زووم
رۆژنامە تورکییەکان
تورکیا
%85ـى سنووری نێوان تورکیا و سوریا بەربەستکراوە
بەمەبەستی رێگری لە هاتنى کۆچبەری نایاسایی لە سنووری نێوان تورکیا و سوریا ماوەیەکە تورکیا دەستی کردووە بە دیوار دروستکردن لەسەر سنووری خۆی و سوریا.
لە ئێستادا 85%ـى سنووری نێوان هەردووکیان بە دیوار بەربەستکراوە، هاوکات بە کامێرای پێشکەوتوو سنوورەکان دەپارێزرێت.
تورکیا بە درێژیی هەزار و 147 کیلۆمەتر سنووری خۆی لەگەڵ سوریا هاوکات بە درێژیی هەزار و 168 کیلۆمەتر سنووری لەگەڵ ئێراندا دیواری دروستکردووە. لەئێستادا کار بۆ تەواوکردنى تەواوى دیوارەکە لەنێوان سنوورەکانی تورکیا لەگەڵ ئێران و سووریا دەکرێت.
ئەڤرەنسەل
لە دیلۆک زیاتر لە چوار هەزار منداڵ کرێکاری دەکەن
لە پارێزگای دیلۆکی باکووری کوردستان چوار هەزار و 367 مناڵ بەهۆی هەژارییەوە کرێکاری دەکەن.
وەقفی خێرخوازی دیلۆک لە هەوڵی ئەوەدایە لە رێگەى کردنەوەى خولی جۆراوجۆرەوە ئەو منداڵە کرێکارانە فێری پیشە بکات تاوەکو ببنە خاوەن کاری خۆیان.
یەنی ئاسیا
پلانەکانی حکومەت بۆ هەڵبژاردنەوەى ئەردۆغانە
ئۆزگور ئۆزال، سەرۆکی گشتیی جەهەپە رایگەیاند، پلانەکانى حکومەتى ئاک پارتی و هەنگاوە سیاسییەکانی بۆ ئەوەیە ئەردۆغان جارێکی دیکە وەک سەرۆککۆمار هەڵبژێرێتەوە، ئۆزال راشیگەیاند، بانگەوازەکانى باخچەلی بۆ ئۆجالان پەیوەندیی بە درێژکردنەوەى دەسەڵاتی ئەردۆغانەوە هەیە، ئەوان هەموو شتێک دەکەن بۆ ئەوەی پلانەکەیان سەربخەن.
جمهورییەت
خانەنشینان داوای زیادکردنی مووچەکانیان دەکەن
بەهۆی گرانی و بەرزبونەوەى رێژەى هەڵاوسان لەو وڵاتە، خانەنشینان داوادەکەن لە بودجەى ساڵى 2025ـدا حکومەت مووچەکانیان بۆ زیاد بکات. لە ئیزمیر کرێکاران و خانەنشینان چەند رۆژێکە گرددەبنەوە و داوای ژیانێکی شایستە دەکەن.
هاوکات لە ئەنقەرە و ئیستەنبوڵیش خۆپیشاندانی خانەنشینانیش بەردەوامە.
رۆژنامە فارسییەکان
مەردوم سالاری
لە کرماشان 490 کەس بەهۆی رووداوی کارەوە گیانیان لەدەستدا یان بریندار بوون
لە پارێزگای کرماشان، لە حەوت مانگی رابردوودا 26 کەس بە رووداوەکانی کار گیانیان لەدەستداوە، کە 25 کەسیان پیاو بوون و یەکێکیان ژن بووە.
ئەم ئامارە بەرزبوونەوەی 11% بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو نیشان دەدات، کە ژمارەی مردووان 23 کەس بووە.
هەروەها لەم ماوەیەدا 464 کەسی دیکە بەهۆی رووداوی کارەوە بریندار بوون.
باوترین هۆکارەکانی مردن بەهۆی کارەوە بریتی بوون لە کەوتنە خوارەوە لە بەرزاییەوە بە 16 حاڵەت و لێدانی کارەبا بە پێنج حاڵەت.
ئەم رووداوانە جەخت لەسەر گرنگی سەلامەتی لە ژینگەکانی کارکردن و پێویستی رێوشوێنی خۆپارێزی دەکەنەوە.
باختەر
رووداوەکانی شاخەوانی لە کرماشان زیادی کردووە
بەڕێوەبەری مانگی سووری پارێزگای کرماشان زیادبوونی رووداوەکانی شاخەوانیی لەم پارێزگایە راگەیاند و گوتی، کرماشان یەکێکە لەو پارێزگایانەی کە زۆرترین رووداوی لە بواری شاخەوانیدا هەیە.
محەمەد باقر محەمەد دەڵێت، پێویستە ئەو کەسانەی نەخۆشییەکانی وەک شەکرە و زەخت و کێشەی هەناسەیان هەیە، خۆیان لە سەرکەوتن بۆ بەرزاییەکان بەدوور بگرن.
جیهانی سەنعەت
ئاسانکاری بۆ هاتوچۆی گەشتیاران لە هەرێمى کوردستانەوە دەکرێت
موسلیم شوجاعی، بەڕێوەبەری پەرەپێدانی گەشتیاریی بیانی، لە پێشانگای ناساندنی توانا گەشتیارییەکانی ئێران لە هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە دەستکەوتەکانی ئەم بۆنەیە گوتی، یەکێک لە ئەنجامە گرنگەکان تەرکیزی تایبەت لەسەر هەماهەنگی و ئاسانکاری بۆ هاتوچۆی گەشتیاران لە بواری تەندروستیدا بوو.
ئاماژەی بەوەشکرد، دەسەڵاتدارانی کوردستان خواستی خۆیان بۆ دەستپێکردنی گەشتی فڕۆکەی راستەوخۆ بۆ سنە راگەیاند، بە ئامانجی سوود وەرگرتن لە شوێنە سەرنجڕاکێشەکان و خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانی ئێران.
ئەو دەڵێت، بازاڕی گەشتیاریی هەرێمی کوردستان لە لایەن ئێران پشتگوێ خراوە، بەڵام بەهۆی نزیکییەوە ئەگەری هاتووچۆی ئاسانیش هەیە لەڕێی سنوورە هاوبەشەکانەوە، کە دەرفەتێکی باشی بۆ پەرەپێدانی گەشتیاری رەخساندووە و ئاسانکاری بۆ هاتوچۆی ئۆتۆمبێل لە رێگەی سنوورە هاوبەشەکانەوە یەکێکە لە پێداویستییە سەرەکییەکان.
ئەبراری ئیقتسادی
بەهای هەناردەی فەرشی ئێران 90% دابەزیوە
مورتەزا ئاغامیری، سەرۆکی کۆمیسیۆنی فەرش و پیشە دەستییەکانی ئێران رایگەیاند، هەناردەکردنی فەرشی ئێرانی بە دابەزینی 90%ـى بەراورد بە ساڵانی پێشوو، دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و بەهای هەناردەی فەرشی ئێران لە 426 ملیۆن دۆلار لە ساڵی 2016 بۆ کەمتر لە 40 ملیۆن دۆلار لە ساڵی 2024 دابەزیوە .
هۆکاری سەرەکی ئەم دابەزینە بۆ سزاکان و سیاسەتی هەڵەی وەک گرێبەستی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی دەگەڕێتەوە کە بووەتە هۆی سنووردارکردنی گواستنەوەی دراو.
دەڵێت، قاچاخی فەرشی ئەفغانستان بە نرخێکی کەمتر بۆ بازاڕی ئێران و کێبڕکێی توندی وڵاتانی دیکەی وەک هیندستان و تورکیا، بازاڕی فەرشیان لە ئێران وەرگرتووە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
بایدن گڵۆپی سەوزی بۆ ئۆکراین هەڵکردووە مووشەکە ئەمریکییەکان بۆ بۆردومانکردنی رووسیا بەکاربهێنن
لەمەودوا کیێڤ دەتوانێت مووشەکە دوورمەودا ئەمریکییەکان بۆ بۆردومانکردنی رووسیا بەکاربهێنێت و رەنگە ئەمە رێگە بۆ بەریتانییەکانیش خۆش بکات بوار بدەن مووشەکەکانی (ستۆرم شادۆ)ـی ئەوانیش بەکاربێت.
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا رێگەی بە ئۆکراین دا، ئەو مووشەکە دوورمەودایانە بۆ بۆردوومانکردنی رووسیا بەکاربهێنن، کە واشنتن کەرەستەکانیی بۆ دابینکردوون. لەوکاتەوە، کە شەڕی نێوانی ئەم دوو وڵاتە دەستیپێکردوە، ئەمە یەکەمجارە ئەمریکا رێگە بە ئۆکراین بدات کردەیەکی سەربازیی لەوشێوەیە ئەنجامبدات. بایدن هەر چەند هەفتەیەکی کەمی ماوە لە دەسەڵاتدا، بۆ ئەم ماوە کەمە گۆڕانکارییەکی گەورەی کرد لە سیاسەتی وڵاتەکەیدا، لەم ماوە کەمەیدا رێگەپێدانێکی بۆ ئۆکراین ئیمزاکردووە، کە بتوانن لەنێو سنووری هەرێمی کورسکدا موشەکی ئەمریکی بەکاربهێنن.
تایمز
ستامەر دەیەوێت پەیوەندییەکی نوێ لەگەڵ چیندا دروست بکات
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا چاوی لەسەر ئەوەیە سوود لە گفتوگۆکانی ناو جی 20 ببینێت، بۆئەوەی بتوانێت پەیوەندییەکی راستەقینە و واقعییانە لەگەڵ شی جین پینگدا دروستبکات.
بەریتانیا پێویستی بەوە هەیە پەیوەندییەکی پراگماتیکییانە و راستەقینە لەگەڵ چیندا دروست بکات. ستامەر کەوتووەتە ئامادەکاریکردن بۆئەوەی ببێت بە یەکەمین سەرکردەی بەریتانی کە لە پاش پێنج ساڵی تەواو لە دابڕانی نێوانی ئەم دوو وڵاتە، گفتوگۆیەکی راستەقینە لەگەڵ شی جین پینگدا دروست بکات. بڕیارە ئەمڕۆ لە بەرازیل ستامەر چاوی بە شی جین پینگ بکەوێت، ئەم دیدارە ئەگەر رووبدات دەبێت بە یەکێک لە دەستکەوتە باشەکانی دیداری جی 20 کە لە بەرازیل بەڕێووەدەچێت. جی بیست واتە کۆمەڵەی 20، یانەیەکی نێودەوڵەتییە حکومەت و پارێزەری بانکە ناوەندییەکانی 20 وڵاتی جیاواز و یەکێتیی ئەوروپا تێیدا بەشدارن، لە ساڵی 1989ـدا دامەزراوە، ئامانج لە کۆبونەوە و دیدارەکانیان بریتییە لە رەخساندنی ئارامیی دارایی بۆ جیهان.
ئیندیپێندەنت
ژمارەی ئەو کەسانە زۆرن، کە بەهۆی توندوتیژیی ناو خێزانەوە دەکوژرێن و کەسیش باسیان ناکات
بۆ یەکەم جارە لە بەریتانیا ئەوە ئاشکرا دەکرێت ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی بوونی توندوتیژیی خێزانییەوە لەسەریان خۆیان دەکوژن زیاترە لە ژمارەی ئەو کەسانەی توندوتیژییەکان دەیانکوژێت.
ئەوە ئاشکرا کرا، ژمارەی ئەو کەسانەی کە بەهۆی بوونی فشاری توندوتیژیی خێزانییەوە لەسەریان، بە دەستی خۆیان خۆیان دەکوژن زیاترە لە ژمارەی ئەو کەسانەی توندوتیژیەکان راستەوخۆ دەیانکوژێت. بەڵام کەس حسابیان نابیستێت. دایکێک هاواری خۆیی گەیاندووە بە دەزگا پەیوەندیدارەکان و گوتویەتی کە ژیانی خۆی کەوتۆتە بەر مەترسی، لەسەر کێشەی کچێکی کە گیروگرفتی لەگەڵ هاوڕێ کوڕەکەیدا هەبووە. ئەو دایکە ناوی شارۆن هۆڵاندە، داوایکردوە فریا بکەون.
عەرەب نیوز
وەک سۆزێک بۆ رابوردوو، خەڵک دەچنەوە سەر تەکنەلۆژی ئەنەلۆگ و بەکاریدەهێننەوە
لەم سەردەمەدا، کە تەکنەلۆژیای نوێ ئاسانکاریی بۆ هەموو شتێک کردووە، جارێکی دیکە حەزی ئەوە لەناو خەڵکدا سەریهەڵداوەتەوە، کە دەگەڕێنەوە سەر بەکارهێنانی تۆمارە شریتییە ڤیدیۆییە ئەنەلۆگەکانی جاران و قەوانی دەنگی. خواست لەسەر ئەو بابەتە دێرینانە لەناو شانشینی عەرەبیی سعوودیەدا بەرزبووەتەوە. چاودێران دەڵێن ئەمە حەزی گەڕانەوەیە بۆسەر بابەتە هونەرییە دێرینەکان. رۆژنامەی عەرەب نیوز لە چەند خەڵکێکی پرسیوە، کە هۆکاری ئەوە چییە لەپاش بەردەستبوونی ئەو هەموو داهێنانەی بواری تەکنەلۆژیای نوێ دەگەڕێنەوە سەر ئەو بابەتە کۆنانە، ئەوان گوتویانە کاتێک کە بە نەواری تۆمارکەر یان بە قەوان گوێ لە گۆرانییەک بگرن وا هەستدەکەن نزیکترن لە بابەتە هونەرییەکەوە و باشتر پێیاندەگات.
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
هێرشەکانى ئیسرائیل کێشە دەروونییەکانی لە بەیروت زیادکردووە
لەو کاتەوەى هێرشەکانى سوپاى ئیسرائیل بۆسەر باکوورى بەیروت دەستیپێکردووە، ئەو کەسانەى سەردانى نەخۆشخانە و بنکە تەندورستییەکان دەکەن روویان لە زیادبوون کردووە.
شارەزایانى دەروونی دەڵێن، کێشەکە پەیوەندی بە لایەنى دەروونییانەوە هەیە، ترس لە جەنگ، ترس لە ئاوارەیی و دەستنەکەوتنى خواردن، ترس لەنەمانى کار و بژێویی و جێهێشتنى ماڵ و حاڵ و لەدەستدانى پارچەیەک لە جەستەیان وایکردووە هەندێک نیشانەى نەخۆشییە دەروونییەکان لەسەر هاووڵاتیان دەربکەوێت و وابزانن نەخۆشن.
نەخۆشییە دەروونییەکان لە دواى هەڵگیرسانى جەنگى بەیروتەوە دووبەرامبەر بووە، وەزارەتى تەندروستى لوبنانیش ئاگاداری دۆخەکەیە و هەموو ئامادەکارییەکى بۆ کردووە، رێکخراوى تەندروستى جیهانیش بڵاویکردووەتەوە لە ئەنجامی جەنگی ئیسرائیل دژى لوبنان ، لەهەر پێنج کەسى دانیشتووى بەیروت یەکێکیان کێشەى دەروونییان بۆ دروستبووە .
سەباح
لەپاى پابەندبوونى بە رێککەوتنى پاریس بۆ کەشوهەوا سوپاسی عێراق کرا
جاسم فەلاحی بریکارى وەزارەتى ژینگەى عێراق رایگەیاند، نەتەوەیەکگرتووەکان لە میانى کۆنگرەى “کۆپ29” دا کە لە باکۆی پایتەختى ئازەربایجان بەڕێوەدەچێت، هەنگاوەکانى عێراقیان لە بوارى گۆڕانکارییەکانى کەشوهەوادا بەرزنرخاند.
ئاماژەی بەوەشکرد، نەتەوەیەکگرتووەکان سوپاسی پابەندبوونی عێراقیانکردووە بە رێککەوتنى پاریسەوە بۆ کەشوهەوا.
راشیگەیاند، سەرەڕای ئەوەى عێراق بەردەوام بووە لە بەرهەمهێنانى نەوت و غاز، بەڵام کێشەکانى وڵاتەکەى لەبارەى کەشوهەواوە زیادیان نەکردووە.
فالح خەزعەلى ئەندامی لیژنەى بەشداریکاری عێراق لە کۆنگرەى “کۆپ “29 کە هاوکات سەرۆکی لیژنەى کشتوکاڵ و ئاودێریی پەرلەمانیشە دەڵێت، کێشەکانى عێراق لە گۆڕانکارییەکانى کەشوهەوادا خۆی لە وشکبوونى سەرچاوەکانى ئاو، بە بیابانبوون، هەڵکردنى زریان و خۆڵبارین، بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرما و کەمبوونەوەى رێژەى بارانبارین دا دەبینێتەوە.
دەستور
بۆ پەرەپێدانى پاڵاوگەى بەسرە عێراق قەرز لە ژاپۆن دەکات
تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق، واژۆی لەسەر وەرگرتنى گوژمەى شەشەمى قەرزێک کرد لە حکومەتى ژاپۆن بۆ پەرەپێدانى پاڵاوگەى بەسرە، راشیگەیاند ئەو قەرزە ئامانجێکى گەورەى ئابووری هەیە کە لە داهاتوودا شوێنەوارەکانى دەردەکەون و دەبێتە یەکێک لەو هەنگاوانەى کە عێراق و ژاپۆن لە بوارى ئابووریدا لەیەک نزیکدەکاتەوە.
گوتیشى، بە پەرەپێدانى پاڵاوگەى بەسرە رێژەى وەبەرهێنانى نەوت و جیاکردنەوەى پێکهاتەکانى پێشکەوتنى بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت.
تەیف سامی ئاماژەی بەوەشکردوە، واژۆکردنى ئەو قەرزە لە نێو پرۆژە یاسای بودجەى ساڵی 2024 دا ئاماژەى پێکراوە، کە قەبارەکەى 380 ملیۆن دۆلاری ئەمریکییە و ئەمەش شەشەمین گوژمەى ئەو پارەیەیە کە پێشتریش ژاپۆن داویەتى بە عێراق بۆ پەرەپێدانى پاڵاوگەى بەسرە.
مەدا
سستى گورچیلە لەنێو چینی هەژار لە پارێزگاى میسان زۆربووە
مستەفا عجێل بەڕێوەبەرى راگەیاندنى ئەنجومەنى پارێزگاى میسان رایگەیاند، بەرزبوونەوەى رێژەى نەخۆشى سستى گورچیلە لە پارێزگاکەیان زیادیکردووە، هەموو تەمەنەکانیشى گرتوەتەوە بەشێوەیەک پارێزگاى میسان لە ئێستادا لەپێشى هەموو پارێزگاکانى دیکەى عێراقەوەیە لە نەخۆشی گورچیلە، راشیگەیاند، 90%ـى ئەوانەى توشى ئەو نەخۆشییە بوون لە چینی هەژاری پارێزگاکەن و تواناى دابینکردنى دەرمان و پێداویستیەکانى شۆردنەوەى گورچیلەیان نییە.
راشیگەیاندووە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان پیسبوونى ئاووهەواى پارێزگاکەیانە، لەوانە پیسکردنى ئاوى رووبارى دیجلە بە ئاوى قورس کە لە بەغدادەوە درێژ دەبێتەوە تا دەگاتە بەسرە. دکتۆر ساڵح حەسەن مامۆستاى زانکۆی میسان رایگەیاندووە، پیسبوونى ئاو و کەشوهەوا بەهۆی وەبەرهێنانى نازانستییانەى نەوت و بەرهەمەکانی و ئەودەرمانانەى کەبۆ کشتوکاڵ بەکاردەهێنرێن کاریگەریی خراپیان کردووەتە سەر مرۆڤ و گیانەوەر و زیندەوەرەکانى ئەو پارێزگایە.