زووم..
سبەینێ لە مێژووی عێراق و هەرێمی کوردستاندا فراوانترین پرۆسەی سەرژمێریی گشتی دانیشتووان ئەنجامدەدرێت و تیمەکان سەردانی ماڵەکان دەکەن بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکەش لە کاتژمێر 12ـی ئەمشەوەوە بۆ ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوو قەدەغەی هاتووچۆ بەردەوام دەبێت.
مەهدی عەلاق راوێژکاری نیشتمانی بۆ سەرژمێری دانیشتوان بە رۆژنامەی سەباحی گوتووە، بۆ جێبەجێکردنی پرۆسەی سەرژمێریی گشتی دانیشتووان رۆژانی 20 و 21ـی ئەم مانگە لە مێژووی عێراقدا فراوانترین پرۆسەی سەرژمێری لەڕێی تیمەکانەوە بەڕێوەدەچێت و تایبەتمەندییەکانی دیمۆگرافی، کۆمەڵایەتی، ئابوریی تۆمار دەکرێن.
بەگوتەی مەهدی عەلاق پرۆسەی سەرژمێرییەکە ئەلیکترۆنی دەبێت و تیمەکان تەواوی زانیاریی دروستەکانی خێزانەکان لەڕێگەی تابلێتەکانەوە تۆمار دەکەن و راستەوخۆ دەینێرنە سەنتەری ناوەندی کۆکردنەوەی ئامار و زانیارییەکان، بۆیە ئەنجامەکان بە خێرایی دەردەکەون.
هاوکات عەبدولزەهرە هنداوی گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە رۆژنامەکەی گوتوە، 120 هەزار بژمێرکار و توێژەر پرۆسەکە بەڕێوەدەبەن و لەلایەن حکومەتیشەوە بڕی 459 ملیار دینار بۆ سەرخستنی پرۆسەکە تەرخانکراوە.
لیژنەی باڵای ئەمنی عێراق بڕیاریداوە تەواوی هێزە ئەمنییەکانی عێراق بۆ رۆژانی سەرژمێرییەکە بخرێنە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، هەرچەندە لەو دوو رۆژەدا قەدەغەی هاتووچۆ دەبێت، بەڵام جوڵەی بازرگانی و گەشتە ئاسمانییەکان بەردەوام دەبن.