رۆژنامە عەرەبییەکان

شەرقلئەوسەت
لەماوەى ئەمساڵدا 30%ـى زەوییە کشتوکاڵییەکانى یەمەن زیانیان پێگەشتووە
تۆفیق شەرجەبی وەزیری ئاو و ژینگەى یەمەن رایگەیاند، لەماوەى ئەمساڵدا 30%ـى زەوییە کشتوکاڵییەکانى وڵاتەکەمان بەهۆی زریان و لێزمە باران و لافاوەوە زیانى گەوەرەیان بەرکەوتووە و گۆڕانکارییەکانى کەشوهەوا زیانی زۆری لێداون. ئاشکراشیکرد کێشەى شەڕو نائارامییەکانى وڵاتەکەى بەشێکى ترن لە هۆکارەکان.لە میانى بەشداریکردنى کۆنگرەى لوتکەى باکۆ بۆ گۆڕانکارییەکانى کەشوهەوا، وەزیری ئاو و ژینگەى یەمەن داواى لە رێکخراو و ئەندامانى کۆنگرەکە کرد، هاوکاریی وڵاتەکەى بکەن بۆ چارەسەرى ئەو کێشە ژینگەییەى بەرۆکى وڵاتەکەى گرتووە.
گوتیشی، جەنگ بەشێکى زۆری وڵاتەکەى وێرانکردووە، ئەوەش رێگرێکى گەورەیە بۆ بەدەمەوە چوونى ئەو کێشانەى کە پێویستە بکرێت بۆ رێگریی لە زیاتر لەناوچوونى زەوییەکانیان.
رۆژنامەی شەرقلئەوسەت ئاماژەى بەوەشکردووە، لە ساڵی 2014ـەوە 11 وڵات هۆشدارییان دابوو بە یەمەن کە جەنگى ناوخۆیی ئەو وڵاتە دەبێتە هۆکاری هەڵوەشانى ژێرخانی وڵات و داڕمانى ئابوری و نیوەى وڵاتەکە دەخەنە بەردەم نەمانى ئاسایشى خۆراک.

سەباح
لە هەموواری یاساى مادەهۆشبەردا بەکاربەر قوربانییە و بازرگان لە سێدارە دەدرێت
عەدنان جەحیشی سەرۆکی لیژنەى ماددە هۆشبەرو کاریگەرییە عەقڵییەکان لە پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، لە هەموواری یاساى ماددە هۆشبەرەکاندا جەختکراوەتەوە لەسەر رێگریی کردن و چۆنیەتى خۆپارێزیی و پاشان چارەسەر دۆزینەوە.
جەختیشى کردوەتەوە بەکاربەر و ئاڵودەبوو قوربانین، پێدەچێت کێشەى کۆمەڵایەتى و دەرونى پاڵنەریان بێت بۆیە پێویستیان بە چارەسەرە، هەربۆیەش بەخشراون لە سزاى دارایی و زیندانى کردن، لەبری ئەوە بە زۆر دەبرێنە شوێنە تایبەتەکان و چارەسەریان بۆ دەکرێت.
، گوتیشى، لێبوردنى گشتیش بەکاربەر دەگرێتەوە کار بۆ ئەوە دەکەن ماددەى هۆشبەر و چۆنیەتى خۆپاراستنەکەى بخرێتە بەشێک لە پرۆگرامەکانى خوێندن تا هۆشیاریی زیاتر بڵاوببێتەوە، لە هەمان کاتیشدا هەموارەکە لەبەرامبەر بازرگانى مادەى هۆشبەرى ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و جوتیارانى ئەو بوارە و دروستکارانیدا زۆر توندە، ژمارەیەکى زۆریان سزاکانیان دەگاتە سێدارە و بەگوێرەى ئاست و قەبارەى تاوانەکانیان دەست بەسەر موڵک و ماڵی گوازراوەو نەگوازراوەشیاندا دەگیرێت.
مەدا
لە رۆژانى قەدەغەى هاتوچۆى سەرژمێریدا فڕۆکەخانەکان داناخرێن
ئەحمەد ئەسەدى وەزیری کاروکاروبارى کۆمەڵایەتى عێراق رایگەیاند، پرۆسەى سەرژمێریی بۆ دانانى پلانى پەرەپێدان و گەشەى کۆمەڵگەیە، لەرێگەى داتا و زانیارییەکانەوە دەتوانرێت پەرە بە ستراتیجیەتى کارکردنى دەوڵەت بدرێت.
گوتیشی، ئەرکی سەرژمێریی ئەوە نییە موچە و هاوکاریی هاووڵاتى ببڕێت یان سیخوڕییان بەسەرەوە بکات. راشیگەیاند، لەڕێگەى سەرژمێریی گشتییەوە ئاستى هەژاریی و دواکەوتووى هەندێک شوێن دیاریدەکرێت و لەو رێگەیەوە پلانى گەشەپێدانى دادەنرێت، بەشێکى دیکەشى پەیوەندی بە باشکردنى بژێوی خێزانەکان و بەرزکردنەوەى داهاتى تاکەوە هەیە، گوتەبێژى وەزارەتى گواستنەوەش رایگەیاند، لە رۆژانى قەدەغەى هاتوچۆدا فرۆکەخانەکان داناخرێن و بۆ ئەو مەبەستە وەزارەتى پلاندانان و گواستنەوە هەماهەنگی تەواویان کردووە.

عەرەب
دانانى لایەنگرانى ئیسرائیل لە ئیدارەکەى ترەمپدا موسڵمانانى ئەمریکاى نیگەران کردووە
لە رابوردودا ترەمپ بەئاشکرا هاوکاری ئیسرائیلى کردووە و نەیشاردوەتەوە، لەکاتى هەڵمەتى هەڵبژاردنەکانیش دا هیچ پەیمانێکى لەوبارەیەوە نەدا بە مسوڵمانانى وڵاتەکەى، بەڵام لە دیاریکردنى کابینەکەى و ئیدارەکەیدا کە بەشێکى زۆری لایەنگرانى ئیسرائیلن نیگەرانى لاى مسوڵمانەکان دروستکردووە، رۆژنامەکە نوسیویەتى ترەمپ بە پێچەوانەى سەرۆکەکانى ئەمریکاوە هەرگیز لەگەڵ پێکهێنانى دەوڵەتێکى سەربەخۆدا نەبووە بۆ فەلەستین، ئاشر فریدمان بەڕێوەبەری -پەیمانگاى توێژینەوەى میسغاف- ی ئیسرائیلی رایگەیاند، ئەوان لە بەشێکى زۆر لە ئیسرائیلیەکان زیاتر پشتیوانى لە ئیسرائیل دەکەن، ئەو توێژەرە باس لەوە دەکات ئەمریکای نوێ لەبەردەم پرۆژەکانی چیندا دەوەستێت، پشتیوانى ئیسرئایل دەکات لە پێدانى پێداویستییە جەنگییەکان و لە هەمان کاتیشدا پشتیوانى لە ئاسایی کردنەوەى پەیوەندییەکان دەکات لەگەڵ وڵاتانى عەرەبی و لەپێشى هەموویانەوە لەگەڵ عەرەبستانى سعودییە و فشارى زیاتر دەخاتە سەر ئێران، بەشێک لە مسوڵمانانى ئەمریکاش دواى ئەوەى پشتیوانى سەرکەوتنەکانى ترەمپ بوون لە ئێستادا توشى بێهیوایی بوون لە دانانى ئەو کەسانەى کە پشتیوانى راستەوخۆی ئیسرائیلن.
رۆژنامە تورکییەکان
یەنی شەفەق
ئامادەکاری بۆ ئۆپراسیۆنی زستانە بۆ سەر پەکەکە دەکرێت
سوپای تورکیا لە چوارچێوەی درێژەپێدانی ئۆپراسیۆنی “چنگ – قفڵ ”
لە هەرێمی کوردستان لە دژى پەکەکە لە ئامادەکاریدایە بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێکی گەورە کە بە ئۆپراسیۆنی زستانە ناودەبرێت.
لە چەند رۆژى رابردوودا، سوپای تورکیا لە هەرێمی کوردستان چەند ناوچەیەکی بەرزیان کۆنتڕۆڵ کرد کە بە بەرزاییەکانی بەهار ناسراوە.
لەئێستاشدا، هێزێکی زۆری سوپای تورکیا و جبەخانەی پێویست نێردراوەتەوە ناوچەکە بۆ تەواوکردنی ئامادەکارییەکانی ئۆپراسیۆنی زستانە.

قەرار
خۆکوشتن لە تورکیا بووەتە دیاردە
لە تورکیا خۆکوشتن لەنێو گەنجاندا بۆتە دیاردە، لە پارێزگای تەکرداغی تورکیا کچێکی تەمەن 15 ساڵان بەناوی یامور و کچێکی دیکە بەناوی رابیعە کوبرا بە فیشەک خۆیان کوشت.
یەک لەو کچانە چەند رۆژێک پێش خۆکوشتنى بە باوکی راگەیاندبوو، پلانی ئەوەی هەیە خۆی بکوژێت.
دادوەر لە دۆسیەکە دەکۆڵێتەوە و گومان لەسەر خۆکوشتن لەسەر دۆسییەکەی هەیە. هاوکات لە پارێزگای دەنیزلی تورکیا کوڕێک بەناوی ئیسماعیل جان تەمەن ٢١ ساڵان بە تفەنگ خۆی کوشت.

میللییەت
جەهەپە بانگەوازی دیموکراسی دەکات
ئۆزگور ئۆزال سەرۆکی گشتیی جەهەپە رایگەیاند، بانگەواز بۆ تەواوی پارتە سیاسییە ئۆپۆزسیۆنەکان دەکەم تاکوو کۆدەنگ بین لەسەر برەودان بە رەوتی دیموکراسی لە تورکیا و بەرەیەکی یەکگرتوو دروست بکەین لەدژى نادادپەروەریی.
ئۆزال راشیگەیاندووە پێویستە پارتە سیاسییەکان بە ئەرکی خۆیان هەڵبسن لەپێناو دیموکراسییدا یەکگرتوو و هاودەنگ بن.
میللی گەزێتێ
لەماوەى هەفتەیەکدا نرخی هێلکە 50%ــی گران بووە
لە پارێزگای ئۆسمانییەى تورکیا لەماوەی هەفتەیەکدا نرخی هێلکە سەدا ٥٠ گران بووە بە جۆرێک هاوڵاتیان بەهۆی گرانبونی نرخەکەیەوە ناتوانن هێلکە بخۆن. خاوەن مارکێتێک رایگەیاندووە، گرانبونی هێلکە سەرقاڵکردنى خەڵکە بە بابەتی ئابوورییەوە، هێلکە هێندەى نرخی نان گران بووە و چاوەڕێی پێشهاتی باش ناکرێت.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
زێلینسکی دەڵێت بردنەوەکەی ترەمپ زووتر کۆتایی بە شەڕەکە دەهێنێت
ڤلۆدیمێر زێلینسکی لە دیدارێکیدا داوای دۆزینەوەی چارەسەرێکی دیپلۆماسییانەی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی وڵاتەکەی لەگەڵ روسیا کرد.
گوتی، بردنەوەی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنەکاندا مانای وایە ئەم شەڕە زووتر لەوەی چاوەڕواندەکرا کۆتایی پێدێت.
زێلینسکی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوە دڵنیابووەتەوە، کە لەسایەی دەستبەکاربوونی ئیدارەی نوێی کۆشکی سپیدا شەڕەکە زووتر کۆتایی پێدێت.

ئێف تی ویکئەند
سەرمایەکەی ئیلۆن مەسک چەندان ملیار زیادە دەکات
رۆژنەمەی ئێف تی ویکئەند رایگەیاند، بەبۆنەی بەرزبوونەوەی خواست لەسەر هەردوو کایەی کاری سپەیس ئێکس و ئێکس ئەی ئایەوە سەرمایەکەی مەسک رووی لەوەیە چەند هێندە ببێتەوە.
پێدەچێت، دوو دانە لە کۆمپانیا تایبەتەکانی ئیلۆن مەسک چەندان ملیار دۆلاری نوێ بچێتە سەر داهات و سەرمایەکەیان، لەبەرئەوەی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی خواست لەسەر پشکەکانیان و کایەی کارکردنیان زۆر بەرزبۆتەوە.
سپەیس ئێکس گەورەترین کۆمپانیای ناو ئەمریکایە، کەوتۆتە ئامادەکاریکردن بۆئەوەی لە مانگی کانوونی یەکەمی ئەمساڵدا پشکەکانی خۆی بفرۆشێت و بڕیارە هەر پشکێکی بدات بە 135 دۆلار. ئەگەر ئەم کارە سەربگرێت، ئەوا بەهای ئەم کۆمپانیایە کە مووشەکی چوون بۆ سەر هەسارەکانی تری دروستکردووە بەهاکەی لە 210 ملیار دۆلارەوە بەرزدەبێتەوە بۆ 250 ملیار دۆلار.

گاردیەن
خواردنە خێراکان ساڵانە 268 ملیار پاوەند لە خەرجیی بەریتانیا زیاددەکات
ئێستا خواست لەسەر خواردنی ناتەندروست زۆر زیاد بووە. ئەمەش تێچوویەکی زیادەی قورس دەخاتە سەر خەرجییە ساڵانەکانی بەریتانیا، کە بڕەکەی دەگات بە 268 ملیار پاوەند.
ئەم خەرجییە زۆر لەو بودجەیە زیاترە، کە بۆ وەزراەتی تەندروستی تەرخاندەکرێت. زۆربوونی خواستی بەریتانییەکان لەسەر ئەو جۆرە خواردنە سەرپێییە ئامادەکراوانەی ، کە زۆرترین بڕی چەوری و خوێ و شەکریانن تێدایە، کاریگەریی زۆر خراپ دەخەنە سەر تەندروستیی هاوڵاتیانی ئەوێ و داهات و دارایی وڵاتەکەش.
راپۆرتێکی ئەنجومەنی خۆراک و کشتوکاڵ و ژیانی لادێیی بەریتانیا دەڵێت، بەدەر لەوەی کە ئەم جۆرە خواردنە خێرایانە لەگەڵ سیستمە باوەکەی خۆراکی خۆماندا ناگونجێن، نەخۆشیشمان دەخەن.
ئۆرشەلیم پۆست
ترەمپ دەنگدەرە موسڵمانەکانی خۆی نیگەران دەکات
سەرکردەکانی ناو کەمینە موسڵمانەکانی ئەمریکا، کە پشتگیرییان لە دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکان کردووە و دەنگیان پێداوە، خوازیاربوون دژایەتیی ئیدارەکەی بایدن بکەن، لەبەرئەوەی لە شەڕەکەی سەر کەرتی غەززە و لوبناندا پشتیوانیی سوپای ئیسرائیلی دەکرد. بەڵام کە ئێستا دەبینن هەموو ئەو کەسانەی ترەمپ بۆ کابینەکەی خۆی هەڵیاندەبژێرێت لە پشتیوانانی ئیسرائیلن، ئەوان هەموویان تووشی نیگەرانی بوون.
رابیول چاودوری، کەسایەتیی دیاری ناو موسڵمانەکان پەنسەیلڤەینیا کە بەشداریی هەڵمەتی هەڵبژرادنەکەی ترەمپی کرد و لە دژی هاریس خەڵکی هاندا، دەڵێت: ترەمپ بەهۆی ئێمەوە بردیەوە، بەڵام ئێمە زۆر نیگەرانیین لەوکەسەی کە بۆ پۆستی وەزارەتی کاروباری ناوخۆ هەڵیبژاردووە.
رۆژنامە فارسییەکان

باختەر
ئەو ئاسەوارە مێژووییانەی لە کرماشان دۆزراونەتەوە دەچنە ناو خەزانە
لە کرماشان 1188 کەلوپەلی مێژوویی لەلایەن پۆلیس دۆزرایەوە و دەستی بەسەردا گیراوە.
کیۆمەرس خانی، بەرپرسی میراتی کولتووری پارێزگاکە رایگەیاند، ئەو کەلوپەلانە بەرهەمی سەردەمە مێژووییە جیاوازەکانی وەک ماد و هەخامەنی و پارتی و ساسانی لەخۆدەگرن و زۆربەیان لە بەرد و شووشە و کانزا دروستکراون و شمشێری کۆنیان تێدایە.
بەهۆی لاوازیی ئەو ئاسەوارانە لە بەرکەوتنی هەوادا، کارەکانی نۆژەنکردنەوە و پاککردنەوەیان لە ئارادایە و دوای تەواوکردنی ئەو کارەش کەلوپەلەکان دەگوازرێنەوە بۆ کۆگای مێژوویی پارێزگاکە.
ئەم شوێنەوارانە نمایشی گشتی ناکرێن لەبەر ئەوەی کرماشان مۆزەخانەی نییە.

روزگار
ناکرێت لە تارانەوە بڕیار بۆ هەموو ئێران بدرێت
عەبدولکەریم حوسێن زادە، جێگری سەرۆککۆماری ئێران بۆ پەرەپێدانی کاروباری گوندەکان و ناوچە کەمدەرامەتەکان جەختی لەوە کردەوە کە بڕیاردان لە تارانەوە بۆ هەموو ئێران کارێکی گونجاو نییە.
گوتیشی: بەهێزکردنی ئابووریی ناوچە پەراوێزخراوەکان دەتوانێت کۆچکردن لە گوندەکانەوە بۆ شارەکان کەم بکاتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد پێویستە سیستەمی پلاندانان بگۆڕدرێت و توانا ناوخۆییەکانی هەر ناوچەیەک دەستنیشان بکرێن و بەو پێیە وەبەرهێنانیان بۆ بکرێت و دیدگای ناوەندگەرایی لە پلانداناندا بگۆڕدرێت بۆ ئەوەی گەشەسەندنی هەمەلایەنە و راستەقینە بەدەست بهێنرێت.

کەیهان
ئێران سزای بەسەر ئەمریکا سەپاند و داوای 48 ملیار دۆلار دەکات
دادگای ئێران بە گوێگرتن لە سکاڵای بنەماڵەی ئەو سەربازانەی لە عێراق و سووریا کوژراون، ئەمریکای مەحکوم کرد کە بڕی 48 ملیار و 860 ملیۆن دۆلار قەرەبووی ئەو بنەماڵانە بکاتەوە.
ئەم بڕیارە بە ئامادەبوونی جێگری یاسایی فەرماندەی سوپای پاسداران و ماجید حوسێن زادە، بەرپرسی لقی 55ـی دادگای یاسایی تایبەت بۆ داواکارییە نێودەوڵەتییەکان بەڕێوەچوو.
شەمخانی رایگەیاند کە ئەمریکا خۆی دانی بە دامەزراندنی گروپە تیرۆریستییەکانی وەک داعش و ئەلقاعیدەدا ناوە و ئامانجیشیان لاوازکردنی یەکڕیزی موسڵمانان بووە. ناوبراو ئاماژەی بە پەسەندکردنی یاسایەک لە ساڵی 1996 لە لایەن ئەمریکاوە کە رێگە بە هاووڵاتیانی دەدات لە دادگاکان داوای قەرەبووی زیانەکان بکەن لە دژی وڵاتان.

هەمدلی
کچانی مێرمنداڵ لایەنگری سەرەکیی نێرگەلەن
بەرپرسی گشتی کۆمەڵەی بەرەنگاربوونەوەی ئالوودەبوون رایگەیاند، جگەرەکێشان یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی نەخۆشییە ناگوازراوەکانی دڵ و شێرپەنجە و شەکرە.
محەمەد رەزا مەسجدی دەشڵێت20%ـی گیانلەدەستدانی دڵ و 80%ـی گیانلەدەستدان بە نەخۆشییەکانی هەناسەدان پەیوەندی بە جگەرەکێشانەوە هەیە.
ناوبراو رەخنەی لە زیادبوونی ژمارەی ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی تووتن لە 6 بۆ 38 ناوەند گرت و ئاماژەی بەوەشکرد، کە زۆرێک لە حاڵەتەکانی ئاڵودەبوون لە جگەرەکێشان و نێرگەلەوە دەست پێدەکات و کێشانی نێرگەلە لە نێو خوێندکارانی تەمەن 13 ساڵدا گەیشتۆتە 36%