ئەمشەو لە نەیشنز لیگ، ئینگلتەرا و ئیرلەندا دێربى بەریتانیا دەکەن، یارى لوتکەش لە نێوان ئیتاڵیا و فەڕەنسادا دەبێت.
لە جەولەى شەشەمى خولى نەتەوەکانى ئەوروپا، ئەمشەو کاتژمێر هەشت و لە کۆمەڵەى دووەمى ئاستى بیدا، هەڵبژاردەى ئینگلتەرا لە یاریگاى ویمبڵى لە لەندەن، میواندارى هەڵبژاردەى ئیرلەندا دەکات.
ئینگلتەرا پێویستى بە بردنەوە هەیە بۆ سەرکەوتن بۆ ئاستى ئەى خولەکە، بێ گوێدانە ئەنجامى هەڵبژاردەى یۆنان، کە هەریەکێکیان ١٢ خاڵى هەیە و بەدواییەکدا لە پلەکانى یەکەم و دووەمى کۆمەڵەکەیاندان.
لە یارى لوتکەى یارییەکانى ئەمشەودا و لە کۆمەڵەى دووەمى ئاستى ئەیدا، کاتژمێر ١٠ و ٤٥ خولەک، هەردوو هەڵبژاردەى ئیتاڵیا و فەڕەنسا لە یاریگاى سان سیرۆ لە شارى میلانۆ، رووبەڕووى یەکدەبنەوە.
ئیتاڵیا و فەڕەنسا سەرکەوتنیان بۆ قۆناغى چارەکى کۆتایى مسۆگەر کردووە، بەڵام لەم یارییەدا ئیتاڵیا دەیەوێت باڵادەستى خۆى بەسەر هەڵبژاردەى کەڵەشێرەکاندا دووپاتبکاتەوە، هاوکات فەڕەنساش هەوڵ دەدات قەرەبووى شکستەکەى بەرامبەر ئازۆرى لە بەردەم یاریگاى خۆیدا لە جەولەى یەکەمدا بکاتەوە.