زووم..
کارێکی هونەری لە نیویۆرکی ئەمریکا بە شەش ملیۆن و 200 هەزار دۆلار فرۆشرا کە پێکهاتووە لە مۆزێک و تیپێک بەدەوریدا.
ئەو کارە هونەرییە دوای ئەوەی لە پێشانگای ساوزبی لە نیویۆرک خرایە زیادکردنێکی ئاشکراوە، هەر زوو و دوای چەند خولەکێک لەلایەن سەرمایەدارێکی چینییەوە کڕدرا.
هەرچەندە پێش کردنەوەی پێشانگاکە نرخەکەی بە یەک بۆ یەک ملیۆن و 500 هەزار دۆلار دانرابوو، بەڵام لەکاتی دەستپێکردنی زیادکردنەکەدا نرخەکەی لە 800 هەزار دۆلارەوە دەستیپێکرد و هەتاوەکو پێنج ملیۆن دۆلار رۆشت.
ئەو کەسەی مۆزەکەی کڕیووە ناوی جەستن سەنە و سەرمایەدارێکی چینییە کە خاوەنی دراوی ئەلکترۆنی ترۆنە. جەستن سەن پێنج ملیۆن و 200 هەزار دۆلاری تەنها بە مۆز و تیپەکە داوە و یەک ملیۆن دۆلاریشی داوە بە حەقدەستی پێشانگاکە.
جەستن سەن کە بە تەلەفۆن توانی زیادکردنەکە یەکلایی بکاتەوە و مۆزەکە بکرێت، رایگەیاند: ئەمە تەنها کارێکی هونەری نییە، بەڵکو گوزارشتە لە دیاردەیەکی کلتوری، جیهانی هونەری و کۆمەڵگەی دراوەئەلکترۆنییەکان پێکەوە دەبەستێتەوە.
جەستن سەن گوتیشی کە مۆزەکە ناهێڵێتەوە و دەیخوات، ئەمەش یەکەمجار نییە مۆزەکە بخورێت و پێشتریش چەند کەسێکی دیکە لە پێشنگاکانی دیکەی جیهانی هەمان کاریان کردووە.
بەگوێرەی ئەو رێنماییەی بۆ کارە هونەرییەکە بڵاوکراوەتەوە، هەرکەسێک بیکرێت بڕوانامەیەکی پێ دەدرێت و مافی ئەوەی هەیە دروستی بکاتەوە. ئێستا جەستن سەن دەتوانێت لە ماڵی خۆی یان هەر شوێنێکی دیکە بیەوێت مۆزێک هەڵبواسێت و تیپێکی پێوە بکات، دواتر کە مۆزەکە تێکچوو، دەتوانێت مۆزێکی دیکە هەڵبواسێت.
ئەم کارە هونەرییە ناوی “کۆمیدیان”ـە و لەلایەن هونەرمەندی ئیتاڵی ماوریزیۆ کاتێلانەوە دروستکراوە. ساڵی 2019 هەرایەکی گەورەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نایەوە کاتێک بە 120 هەزار دۆلار فرۆشرا.