زووم..
ئەحمەد ئەسەدى، وەزیری کاروکاروبارى کۆمەڵایەتى عێراق بە رۆژنامەی مەدای راگەیاند، پرۆسەى سەرژمێریی بۆ دانانى پلانى پەرەپێدان و گەشەى کۆمەڵگەیە، لەرێگەى داتا و زانیارییەکانەوە دەتوانرێت پەرە بە ستراتیجیەتى کارکردنى دەوڵەت بدرێت.
ئەحمەد ئەسەدی دەشڵێت، “ئەرکی سەرژمێریی ئەوە نییە مووچە و هاوکاریی هاووڵاتى ببڕێت یان سیخوڕییان بەسەرەوە بکات.”
بڕیارە لە رۆژانی 20 و 21ـی ئەم مانگە سەرژمێری لە تەواوی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە دەستپێبکات. بەگوێرەی رێنماییەکانی وەزارەتی پلاندانی عێراق پێویستە هەر ماڵێک لانی کەم کەسێکی لێبێت تا تەواوی زانیارییەکانی سەرجەم ئەندامانی خێزانەکە بدات بە بژمێرەکانی سەرژمێری. بریکاری وەزارەتی پلاندانانی هەرێم، دەڵێت لە کاتی سەردانی تیمەکانی سەرژمێری 77 پرسیار لە هاووڵاتییان دەکرێت، ماوەکەشی لە نێوان 30 بۆ 35 خولەک دەبێت بۆ هەر ماڵێک.
وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، لەڕێگەى سەرژمێریی گشتییەوە ئاستى هەژاریی و دواکەوتووى هەندێک شوێن دیاریدەکرێت و لەو رێگەیەوە پلانى گەشەپێدانى دادەنرێت، بەشێکى دیکەشى پەیوەندی بە باشکردنى بژێوی خێزانەکان و بەرزکردنەوەى داهاتى تاکەوە هەیە.
گوتەبێژى وەزارەتى گواستنەوەش رایگەیاند، لە رۆژانى قەدەغەى هاتوچۆدا فرۆکەخانەکان داناخرێن و بۆ ئەو مەبەستە وەزارەتى پلاندانان و گواستنەوە هەماهەنگی تەواویان کردووە.