زووم..
میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردوە، سەرۆکی ئەمریکا واژۆی لەسەر بڕیارێک کردووە، کە ئۆکرانیا دەتوانێت مووشەکی ئەمریکی دوورمەودا بۆ هێرشکردنە سەر خاکی روسیا بەکاربهێنێت. بەرپرسانی روسیاش دەڵێن، بڕیارەکەی بایدن سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی جیهانیی سێیەمە.
ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری چەند بەرپرسێکی کۆشکی سپی بڵاویکردەوە، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا رێگای بە ئۆکرانیا داوە کە موشەکی دوورمەودا بۆ بە ئامانجگرتنی روسیا بەکاربهێنێت، بڕیارەکەش لە کاردانەوەی بردنی هەزاران سەربازی کۆریای باکوور بووە بۆ ناو خاکی روسیا و جێگیرکردنیان لەسەر سنوری ئۆکرانیا.
لەبەرامبەردا چەند بەرپرسێکی حکومەتی روسیا ئاماژەیان بەوەکردوە، بڕیارەکەی بایدن دەبێتە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی جیهانیی سێیەم، بۆ هەرجوڵەیەکی سەربازی کیێڤ، مۆسکۆ وەڵامی جەرگبڕ و چاوەڕوان نەکراوی دەبێت.
بڕیارەکەی بایدن دوای مانگێک لە دواکاری سەرۆکی ئۆکرانیا هات، کە داوای کردبوو رێگە بە سوپای ئۆکرانیا بدرێت، موشەکی دوورمەودای ئەمریکی لە جەنگی وڵاتەکەی دژی روسیا بەکاربهێنێت.