زووم..
رۆژنامە فارسییەکان
مەردوم سالاری
تەمەنی کۆچکردن بۆ خوار 18 ساڵ دابەزیووە
بە گوتەی عەلی رەبیعی، یاریدەدەری کۆمەڵایەتی سەرۆککۆماری ئێران، ئارەزووی کۆچکردن لای گەنجانی خوار تەمەنی 18 ساڵ زیادی کردووە، کۆچیش وەک رێگەیەکی هەڵهاتن بۆ نەوەی نوێ سەیر دەکرێت.
عەلی رەبیعی لە سمینارێکدا سەبارەت بە کاریگەرییەکانی کۆچبەری لەسەر ئابووریی وڵات، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە کۆچبەریی دیاردەیەکی جیهانییە بەڵام لە ماوەی دەیەی رابردوودا لە ئێران بووەتە پرسێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری.
ئاماژەی بەوەشکرد، پاڵنەرەکانی کۆچکردن لە نەوە نوێیەکاندا جیاوازن لە رابردوو؛ پێشتر زۆرجار کۆچبەران دەگەڕانەوە بۆ وڵات بەڵام ئەمڕۆ کۆچکردن وەک رێگەیەک بۆ رزگاربوون سەیر دەکرێت و کۆچبەران ناگەڕێنەوە.
کار و کارگەر
جێگری پزشکیان بوو بە بەرپرسی پێداچوونەوەی پلانی گۆڕینی پایتەخت
مەسعوود پزشکیان بە ئاماژەدان بە دەستپێکردنی لێکۆڵینەوە لە پلانی گواستنەوەی پایتەخی ئێران رایگەیاند کە محەمەد رەزا عارف بەرپرسی پێداچوونەوەی ئەم پلانەیە.
جەختیشی لەوە کردەوە کە پشتگوێخستنی ئەم پرسە دەتوانێت وڵات بەرەو قەیرانی ژینگەیی و کێشەی زۆر ببات.
سەرۆککۆماری ئێران بە ئاماژە بە ئاڵنگارییەکانی گەشەپێدان گوتی: دووربوونی تاران لە دەریاوە توانای رکابەریی ئێران کەم دەکاتەوە.
پزشکیان بە ئاماژە بە کێشەکانی تاران رایانگەیاند، کە تاران تووشی قەیرانی جۆراوجۆری ژینگەیی بووەتەوە و چارەسەریی بنەڕەتیش گواستنەوەی ناوەندی سیاسی و ئابوورییە بۆ ناوچەکانی باشوور و نزیک لە دەریا.
ئەفکار
رەشنووسی بڕیارنامەی دژە ئێران درایە ئاژانسی ئەتۆمی
سێ وڵاتی ئەوروپی، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا، رەشنووسی بڕیارنامەیەکیان سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران پێشکەش بە سکرتاریەتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی کرد. ئەم رەشنووسە ئیدیعای سیاسی و ئەمنی لەخۆ دەگرێت و داوا لە ئێران دەکات رێوشوێنی خێرا بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانییەکان بگرێتەبەر.
لە دەقی ئەم بڕیارنامەیەدا داوا لە بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانس دەکرێت کە راپۆرتێکی گشتگیر سەبارەت بە هاوکارییەکانی ئێران بۆ کۆبوونەوەی سێ مانگی داهاتوو ئامادە بکات.
ئێران ئەم بڕیارنامەیە وەک ئامادەکاری دەبینێت بۆ گەڕاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان.
روزگار
کردەوەکانی ئاژانسی ئەتۆمی دژی ئێران، وەڵامێکی هاوتای ئێرانی لێدەکەوێتەوە
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند: ئەگەر له کۆبوونەوەی ئاژانسی وزەی ئەتۆمدا هەڵوێستێکی دژە ئێرانی دەرکەوێت، ئێران وەڵامێکی توند دەداتەوە.
عەباس عەراقچی، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ رافائیل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، پێوەندییەکانی نێوان ئێران و ئاژانس و پێشهاتەکانی پەیوەست بە کۆبوونەوەی ئاژانسەکە لەسەر دۆسیەی ئێرانی تاوتوێ کرد.
جەختیشی کردەوە: ئەگەر وڵاتانی ئەوروپی پێداگری لەسەر دەرکردنی بڕیارنامەیەک لە دژی وڵاتەکەمان بکەن، ئێران کاردانەوەی گونجاوی دەبێت و ئەو وڵاتانە بەرپرسیاری لێکەوتەکانی ئەم بڕیارەن.
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
ئیسرائیل دەستیکردووە بە جێبەجێکردنى پلانێک بۆ بەڕێوەبردنى غەزە
بتس لئیل سموتریچ وەزیری دارایی ئیسرائیل رایگەیاند، سوپاى وڵاتەکەى پلانى داناوە بۆ بەڕێوەبردنى غەزە و میدیاکانى ئیسرئیلیش بڵاویانکردوە سوپاى ئیسرائیل بە هاوکاریی هێزە ئەمنیەکان لەو شوێنانەى کەوتوەتە ژێردەستیان هاوکاریی پێشکەش بە هاووڵاتییان دەکەن، ئەم کارەش لە لایەن حکومەتى فەلەستینەوە رەتکراوەتەوە.
وەزیری دارایی ئیسرائیل بە پێگەى ئەلیکترۆنی (واى نێت)ـى راگەیاندووە، بۆماوەى چەند ساڵێک غەزە بەڕێوەدەبەین و رەتیکردەوە ناوى بنرێت فەرمانڕەوایی سەربازیی، راشیگەیاند دابەشکردنى ئەو هاوکارییانە پێدەچێت رێگەیەک بێت بۆ دەستگەیشتن بە شوێنى ئەو بارمتانەى کە بزووتنەوەى حەماس لەسەرەتاى جەنگەکەوە لاى خۆی گلیداونەتەوە، گوتوشیەتى بەم نزیکانە حەماس هەموو جۆە دەسەڵاتێک لە دەستدەدات و بە بارمتەگیراوەکانیش دەگەڕێننەوە.
عەرەب
بەریتانیا دەرگا بۆ کۆمپانیاکانى وڵاتانى کەنداو دەکاتەوە سەرمایەکانیان بخەنەگەڕ
بەگوێرەى راپۆرتێکى رۆژنامەوانى کیەر ستارمەر سەرۆکوەزیرانى بەریتانیا خۆی بۆ گەشتێکى وڵاتانى کەنداو ئامادەکردووە کە وابڕیارە لە مانگی داهاتوودا بچێتە عەرەبستانى سعودیە و ئیمارات.
بەگوێرەى سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانى رۆیتەرز، بەریتانیا لە پلانى وەبەرهێنان لە وڵاتانى کەنداوەوە دەیەوێت خوڵقی کۆمپانیاکانى کەنداویش بکات تا سەرمایەکانیان لەو وڵاتەدا بخەنەگەڕ ئەوەش لەپێناوى پەڕینەوە لە بوارى بازرگانییەوە بۆ هاوبەشى و پێکەوە کارکردن.
سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن دواى ئەوەى ستارمەر سەرکەوتنى بەدەستهێناوە لە هەڵبژاردنەکاندا ئەمە یەکەم سەردانى دەبێت بۆ وڵاتانى کەنداو و دەیەوێت پەیوەندییەکانى وڵاتەکەى لەگەڵ ئیمارات و هەندێک وڵاتى دیکەی کەنداو ئاسایی بکاتەوە کە پێشتر کەمێک گرژییان تێکەوتبوو. بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەى عەرەب قەبارەى بازرگانى ئێستای نێوان بەریتانیا و وڵاتانى کەنداو زیاترە لە 57 ملیۆن پاوەن، وەزارەتى دارایی بەریتانیاش جەختى کردوەتەوە ئەگەر ئەو پلانە سەربگریت لەماوەکانى داهاتوودا زیاتر لە یەک ملیۆن 600 هەزار پاوەن دەچێتە سەر قەبارەى بازرگانییان.
قودسى عەرەبی
لوبنان لە ئەنجومەنى ئاسایش سکاڵا لە سەر ئیسرائیل تۆماردەکات
نوێنەرایەتى وەزارەتى دەرەوەى لوبنان سکاڵایەکی لە ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى تۆمارکرد سەبارەت بەو هێرشانەى کە لە لایەن سوپاى ئەو وڵاتەوە بۆ سەر تیمەکانى فریاکەوتن و بنکە و تیمە تەندروستییەکان ئەنجام دەدرێت و بەو هۆیەشەوە لە سەرەتاى هێرشەکانەوە تا ئێستا 27 کەس کوژراون و 76 کەسى دیکەیان کە کاریان فریاگوزارییە بریندابوون، لوبنان لەو سکاڵایەدا ئەم کارەى بە دژى مافەکانى مرۆڤ لە قەڵەم داوە و بە رێگریی کردن لە گەیاندنى پێداویستییەکان بە هاووڵاتییان وەسفکردووە و داوای لە ئەنجومەنى ئاسایش کردووە کارى جدی بکەن بۆ رێگریکردن لەم هێرشە بەردەوامانە بۆ سەر بنکەکانى ئاگرکوژێنەوە و دامەزراوە تەندروستییەکان و رێکخراوەکانى هاوکاریی و بەدەمەوە چوونى خەڵک.
جەریدە
مۆسکۆ دەیەوێت مووشەک بداتە حوسیەکان بۆ ئەوەى لە بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا بدەن
دواى ئەوەى جۆبایدن رێگەى دا بە ئۆکراین موشەکى دورمەودا لە دژى روسیا بەکاربهێنن کە دەگاتە قوڵاییەکانى روسیا، مۆسکۆ ئامادەیی خۆی دەربڕیوە موشەکى پێشکەوتوو بداتە حوسییەکانى یەمەن و بەرەى مقاوەمە تا لە دژى ناتۆ و ئەمریکا بەکارى بهێنن.
سەرچاوەکان باس لەوەش دەکەن پێشتر مۆسکۆ موشەکى لەوجۆرەى داوەتە ئێران بۆ رووبەڕووبوونەوەى هێرشەکانى ئەمریکا و بەریتانیا لە کەنداو، رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەشکردووە پێشتریش حوسییەکان جۆرە موشەکێکیان لە دژى کەشتییەکانى دەریاى سوور بەکارهێناوە کە روسى بوون.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی مەیل
12 موشەکی ستۆرم شادۆوی بەریتانی نراون بە رووسیاوە
لە ساڵی 1919ـەوە کە شەڕ لە دژی بەلشەڤییەکان لەئارادابوو، ئەوە یەکەمجارە مووشەک و چەکی بەریتانی بگەن بە ناو ئاسمانی روسیا.
دوێنێ بۆ یەکەمجار هێزە چەکدارەکانی ئۆکراین موشەکە کروزەکانی بەریتانیایان بەکارهێنا و بۆردوومانی روسیایان پێکرد. لە پێشهاتێکی دراماتیکیدا 12 موشەکی جۆری ستۆرم شادۆو لە ئۆکراینەوە تەقێندران و نران بە کورسکەوە. کورسک ئەو هەرێمەیە، کە دەکەوێتە باشوری روسیاوە و سوپای ئۆکراین بەشێکیان لە هەرێمەکەی کۆنترۆڵکردووە. رۆژنامەی دەیلی مەیل زانیارییی هەیە، کە کییەر ستامەری سەرەکوەزیرانی بەریتانیا خۆی ئیمزای لەسەر ئەو رێگەپێدانە کردوە، کە بوار بە ئۆکراین دەدات چەکە بەریتانییەکان بۆ لێدانی روسیا بەکاربهێنرێن.
گاردیەن
ئەندام پەرلەمانە دێرینەکان دەڵێن یاسای مەرگی یارمەتیدراو پەلەی تێداکراوە
دوو ئەندام پەرلەمانی دێرینی بەریتانی بانگەوازێکی هاوبەشیان بڵاوکردوەتەوە، داوادەکەن یاسای مەرگی یارمەتیدراو رەتبکرێتەوە. دایانا ئابۆت لە پارتی کرێکاران و سێر ئەدوارد لەی لە پارتی پارێزگاران لە بانگەوازێکی هاوبەشدا داوادەکەن کە یاسای مەرگی یارمەتیدراو رەتبکرێتەوە، ئەوان دەڵێن ئەو یاسایە پەلەی تێداکراوە، گرفت بۆ ئەو کەسانە دروستدەکات، کە ژیانیان لەبارێکی تەندروستیی نائارامدایە.
ئابۆت و لەی نوسینەکەی خۆیانیان بۆ رۆژنامەی گاردیەنیش ناردووە. ئەم دووانە بەهۆی تەمەنیانەوە پێیاندەگوترێت دایک و باوکی پەرلەمان، لە نامەکەیاندا دەڵێن لایەنی ئاسایشیی یاساکە لاوازیی زۆری تێدایە، بۆیە داوا لە پەرلەمان دەکەن، لە بریی تێپەڕاندنی ئەو یاسایە بیر لەوەبکەنەوە خزمەتگوزاریی تەندروستی باشتر بکرێت.
فاینەنشیەڵ تایمز
فۆرد چوار هەزار کرێکاری خۆی لە ئەوروپادا دەردەکات
لەپاش نزمبونەوەی ئاستی فرۆشی ئۆتۆمبێلی کارەبایی و بەرزبوونەوەی ئاستی هەناردەکردنەکانی چین، فۆرد چوار هەزار کرێکاری خۆی لە ئەوروپادا دەردەکات.
فۆرد بەرنامەی وایە چوار هەزار هەلی کار لە ئەوروپادا کەم بکاتەوە، چونکە ئەم کۆمپانیا بە رەگەز ئەمریکییە هەستدەکات خواست لەسەر ئۆتۆمبێلە کارەباییەکانی کەمبووەتەوە و کۆمپانیا چینییەکان ئێستا زیاتر دەتوانن رکەبەرییان لەگەڵدا بکەن.
ئەم کەمکردنەوەی ستافی کارکردنە رێژەی لەسەدا 14ـی ئەو 28000 کرێکارە بەهێز و بەتوانایانە دەگرێتەوە، کە فۆرد لەناو ئەوروپادا هەیەتی. زۆربەی کرێکارە دەرکراوەکان بەر ئەڵمانیا دەکەوێت. لەوێ 2900 کرێکار دەردەکرێن. بەڵام ئەوانەی بەریتانیان 800ـیان لێ دەردەکرێت.
عەرەب نیوز
لە شەپۆلێکی نوێی توندوتیژیدا لە سودان 40 کەس کوژران
بەلای کەمەوە 40 کەس لە هاوڵاتییە گوندنشیەکانی ناو سودان کوژران. پاش ئەوەی کە هێزە چەکدارەکانی سەر بە گروپە هەڵگەڕاوەکان هێرشێکی دوو رۆژەیان بۆ سەر چەند لادێیەک ئەنجامدا و بارودۆخەکانی ئەو شوێنانەی سنوری ویلایەتی جەزیرەیان قورسترکردەوە.
یەکەمین پەلاماری ئەو هێزانەی چەکدارەکانی فریاکەوتنی خێرا سەرەتا کرایە سەر گوندی (وادی عووشەیب) کە 100 کیلۆمەتر لە پایتەختەوە دوورە. شەوی رابوردووش جارێکی دیکە هێرشیان کردەوە سەر (وادی مەدەنی) و لەوێش خوێنڕشتنێکی زۆریان ئەنجامدا. دواجار لە هەردوو گوندەکەدا 40 کەس کوژران.
رۆژنامە تورکییەکان
تورکگون
ئەردۆغان: ئامانجمان تورکیایەکی بێ توندوتیژییە
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرکۆماری تورکیا لەکاتی گەڕانەوەی لە بەرازیل لێدوانی بۆ رۆژنامەنوسان دا و وەڵامی پرسیارەکانی دانەوە.
لەبارەی پرسی کۆتاییهێنانی شەڕ لەگەڵ پەکەکە گوتی، لەبەرامبەر ئەو پێکهاتانەی لەوبەری سنورەکانمانەوە بەردەوام دەبنە هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییمان، بە دڵنیاییەوە تەحەمولمان نیە. دەبێت باکووری سووریا پاک بکرێتەوە لە پەکەکە\یەپەگە کە بە پاڵپشتی ئەمریکا داگیری کردووە.
ئەردۆغان لەبارەی هەنگاوە ئەمنیەکانی ناوخۆی تورکیا گوتی، ئەو هەنگاوانەی دەینێین کۆتاییهێنانە بە تیرۆر و ئامانجی کۆتاییمان هەر ئەمەیە. کە با وانەزانێت کە ئێمە دەستبەرداری جەنگی دژی تیرۆر دەبین موخاتیبی ئێمە میللەتەکەمانە، ئەو زەمینانەی کە پەکەکە بەخراپ بەکاری هێناون ئامانجمانە لە بناغەوە ریشەکێشیان بکەین.
سەباح
برایەتی لەم دڵەدا دەژی
محەمەد بەرات-ی حەوت ساڵ کە نەخۆشی دڵی هەیە و لایەنگرێکی سەرسەختی یانەی فەنەرباخچەیە، دڵی منداڵێکی نۆ ساڵەی بۆ گوێزرایەوە بە ناوی یغیت کورت کە بەهۆی رووداوێکی هاتوچۆوە گیانی لەدەستدا و هاندەرێکی سەرسەختی گالاتەسەرای بوو، ئەویش دوای بەخشینی دڵەکە لەلایەن کەسوکاری قوربانیەکەوە بە محەمەدی حەوت ساڵان کە چەندین ساڵە بەهۆی نەخۆشی دڵەوە دەناڵێنێت.
ئێستا محەمەد بەرات بە دڵێکی یغیت دەژی، یغیت پێش ئەوەی بمرێت خوازیار بوو ماسکەیەکی لە دەموچاوی یاریزان ئۆسیمهەن لەبەر بێت، ئێستا باوکی محەمەد دەڵێت کە کوڕەکەم چاک بووەوە بە ماسکی ئۆسیمهەنەوە دەچین سەردانی ماڵی یغیت دەکەین و سوپاسیان دەکەین تاوەکو بزانن کە کوڕەکەیان لەو دڵەی کوڕەکەی مندا دەژی.
جمهوریەت
نێوەندگیرییەکان هیچیان لێسەوز نەبوو
ئێستا لە میدیای عەرەبی باس باسی جێگیربوونی حەماسە لە تورکیا. بەرپرسێکی حەماس دەڵێت، سەردانەکەی سەرۆکی هەواڵگری ئیسرائیل بۆ تورکیا و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی دەزگای هەواڵگری میللی تورکیا ناسراو بە میت هیچی لێسەوز نەبووە و نێوەندگیریەکان بۆ جێگیر بوون هیچ رێککەوتنێکیان لێ سەوز نەبووە.
تورکیا
ئەردۆغان راسپاردەی هەیە بۆ هاوردەکردنی گۆشت لە بەرازیلەوە
ئەو کەسانەی بە بەهانەی جیاواز نرخی گۆشتیان بەرز کردوەتەوە لەمەودوا ناتوانن وا بە ئاسانی پێیدا تێپەڕ بن و ئێستا بیر لەوە دەکرێتەوە کە گۆشتی سوور لە دەرەوە هاوەردە بکرێت لەکاتێکدا لەسەدا 15 نرخەکەی بەرزبوەتەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرکۆماری تورکیاش رایگەیاندووە، کە بۆ دابەزاندنی نرخی گۆشت لە دەرەوەی وڵات گۆشت هاوردە بکەن بەتایبەت لە بەرازیلەوە.