لاهای فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ نەتانیاهۆ دەرکرد
دادگای تاوانی نێودەوڵەتی ناسراو بە لاهای بە تۆمەتی تاوان دژی مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و یۆواڤ گالانت، وەزیری پێشووی بەرگریی وڵاتەکە دەرکرد.
بەگوێرەی فەرمانەکەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، ئەو دوو بەرپرسەی ئیسرائیل برسیکردنیان وەک شێوازێکی جەنگ بەکارهێناوە ئەوەش لەڕێی سنووردارکردنی گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان و کردنەئامانجی هاووڵاتییانی مەدەنی غەزە بە ئەنقەست لەو هێرشانەی کردوویانەتە سەر حەماس.
دەیلی تەلەگراف
تا ساڵی 2030 داواکاریی هاوکاریی کەمئەندامی بە رێژەی 250 هەزار زیاددەکات
پێشبینییەکان دەریدەخەن، تا کۆتایی ئەم دەیەیە، رێژەی داوکاریی یارمەتیی دارایی کەمئەندامی لەنێو بەریتانییەکان چارەکە ملیۆنێک زیاددەکات.
بەرزبوونەوەی بەردەوامی ئەم داواکارییە بەو مانایە دێت کە تێچووی یارمەتییەکانی کەمئەندامی تەمەنی کارکردن بەرز دەبێتەوە بۆ 31 ملیار پاوەند تا ساڵی 2030، کە لە سەدا 40 زیادیکردووە بەراورد بە 22 ملیار پاوەندی مەزەندەکراو بۆ ئەمساڵ.
ئامارەکان جەخت لەو ئاڵنگارییە دەکەنەوە کە لەبەردەم پارتی کرێکاراندایە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی بێکاری بەریتانیا، بەگوێرەی زانیارییە فەرمییەکان، نزیکەی دوو پۆینت حەوت ملیۆن کەس هەن کە بەهۆی نەخۆشییەوە نە لە کاردان و نە بەدوای کاردا دەگەڕێن.
ئۆرشەلیم پۆست
ئیسرائیل خواستی زیاترە لە سەردەمی ترەمپ هێرشبکاتەسەر وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران
رۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆستی ئیسرائیلی دەڵێت، ئیسرائیل لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپدا زیاتر مەیلی بۆ ئەوە هەیە هێرش بکاتە سەر وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل بە رۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆستی گوت، لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەسەڵاتی دۆناڵد ترەمپ، ئەگەری هێرشکردنەسەر وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران زۆرتر رێی تێدەچێت.
ساوس چاینا مۆرنین پۆست
چین کێبڕکێ دەکات بۆ کۆکردنەوەی چیپەکانی ئەمریکا پێش ئەوەی ترەمپ سزاکانی توندتربکات
لە کاتێکدا کە ئەگەری ئەوە هەیە لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپ بواری تەکنەلۆجیا سنوورداربوونی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت، هاوردەی چیپە ئەلیکترۆنییەکانی ئەمریکا لەلایەن چینەوە بە رێژەی لە سەدا 60 زیادیکردووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی گومرگی چین، تەنها مانگی رابردوو چین بایی یەک پۆینت 11 ملیار دۆلاری ئەمریکی چیپی کڕیوە، ئەمەش بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو بە رێژەی لە سەدا 60 بەرزبووەتەوە.