زووم..
نرخى یەک بیتکۆین بۆ 97 هەزار و 777 دۆلار بەرزبووەوە پێش ئەوەی دابەزێت بۆ 97 دۆلار و 246 دۆلار، بەهای گشتی (مارکێت کاپ)شـی گەیشتە یەک ترلیۆن و 930 ملیار دۆلار، ئەوەش بەرزترین نرخێتى لە مێژووى دروستبوونییەوە.
چەند هۆکارێک لە پشت بەرزبوونەوەى نرخى بیتکۆینەوەن، بەگوێرەى ماڵپەرى ئینڤێستینگ، هەواڵى لیستکردنى سندوقى ئاڵوگۆڕى بازرگانى ئاى شەیرى بیتکۆین لەلایەن نازداکەوە، لەکاتێکدا مارکێت کاپى ئەو سندوقە گەیشتووەتە نزیکەى 50 ملیار دۆلار یەکێکە لە هۆکارەکان.
بەگوێرەى سیستمى چاودێرى لوک ئۆن چەین، کە چاودێرى مامەڵەى کۆینەکان دەکات، تەنیا لەماوەى 24 کاتژمێرى رابردوودا مامەڵەکردن لە سندوقەکانى ئاڵوگۆڕى بیتکۆین گەیشتووەتە یەک ملیار دۆلار.
بەگوێرەى ماڵپەرى سى ئێن بى سى ئەمریکى، راگەیاندنى داهاتى کۆمپانیاى ئێنڤیدیا لە چارەکى سێیەمدا لە درەنگانى شەوى رابردوو، کاریگەرى لەسەر نرخى بیتکۆین و تێکڕاى کۆمپانیا تەکنەلۆجییەکانى ئەمریکا هەبوو.
تەنها لەماوەی 24 کاتژمێردا نرخی بیتکۆین زیاتر لە سێ هەزار دۆلار بەرزبووەتەوە، بەوپێیەی نرخی دوێنێی بیتکۆین لەکاتی داخرانی بازاڕەکان 94 هەزار و 399 دۆلار بوو.
هاوکات لەماوەی ساڵێکدا نرخی بیتکۆین زیاتر لە 61 هەزار دۆلار بەرزبووەتەوە چونکە لە 21-11-2023 نرخی یەک بیتکۆین 35 هەزار و 813 دۆلار بوو، بەڵام ئێستا زیاترە لە 97 هەزار دۆلار.