زووم
رۆژنامە فارسییەکان
باختەر
حاڵەتەکانی ” گەستنی سەگ” لە کرماشان سێ هێندە زیادیکردووە
بەڕێوەبەری گشتیی پزیشکی دادوەری پارێزگای کرماشان، زیادبوونی بەرچاوی حاڵەتەکانی گەستنی سەگی لە پارێزگاکە راگەیاند.
دکتۆر بێهتاش خانی ئاباد رایگەیاند، لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا 23 حاڵەتی گەستنی سەگ لە پزیشکیی دادوەریی کرماشان تۆمارکراوە.
ئامارەکە بەراورد به ساڵی رابردوو کە تەنها هەشت حاڵەت تۆمارکراوە، نزیکەی سێ هێندە زیادی کردووە.
خانی ئاباد هەروەها ئاماژەی بەوەدا، کە ئەم ئامارە تەنها پەیوەندی بە حاڵەتەکانی تۆمارکردنی سکاڵا و داواکاری پشکنینەوە هەیە، پێدەچێت ژمارەی راستەقینەی گەستنی سەگ لە پارێزگاکە زۆر زیاتر بێت.
جەوان
600 کەس لە بازاڕی هونەری دەستیی سەوڵاوا کاردەکەن
بازاڕی پیشە و هونەری دەستی پارێزگای سنە بە ئامانجی پاراستن و بانگەشەکردن و فرۆشتنی بەرهەمە ناوخۆییەکان دەستیپێکرد.
کامەران مورادی، بەڕێوەبەری ئەم پڕۆژەیە، ئاماژەی بەوەکرد، ئەم کارە یارمەتیدەر بووە بۆ زیندووکردنەوەی هونەرە لەبیرکراوەکان و تۆماری نیشتمانیی ئەم هونەرانە.
ئەم بازاڕە جگە لە بوژاندنەوەی کاری دەستی، هەلی کاری راستەوخۆی بۆ 600 کەس رەخساندووە، بەرهەمهێنانی پەرەپێداوە، ورەی هونەرمەندان و فرۆشیارانی بەرزکردووەتەوە.
هەروەها هەناردەکردن بۆ وڵاتانی دراوسێ وەک عێراق، کوێت، تورکیا و سوریا یارمەتیدەر بووە بۆ داهاتی زیاتر و فراوانکردنی ئەو هونەرانە.
ئەم بازاڕە ناوچەکەی کردووە بە شوێنێکی سەرنجڕاکێش بۆ گەشتیاران و هونەردۆستان.
ئەبرار
تای خوێنبەربوون لە ئێران بە خێرایی لە بڵاوبوونەوەدایه
گوتەبێژی کۆمسیۆنی تەندروستیی پەرلەمان، هۆشداریدا لەوەی مەترسیی بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون لە پارێزگای سیستان و بەلوچستانەوە بۆ ناوچەکانی دیکەی ئێران زۆره.
بەگوێرەی زانیارییەکان، تەنیا لە شاری چابەهاری سەر بەو پارێزگایه 400 کەس تووشی ئەم نەخۆشییە بوون و هەروەها بڵاوبوونەوەشی بەردەوامە.
ئیسحاقی جەختی لەوە کردەوە، وەزارەتی تەندروستی بە تەنیا توانای مامەڵەکردنی لەگەڵ ئەم قەیرانەدا نییە و پێویستی بە هاوکاریی نێوان وەزارەتەکان و رێکاری خۆپارێزی لە ئەنجوومەنی باڵای تەندروستی هەیە.
دەشڵێت، ئاوەڕۆ و ئاوە پیسبووەکان لە هۆکارە سەرەکییەکانی بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوونن لەم ناوچەیەدا کە پێویستە رێوشوێنی خێرا بگیرێتەبەر بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی لە تەواوی ئێراندا.
ئەسکەناس
بەریتانیا سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند
حکومەتی بەریتانیا بەهۆی گواستنەوەی مووشەکی بالیستیک لە ئێرانەوە بۆ روسیا سزای بەسەر ئێراندا سەپاند.
ئەم سزایانە بریتین لە بەستنی سەروەت و سامانی هێڵی ئاسمانی ئێران ئایر و هەروەها کەشتیوانیی کۆماری ئیسلامی ئێران.
دەیوید لەمی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکاندا جەختی لەسەر پابەندی وڵاتەکەی بۆ راگرتنی پشتیوانیی ئێران له شەڕی نایاسایی روسیا کردەوە.
ئەم گەمارۆیانە درێژەپێدەری کردەوەکانی پێشووی وڵاتانی ئەوروپایە لەدژی ئێران و مەبەست لێی رێگریکردنە لە گواستنەوەی چەک بۆ روسیا.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی مەیل
پوتین رێخۆشکەری بۆ هێرشی ئەتۆمی دەکات
پاش ئەوەی شەوی رابوردوو ئۆکراین بۆ یەکەمجار موشەکە دوورمەوداکانی ئەمریکای بۆ بۆردومانکردنی ناوەوەی روسیا بەکارهێنا، مۆسکۆ هەڕەشەی بەکارهێنانی بۆمبی ئەتۆمی دەکات.
لە هەزارەمین رۆژی شەڕەکەدا کییڤ شەش موشەکی “ئەتاکەمز”ـی لە ناوچەیەکی دوورەوە گرتووەتە دیوی ناوەوەی سنوری روسیا.
مۆسکۆ دەڵێت، پێنج لەو موشەکانە بەرداوەتە خوارەوە و تەنها یەک دانەیان لە دووریی 70 میل لە دیوی ناوەوەی سنورەوە لە ئامانجێکی داوە. راستەوخۆ پاش ئەو پەلامارانە ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا یاسایەکی نوێی ئیمزاکردوە، کە گۆڕانکاری لە یاساپێشووەکاندا دەکات و رێگە بە سەربازەکانی دەدات، کەی پێیان باش بوو بتوانن چەکی ئەتۆمی بەکاربهێنن.
دەیلی تەلەگراف
قەدەغەکردنی بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا لە هەرزەکاران بووە بە رۆژەڤ
لە بەریتانیا قسەوباس لەسەر قەدەغەکردنی بەکارهێنانی سۆشیالمیدیا بۆ گەنجانی خوار تەمەنی 16 ساڵ بووە بە بابەتی گفتوگۆلەسەرکردن. بەریتانیاش دەیەوێت هەروەکو ئوسترالیا لە نەوجەوانانی خواری ئەو تەمەنەی قەدەغەیبکات.
ئەگەر خاوەنی کۆمپانیا گەورەکانی سۆشیالمیدیا کارێک نەکەن رێگری لە گێچەڵپێکردن بکات، ئەوا بەریتانیاش ئەم هەنگاوە یاساییە دەباتە بواری کارپێکردنەوە.
ئەمڕۆ پیتە کایڵ داوا لە دەزگای ئۆفکۆم دەکات، لە تاوتوێکردنی ئەم مەسەلەیە باشتر ووردببنەوە، ئەگەر گەشتن بەو بڕیارەی قەدەغەیان بخەنە سەر دەبێت رێوشووێنی جێبەجێکردنی یاساکەیان توندوتۆڵ بێت.
عەرەب نیوز
نێردەی ئەمریکا: دەتوانرێت شەڕی سەر لوبنان کۆتایی پێبهێنرێت
ئامۆس هۆکشتاینی نێردەی ئەمریکا گەشبینە بەوەی دەتوانرێت شەڕی سەر لوبنان کۆتایی پێبهێنرێت. دەڵێت، گەیشتن بە رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی لوبنان ئامانجێکە دەتوانین پێیبگەین.
ئەم لێدوانەی ئامۆس پاش ئەوە هات، کە سەردانی لوبنانی کرد و دیدارێکی دوو کاتژمێریی لەگەڵ “نەبیه بەری” سەرۆکی پەرلەمانی لوبناندا ئەنجامدا. نەبیه بەرییش لەلایەن حزبوڵاوە رێگەی پێدراوە بەناوی ئەوانەوە دانوستاندن بکات، ئومێدی ئەوەیان هەیە بتوانن بگەن بە ئاگربەستێک وەک سەرەتایەک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی لوبنان.
گاردیەن
خۆپیشاندان جوتیارانی بەریتانیا گەیشتە ناوشارەکان و گەمارۆی پەرلەمانیان دا
هەزاران جوتیاری بەریتانی بە خۆیان و تراکتۆر و کەرەستەکانی کشتوکاڵکردنیانەوە رژانە ناو شەقامەکانی پایتەخت و گەمارۆی پەرلەمانی وڵاتەکەیان دا. کۆبونەوە و خۆپیشاندانی جوتیاران بۆ دەربڕینی ناڕەزاییان بوو لەوەی حکومەتەکەی ستامەر باجی لەسەر زیادکردوون. منداڵەکانی جوتیارەکانیش بوبوون بە بەشێک لە خۆپیشاندەران، واتە جوتیارەکان بۆ دەربڕینی ناڕەزاییان منداڵەکانیشیان لەگەڵ خۆیاندا بردۆتە ناو شەقامەوە.
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
چین بەردەوامە لە پشتیوانییەکانی بۆ رێککەوتنى سعودییە و ئێران
سعودییە و ئێران پابەندبوونى خۆیان بەو رێککەوتنەوە راگەیاند، کە رۆژی 10ـی مارسی ساڵی رابردوو بۆ ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانیان ئەنجامیاندابوو.
هاوکات چین ئامادەیی خۆی بۆ بەردەوام بوون لە پاڵپشتی و هاندانی ئەو هەنگاوانەی سعودیە و ئێران، بە ئاراستەی پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییەی نێوانیان لە بوارە جیاجیاکاندا دووپاتکردەوە.
دوای 20 مانگ لە راگەیاندنی ئاشتەوایی مێژوویی و دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان لە ژێر چاودێری چین، سعودییە و ئێران، پابەندبوونی تەواوی خۆیان بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە کردەوە کە لە 10ـی ئازاری 2023دا دووپاتکردەوە، پێزانینی خۆشیان بۆ ئەو رۆڵە گرنگە دەربڕی کە پەکین پێیهەستاوە.
قودسی عەرەبی
رۆبۆتە خۆکوژەکانى ئیسرائیل باڵەخانەکانى باکوورى کەرتى غەززە دەتەقێننەوە
سوپای ئیسرائیل چەندین جارە رۆبۆتى سەربازیی خۆکوژ و بۆمبڕیژکراو بەکاردەهێنێت بۆ وێرانکردن و تەقاندنەوەى خانوو و باڵەخانە بەپێوەماوەکانى باکووری کەرتى غەززە.
ئەوەی هێزەکانى ئیسرائیل پیادەى دەکات، بۆ ئەوەیە ئەو دانیشتوانەی تاکو ئێستا لە باکوری کەرتەکە ماونەتەوە بەتەواوەتەی چۆڵی بکەن.
ئەوکارە بووەتە هۆی ئەوەى رۆژانە بێ دەستپارستن کۆمەڵکوژی ئەنجامبدات و خەڵکى مەدەنى و ژن و منداڵ بکوژێت.
ئەو رۆبۆتە سەبازییانە لەسەرەتادا ژێرخان و باڵەخانە خزمەتگوزاریی و حکومییەکانی دەکردە ئامانج، ئێستا دەستیکردووە بە تەقاندنەوە و وێرانکردنى ماڵەکان و شوێنەکانى نیشتەجێبوون لە باکوری کەرتەکە.
عەرەب
هێرشەکەى حەماس و لێکەوتەکانى کەرتى غەززە پیاوانى ئاینى هێناوەتە گفتوگۆ
هێرشەکەى بزوتنەوەى حەماس بۆ سەر ئیسرائیل کە بووە هۆی هەڵایسانى جەنگی غەززە و ئەو ماڵوێرانى و شەڕوکوشتارەى لێکەوتەوە، بووەتە مایەى گفتوگۆی چڕوپڕ و ناکۆکى نێوان پیاوانى ئاینى فەلەستین و کەرتەکە.
هەندێکیان پێیانوایە هێرشەکەى حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و ئەوەى ئێستا لە غەززە دەگوزەرێت، کارێکی نا یەکسان و نا بەجێ بووە و هەندێکی دیکەیان پێیانوایە هێرشەکەى 7ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 2023، کارێکی دروست و شەرعی بووە
جەریدە
بایدن قورسایی خۆی بۆ ئاگربەستى لوبنان دەردەخات؛ کلیلەکەش لە دەست نەتانیاهۆیە
نێردەی ئەمریکا بە مەبەستى رێککەوتن و ئەنجامدانى دانوستانێکى بونیادنەرانە بۆ ئاگربەستى حزبوڵا و ئیسرائیل دەگاتە بەیروتی پایتەخت، ئەمەش باس و خواسی ئەوەى هێناوەتە پێش، ئامۆس هۆکشتاین قورسایی ئیدارەکەى بایدن بەکاربهێنێت و هەلێکی گەورەى ئاگربەستەکە پێشکەش لایەنە ناکۆکەکان بکات.
بە تایبەت جۆ بایدن دەخوازێت قوسایی خۆی بەکاربهێنێت بۆ ئەو ئاگربەستە بەر لەوەى لە مانگى کانونى دووەمى ساڵی داهاتوو ئیدارەکەى رادەستى دۆناڵد ترەمپ بکات.
بایدن هۆکشتاینى راسپاردووە، گەڕی ئەو دانوستانە بە نەبیل بەری، سەرۆکى پەرلەمانى لوبنان کە هاوکات راسپێردراوى حزبوڵای لوبنانە بۆگفتوگۆی ئاگربەست، دەستپێبکات و داڕشتەى کۆتایی و خاڵ و داواکارییەکانیان پێشکەش بکەن بەرلەوەى بچێتە تەلئەبیب و لەگەل بەرپرسانى ئیسرائیل کۆببێتەوە.
رۆژنامە تورکییەکان
سەباح
باخەچەلی: لەگەڵ ئەردۆغاندا پەیوەندیمان پتەوە
دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی گشتیی مەهەپە، سەبارەت بە دەنگۆی تێکچونی پەیوەندییەکانى خۆی و ئەردۆغان رایگەیاند، لەگەڵ ئەردۆغاندا پەیوەندیمان پتەوە. “هاوپەیمانی ئێمە و ئاک پارتی لەسێبەری رێککەوتنى کۆمارییدا درێژەى هەیە، دوژمنانی ئێمە لە هەوڵی ئەوەدان هەواڵی نادروست و پڕوپاگەندە لەدژی ئێمە بڵاوبکەنەوە”
تورکیا
ئاژەڵی پێویست هەیە و نرخی گۆشت گرانە
وەبەرهێنەرانی کەرتی ئاژەڵداریی رایانگەیاندووە، تورکیا بەگوێرەى پێویست ئاژەڵی هەیە سەرەڕای ئەوەی گۆشتفرۆشەکان دەڵێن، لەماوەى مانگێکدا نرخی گۆشت بە رێژەى 10٪ بۆ 15٪ گران بووە.
پێشتر نرخی کیلۆیەک قیمە لە 450 لیرەی تورکی بوو، ئێستا بووەتە 680 لیرەى تورکی.
سەرۆکی کۆمەڵەی گۆشتفرۆشانی تورکیا رایانگەیاند، پێویستە نرخی کیلۆیەک قیمە 550 لیرە بۆ 600 لیرەى تورکی زیاتر نەبێت. ئەمە لەکاتێکدایە لە هەندێ لە مارکێتەکان نرخی کیلۆیەک قیمە گەیشتۆتە 700 لیرەى تورکی.
یەنیچاخ
سێ ملیۆن و نیو خانەنشین لەبەر بژێوی کاردەکەن
بەگوێرەى ئامارەکان خانەنیشنان لە تورکیا و باکووری کوردستان بەهۆی بارگرانی ژیان و کەمی موچەکانیانەوە سەرەڕای خانەنشینبونیان کاردەکەن.
چاوەڕێ دەکرێت، لە ساڵی نوێدا موچەی سێ ملیۆن و 500 هەزار خانەنشین زیادنەکرێت. بەمەش ژیانی خانەنشینان ئاستەمتر دەکات.
لەماوەى 10 مانگی ئەمساڵدا 668 کەس کە تەمەنیان لە 50 سال زیاتر بووە لەسەر کارەکانیان گیانیان لەدەستداوە.
ئەڤرەنسەل
لە 10 مانگدا 184 ژن بەشێوەیەکی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە
لەماوەى 10 مانگی ئەمساڵدا 184 ژن بە شێوەیەکی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە. زۆرێک لەو کوشتنە گوماناویانە لەدادگا دۆسیەکەیان یەکلانابێتەوە و بکوژەکان دەستگیرناکرێن.
رێکخراوەکان ژنان ئاماژەیان بەوەکردووە ئەو ژنانەى بە شێوەیەکی گوماناوی گیان لەدەستدەدەن، گومان لەوە دەکرێـ لەلایەن کەسە نزیکەکانیانەوە کوژرابێتن لەوانەش: هاوسەر، باوک، برا و هاوسەری پێشووەوە کوژرابێتن.