زووم..
رۆژنامە فارسییەکان
باختەر
کرماشان ناوەندی نووسین و خۆشنووسیە لە ئێراندا
پسپۆڕی لێکۆڵینەوەی میراتی فەرهەنگیی کرماشان رایگەیاند، دەکرێ ئەم پارێزگایە بە ناوەندی پەرەسەندنی خەت و نووسینی ئێران بناسرێت.
عەلیرەزا مورادیی بێستونی بە ئاماژەدان بە بەڵگە مێژووییەکان، کرماشانی بە تاکە پارێزگای ئێران زانی کە پەرەسەندنی خۆشنووسی و نووسین لە هەموو قۆناغە مێژووییەکانیدا بەڵگەی لەسەرە.
لەنێو بەرهەمە کۆنە گرنگەکاندا، دەتوانین ئاماژە بە نووسراوەکانی سەرپێڵ زەهاب بکەین کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ پێنج هەزار ساڵ، بەردەنووسراوی بێستون کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سێ هەزار ساڵ.
ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە کرماشان لە قۆناغە مێژووییە جیاوازەکاندا، لە نووسیندا رۆڵێکی گرنگی هەبووە. وەک گەنجینەیەکی مێژووی ئەدەبی پێویستی بە گرنگیدانی زیاتری نیشتمانی و نێودەوڵەتی هەیە.
مەردوم سالاری
رۆژانی سەرژمێری دەروازە سنورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران دادەخرێن
پارێزگاری قەسری شیرین داخستنی سنوورەکانی خوسرەوی و پەروێزخانی بۆ ماوەی دوو رۆژ راگەیاند.
محەممەد نەجەفی گوتی: رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هەناردەکردن و هاتووچۆی خەڵک لەو سنوورانەوە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق رادەگیرێت.
ئەم داخستنە کاتییە بۆ سەرژمێری دانیشتوان و نیشتەجێبوون لە عێراق دەگەڕێتەوە.
ناوبراو داوای لەگەشتیاران کرد، گەشتەکەیان بۆ رۆژانی دیکە دوابخەن.
سنووری خوسرەوی رۆژانە نزیکەی 1500 کەس هاتووچۆی لێدەکەن و هەروەها لە سنووری پەروێزخان وەک یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی هەناردەکردن، رۆژانە 2000 بارهەڵگری پێدا تێدەپەڕێت.
ئاگاهــ
ئێران تەکنەلۆژیای گەیشتن بە قووڵایی دوو هەزار مەتریی زەریای بەدەستهێنا
پەیمانگای توێژینەوەی زەریاناسی ئێران رایگەیاند، پەیمانگاکە ئامێرێکی تایبەت بە گەڕان لە قووڵایی 2120 مەتر لە زەریادا دروستکردووە کە تەنها 14 وڵاتی جیهان توانای دروستکردن و بەکارهێنانیان هەیە.
ئەم ئامێرە رێگە بە توێژەران دەدات، توێژینەوەی دەریایی لە قووڵایی زۆردا ئەنجام بدەن.
مورتەزا تەوەکولی، سەرۆکی دامەزراوەی توێژینەوەکە ئاماژەی بە کێشە داراییەکانی ئەم پەیمانگایە کرد و جەختیشی لەوە کردەوە کە سەرەڕای سنوورداربوونی دارایی، پەیمانگاکە توانای هەیە لە بوارەکانی وەک رۆبۆتی ژێردەریایی و دۆزینەوەکانی ژێر ئاو داهێنان بکات و یارمەتیی گەشەی ئابووری و ئاسایشی وڵاتەکەی بدات.
ئەفکار
پارێزگای ورمێ هێمای یەکگرتوویی ئایینە جیاوازەکانە
مریەم جەلالی، بریکاری وەزارەتی میراتی رۆشنبیریی ئێران دەڵێت، پارێزگای ورمێ بە سەرنجڕاکێشییە سروشتی و مێژوویی و کلتوورە جۆراوجۆرەکانییەوە، هێمای هاوئاهەنگی و پێکەوە ژیانی ئایین و باوەڕییە جیاوازەکانی سوننە و شیعە و مەسیحییە.
ناوبراو ئاماژەی بە تواناکانی ئەم پارێزگایە کرد، وەک ناوچەیەکی پێشەنگ لەبواری پیشەسازی دەستی، درووستکردنی هەلی کار و داهات لە هەلومەرجی ئابووریی ئێستادا رۆڵێکی باش دەگێڕێت.
جەلالی هەروەها باسی لە توانا هونەری و کولتوورییەکانی ورمێ، لەوانەش داب و نەریتی پێکەوە ژیانی کورد و تورک و ئەرمەنی کە وایکردووە پارێزگایەکی نموونە بێت لە ئاستی ئێراندا.
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
بۆمبەکانی ئیسرائیل زەوییە کشتوکاڵییەکانی لوبنان وێراندەکەن
دووەمجارە ئیسرائیل لە دژى لوبنان بۆمبی هێشویی بەکاردەهێنێت، پێشتر لە هێرشەکانى ساڵی 2006 دا بەکاریهێناون و شوێنەوارەکانیان دەرکەوتووە کە زەوییەکانى بێبەرهەم و نەزۆک دەکات.
لەم جەنگەى ئێستادا ئیسرائیل بەشێوەیەکی بەرفراوان بۆمبەکان بەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکانى نزیک بەیروتدا دەخاتە خوارەوە و لەو رێگەیەوە رووبەرێکى زۆری زەویی کشتوکاڵیی لەنێودەبات، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەکى زۆریان ناتەقنەوە بەو هۆیەوە جووتیاران ناچارن زەوییەکانیان بەجێبهێڵن و حکومەتیش نایپەرژێتە سەر هەڵگرتنەوە و خاوێنکردنەوەیان.
راگەیاندنى حزبوڵاى لوبنانی پێشتر بڵاویکردەوە، کە ئیسرائیل لە ناوچەکانى پارێزگاى نەبەتیە و دۆڵى بەراز و حەجیر ئیسرائیل بۆمبی هێشوویی ئاڕاستەى زەوییە کشتوکاڵییەکان کردووە. سەرچاوە لوبنانییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە لەماوەى 2006 تا 2020 ئیسرائیل بە شێوەی هەڕەمەکى زیاتر لە پێنج ملیۆن بۆمبی هێشویی ئاڕاستەى زەوییە کشتوکاڵییەکانى لوبنان کردووە، بەوهۆیەوە 58 کەس گیانیان لەدەستداوە و 400 کەسیش لە ئەنجامی دەستکاریکردن و پرۆسەى خاوێنکردنەوەدا کەمئەندام بوون و زۆرینەشیان چاوێک یان هەردوو چاویان لەدەستداوە، هەرچەندە لوبنان لە رێگەى رێکخراوى “یونیفیل” ـەوە کارى کردووە بۆ خاوێنکردنەوەیان بەڵام نەتوانراوە کۆتایی بەو کێشەیە بهێنرێت و لە ئێستاشدا ئیسرائیل لەسەر بۆمبارانی هێشویی بەردەوامە هەرچەندە لەسەر ئاستى نێودەوڵەتیش یەکێکە لە چەکە قەدەغەکراوەکان.
سەباح
عێراق گەورەترین پرۆسەى ئامار و سەرژمێریی ئەنجامدەدات
ماوەیەکە ئامادەکارییەکانى سەرژمێریی عێراق دەستیانپێکردووە، بریارە لە کاتژمێر 12ـى ئەمشەوەوە قەدەغەى هاتوچۆ رابگەیەنرێت، تا پرۆسەکە بەباشتر بەڕێوە بچێت.
بەرپرسانى وەزارەتى پلاندانان دەڵێن، ئەنجامە سەرەتاییەکانى بەخێرایی دەردەچن لەبەر ئەوەى سەرجەم پرۆسەکە بەشێوەی ئەلیکترۆنى بەڕێوەدەچێت، دکتۆر مەهدی عەلاق سەرپەرشتیاری گشتى پرۆژەکە رایگەیاند، لە پرۆسەکەدا هیچ شتێک نەماوەتەوە تەنها داخڵکردنى زانیارییەکان و ناردنیان نەبێت بەشێوەی ئەلیکترۆنی کە چاوەڕێدەکرێت لەو دوو رۆژەدا بەسەرکەوتوویی پرۆسەکە کۆتایی پێبێت.
راشیگەیاند، بەسەرکەوتنى پرۆسەکە عێراق دەچێتە ریزبەندى ئەو وڵاتانەى کە سەرژمێرییان لە شێوەیى ئەلیکترۆنی ئەنجامداوە و ئەوەش هەنگاوێکى دیکە دەبێت بۆ ئەلیکترۆنیکردنى کاروبارەکانى دیکەى حکومەت. ئاماژەى بەوەشکرد، هەرچەندە سەرژمێریی ساڵی 1987 سەرکەوتوو نەبوو، بەڵام ئەنجامەکانى لە سێ ساڵ دواتر راگەیەنرا، لەبەر ئەوەى پرۆسەکە ئەلیکترۆنی نەبوو، بەڵام وا چاوەڕێدەکرێت ئەجامەکانى ئەم سەرژمێرییە لەماوەیەکى زۆر کەمدا بگاتەوە دەستى لایەنى پەیوەندیدار و هاووڵاتیانیشى دڵنیا کردوەتەوە کە زانیارییەکان بڵاوناکرێنەوە و تایبەت دەبێت بە وەزارەتى پلاندانان.
مەدا
تەندروستی دیالە: قوربانییەکانی هاتوچۆ لە قوربانییەکانی تیرۆر زیاترن
فارس خزەیر، بەڕێوەربەرى راگەیاندنى تەندروستى پارێزگای دیالە بە رۆژنامەى مەداى گوتوە، لە ساڵی 2024 دا لە سنوورى پارێزگاکەیان 6000 رووداوى هاتوچۆ لایان تۆمارکراوە، سێ هەزار کەس بە سەختى برینداربوون، 220 کەس گیانیان لەدەستداوە، ئاماژەى بەوەشکردووە ئامارەکان زۆر ترسناکن بۆ پارێزگاکەمان و بەهیچ شێوەیەک لە ساڵانى رابوردودا بەو شێوەیە نەبووە.
خزەیر رایگەیاندووە، بەشێوەیەکى گشتى نەخۆشخانەکانى دیالەو پزیشکى دادى، مانگانە سەدان بریندار و 30 قوربانى تۆماردەکەن، ئاماژەى بەوەشکردووە، هۆکارەکانى بەرزبوونەوەى ئەو رێژەیە بۆ پابەند نەبوونى شۆفێران بە رێنماییەکانى هاتوچۆ دەگەڕێتەوە لەگەڵ خێرایی لە رادەبەدەر و رۆشتن بە پێچەوانەى رێگەپێدراو خراپی رێگەوبانەکان، ئاماژەى بە کێشەى ماتۆڕ و شۆفێریی تازە پێگەشتووان کردو گوتى، یەک لەسەر سێی ئەو رووداوانە هەرزەکاران و تازە پێگەشتووانن. گوتیشى مەترسییەکان هاتوچۆ لە مەترسی تیرۆر زیاترە لەم پارێزگایەدا.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
دوای بەڵێکەی بایدن؛ ئۆکراین مووشەکەکانی ستۆرم شادۆوز رووە و روسیا دەکات
بەریتانیا نزیکبووەتەوە لەوەی بۆ یەکەمجار رێگە بدات موشەکەکانی ستۆرم شادۆوز لەلایەن سوپای ئۆکراینەوە بۆ لێدانی ناو رووسیا بەکاربهێنرێت. چاوەڕواندەکرێت جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا رەزامەندیی خۆی ئیمزابکات لەسەرئەوەی سوپای ئۆکراین بتوانێت ئەو جۆر مووشەکە بۆ لێدانی روسیا بەکاربهێنێت، کە بەریتانیا دروستیکردووە. ئۆکراین بتوانێت لەناوچەی کۆرسک بۆردوومانی پێبکات. هەر بەم بۆنەیەوە پەستانێکیش بۆسەر ئۆلاف شۆڵتزی راوێژکاری ئەڵمانیا دروست بووە، کە ئەویش رێگە بدات سوپای ئۆکراین موشەکی تۆرۆسی ئەڵمانی بۆ هەمان مەبەست بەکاربهێنن. ئەمە ئەگەر رووبدات، ئەوا ئۆکراین زیاتر دەستی دەکرێتەوە بۆ هێرشکردن.
تایمز
مۆسکۆ هەڕەشەی وەڵامی جەرگبڕ لە ئۆکراین دەکات
مۆسکۆ هەڕەشەدەکات کە وەڵامی قورسی هەبێت بۆ موشەکوەشاندنەکانی ئۆکراین، ئەگەر ئەو وڵاتە کار بە رێگە پێدانەکەی ئەمریکا بکات و ئەو موشەکانە بەکاربهێنێت، کە دەتوانن بگەن بە ناو قووڵاییەکانی ناو خاکی روسیا.
کۆشکی کرەملین، بایدن تۆمەتباردەکات و دەڵێت ئەو کەسە بارودۆخەکەی بەرەو شڵۆقی و ئاڵۆزیی زیاتر بردووە. بەوەی کە رێگەی بە کییڤ داوە ئەو جۆرە چەکە سەربازییە تاکتیکییە بەکاربهێنێت، کە مەوداکەیان دەگات بە 3000 کیلۆمەتر.
کێیە ستامەر سەرەکوەزیرانی بەریتانیا ئامادەنەبوو وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە، کە داخۆ بەریتانیاش وەک ئەمریکا رێگە بە ئۆکراین دەدات موشەکە بەریتانییەکان بەکاربهێنن یان نا. کە مەوداکەیان دەگات بە دەوروبەری 250 کیلۆمەتر.
گاردیەن
زیاتر لە سێیەکی منداڵانی بەریتانیا لە هەژاریدا دەژین
راپۆرتێک دەڵێت، بێبەرییکردنی خەڵکی بەریتانیا لە داهات و خزمەتگوزارییەکان، گەیشتووە بە ئاستێک کە لەسەدەی 21 بێوێنەیە. بۆیە زیاتر لە یەک لەسەر سێی منداڵانی ئەو وڵاتە لە هەژاریدا دەژین.
ئەم لێکۆڵینەوەیە لەلایەن ئەنجومەنی پێوەرە کۆمەڵایەتییەکان (سۆشیاڵ مەتریک کۆمیشن)ـەوە راگەیەندراوە. راپۆرتەکەی ئەم ئەنجومەنە لەلایەن حکومەتی بەریتانیاوە وەرگیراوە و پەسەندیش کراوە. دەڵێت قەیرانێک لە دابینبوونی خەرجییە پێویستیییەکانی ژیاندا روویداوە، بۆیە لە ساڵی 2019 بەدواوە زیاد لە دوو ملیۆن کەس گرفتاری قەیران هاتوون، ژیانیان قورس بووە.
ئەو راپۆرتە دەڵێت، کێشەکە لەپاش ساڵی 2019ـەوە دەست پێدەکات، لەو ساڵەوە بۆ ئێستا نزیکەی 16 ملیۆن هاووڵاتی، کە دەکاتە رێژەی لەسەدا 24ـی کۆی هاوڵاتیان وا پێناسەکراون کە لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.
گەڵف نیوز
دووکەڵی ژەهراوی لە پایتەختی هیندستان بووەتە تەڵەی مەرگ
نیودەلهیی پایتەختی هیندستان دوێنێ ناچاربووە خویندنگەکانی خۆی دابخات، بە خوێندکارەکانیان گوتووە هەتا خۆمان بانگتان نەکەینەوە نەگەڕێنەوە، لەبەرئەوەی ئاستی ژاراویبوون لە هەوای ئەو شارەدا بۆ شەست هێندەی رێژەی ئاسایی رێگەپێدراوی جیهانی بەرزبۆتەوە.
رۆژنامەی گەڵف نیوز، دیمەنێکی شوێنەواری دێرینی تاج مەحەلی ناوچەی ئەگرا پیشاندەدات، کە خەڵک وێنەی دەگرن، ئەو تەلارە گەورەیە لەناو تۆز و دووکەڵدا بە ئەستەم دەبیندرێت. خراپیی کاریگەریی کەشوهەوای ژینگەی ناو دەلهیی هیندستان درێژدەبێتەوە و تا لاهوری پاکستانیش دەڕوات.
رۆژنامە تورکییەکان
یەنیشەفەق
بایدن هەڵبژاردنی دۆڕاند و دەیەوێت دنیا بسوتێنێت
کوڕەی دۆناڵد ترەمپ دەڵێت، ” پیشەسازانی سەربازی” پێش ئەوەی باوکم ئاشتی بەرقەرار بکات، دڵنیابن لەوەی کە جەنگی جیهانی سێهەم دەستیپێکردووە. هاوکات ئێم .تایلۆر گرینی کە لایەنگری کۆمارییەکانە رایگەیاند، بایدن لەهەوڵدایە کە جەنگی جیهانی سێهەم هەڵگیرسێنێت.
ئەمە لەکاتێکدایە کە گوتەبێژی کۆشکی کرەملن دەڵێت، ئەگەر هێرش بکرێتە سەر رووسیا ئەوا رۆژئاوا تۆمەتبار دەکەن، لەکایەکی ترەوە سەرۆکی کۆریای باکووریش سوپاکەی راسپاردووە کە ئامادەبن بۆ جەنگ.
ئاکشام
مەسەلە سوێندخواردن نییە، بەڵکو نا پابەندیی رێکخراوە
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگریی تورکیاوە ئاماژە بەوە دەکات پرسی لێپرسینەوە لەو کۆمەڵە سەربازە ئەوە نیە کە گووتویانە ئێمە سەربازانی مستەفا کەمالین، بەڵکو ئەوەیە کە سوربوون لەسەر ئەوەی مەراسیمی سوێندخواردنی ئەلتەرناتیڤ رێکبخەن و میدیاش بانگ بکەن.
حوریەت
نهێنی 110 ساڵ ژیانی، کارکردنی زۆر بووە
موعەزەز ئیلمیە چیغ کە لە تەمەنی 110 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، ئەو بەردەوام لەسەر شاشەکانی تەلەڤیزیۆن بوو، دەیگوت، نهێنی ژیانێکی سەرکەوتوو، ئەمە بووە، باش بیر بکەرەوە، هەوڵبدە دڵخۆش بیت، رق رامەگرە لەدڵت، بەردەوام بە چاوێکی باش سەیری هەمووانم کردووە، کارکردنم لەسەروو هەموو شتێکەوە بینیوە. هەرگیز جگەرەو مەیم نەخواردووە.زۆر بەپێ دەرۆیشتم.
سۆزجو
169 هەزار منداڵ لەچنگی برسێتیدان
ساڵانی رابردوو سەرکۆمار داوای دەکرد هەر خێزانێک سێ منداڵی هەبێت، ئێستاش هاتووە داوا دەکات منداڵی نیوەی برسی و نیوەی تێرەکان وەربگیرێن، بەڵام نازانرێت کە وەزارەتی خێزان ئەم راسپاردەیە جێبەجێ دەکات یان نا.
ئۆزگور ئۆزەلی سەرۆکی جەهەپە لەکاتی گەڕانیدا بەنێو شەقام و بازارەکانی یەنیبۆسنەی ئیستانبوڵ، کەسێکی خانەنشین هات و گوتی، ناتوانین بیکڕین و کاسبەکەش دەڵێت ناتوانین بیفرۆشین. ئەمە دۆخی خەڵکە منداڵەکانیش بەهەمان شێوە.