زووم
لە رۆژهەڵاتی کوردستان ٩٢ رێکخراوی ژینگەپارێز هەڵمەتی ژیاندنەوەی زاگرۆسانەیان راگەیاند، کە لە هەڵمەتەکەدا هەزاران نەمام دەچێنن و دارستانەکان دەژێننەوە.
ئەم رێکخراوە ژینگەپارێزییانە کە ژمارەیان ٩٢ رێکخراوە، بە راگەیەندراوێک داوایان لە خەڵک کردووە لەم مانگەدا بەشداری هەڵمەتی نەمام چاندن بکەن.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: بەداخەوە سووتان، داگیرکردن، قەڵاچۆ و بنەبڕکردنی دارستانەکان، نەخۆشی جۆراوجۆر و دەستێوەردانی مرۆڤ وەکوو دروستکردنی بەنداو، کارگەی بەردشکێن لە دڵی دارستان و دەیان کاری هاوچەشن و کاولکارانە، ژینگەی زاگرۆسی خستۆتە هەڵدێری تیاچوون و فەوتان.
دەشڵێن، بۆیە هەڵمەتی زاگرۆسانە بە مەبەستی هوشیارکردنەوەی کۆمەڵانی خەڵک، تێکەڵبوون بە رەوتی پیرۆزی ژینگەپارێزی و ساڕێژکردنی بەشێکی بچووک لە زامەکانی نیشتمانە.
ئاماژەیان بەوەش کردوە، بۆیە ئەمساڵیش هاوشێوەی ساڵانی پێشوو، داوا لە تەواوی هاونیشتمانیان، رێکخراوەکان، شاخەوانان، چالاکوانانی ژینگەپارێز و مەدەنی دەکەین لە مانگی داهاتوودا چالاکی چاندنی دنکەکانی بەڕوو، قەزوان، بادام و دارە جۆراوجۆرەکان بە گوێرەی جوغرافیای ناوچە جیاوازەکانی زاگرۆس بەڕێوە ببەن.