کۆسۆڤۆ بە دۆڕاو بە سێ گۆڵى بێ بەرامبەر دانرا و یەکێتى تۆپى پێى وڵاتەکەشى بە پێبژاردنى شەش هەزار یۆرۆ سزادرا.
یەکێتى تۆپى پێى ئەوروپا چەند بڕیارێکى لەسەر یارى نێوان رۆمانیا و کۆسۆڤۆ لە جەولەى پێنجەمى خولى نەتەوەکانى ئەوروپا دەکرد، کە لە خولەکەکانى کۆتایى یارییەکەدا یاریزانانى کۆسۆڤۆ یاریگایان بەجێهێشت، بەهۆى ئەوەى گوێیان لە هوتافى سیاسى بوو، لەلایەن هاندەرانى رۆمانیاوە.
بەگوێرەى بڕیارەکانى یوفا، کۆسۆڤۆ بە دۆڕاو بە سێ گۆڵى بێ بەرامبەر دانرا، لە کاتێکدا یارییەکە تا ساتى چوونەدەرەوەى یاریزانەکان بەبێ گۆڵ یەکسانبوون.
یوفا یەکێتى تۆپى پێى کۆسۆڤۆى بە پێبژاردنى شەش هەزار یۆرۆ سزاداوە، بەهۆى ئەو رەفتارەى هەڵبژاردەى وڵاتەکەى لە یارییەکەدا ئەنجامیدا.
هاوکات یوفا یەکێتى تۆپى پێى رۆمانیاى بەهۆى چەند تۆمەتێک بە ١٢٨ هەزار یۆرۆ سزا، لەوانە هەڵسوکەوتی جیاکاری و ڕەفتاری نەشیاوی تیپەکە لەگەڵ چەند تۆمەتێکی دیکە.
رۆمانیا بە ١٨ خاڵ پێشەنگى کۆمەڵەکەى بەدەستهێنا و لە ئاستى سییەوە سەرکەوت بۆ ئاستى بى خولەکە، کۆسۆڤۆش بەشدارى لە پاشکۆى سەرکەوتن و دابەزین دەکات.