سەرۆک و ئەندامانى دەستەی کارگێڕی یانەى رانیە لەسەر بایکۆتى یاریزانانى تیپی تۆپی پێى یانەکەیان کۆبوونەوە.
ئەمڕۆ لە شاری رانیە، کۆبوونەوەیەکی گرنگ لە نێوان سەرۆک و ئەندامانی یانەى رانیە و بەرپرسانی حزبی و ئیداری بەڕێوەچوو، بەڵام بەبێ گەیشتن بە هیچ چارەسەرێک کۆبوونەوەکە کۆتایی هاتووە.
زووم زانیویەتی لە ئێستادا هاندەرانی یانەکە لە بەرپرسانی حزبی و ئیداریی رانیە و یانەکەیان تووڕەن، چونکە پێش هەڵبژاردن بەڵێنی زۆر بە یانەی رانیە دراوە، بەڵام هیچی جێبەجێ نەکراوە و کێشەکان زۆرتربوون.
یاریزانانى رانیە نزیکەى ٥٠ رۆژە مووچەیان وەرنەگرتووە و بەو هۆیەشەوە بەشدارى یاریى یانەکەیان بەرامبەر یانەى شێروانە لە هەفتەى سێیەمى خولى نایابى کوردستان نەکرد، یانەکەش بە دۆڕاو بە سێ گۆڵى بێ بەرامبەر دانرا.
بایکۆتى یاریزانەکانى ڕانیە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە نزیکەى ٥٠ رۆژە موچەیان وەرنەگرتووە، لە کاتێکدا سێ هەفتە بەسەر خولى نایابى کوردستاندا تێپەڕیوە.