کریستیانۆ رۆناڵدۆ بە ١٢ گۆڵ لە پیشەنگى ریزبەندى گۆڵکارانى نەیشنز لیگدایە و ژمارە پێوانەییەکەى سێرجیۆ رامۆسیشى شکاند.
لە بردنەوە گەورەکەى پۆرتوگال بەرامبەر پۆڵەندا بە پێنج گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە نەیشنز لیگ، کریستیانۆ رۆناڵدۆى کاپتنى پۆرتوگال دوو گۆڵ و ئەسیستێکى تۆمارکرد و ژمارەى گۆڵەکانى لە کاروانەکەیدا بۆ ٩١٠ گۆڵ بەرزکردەوە.
تۆڕى سکواکا بۆ ئامارەکان بڵاویکردەوە، کریستیانۆ بە پێنج گۆڵ لە پێشەنگى ریزبەندى خولەکەدایە لەم وەرزەدا، ئەمە بێجگە لەوەى بە ١٢ گۆڵ بوو بە گۆڵکارى مێژوویى پاڵەوانێتییەکە.
تۆڕى بى ئن سپۆرتیش ئاماژەى بەوەکردووە، کریستیانۆ تاکە یاریزانە لە مێژووى تۆپى پێدا، لە تەمەنى ٣٩ ساڵیدا حەوت گۆڵ تۆماربکات.
هاوکات کریستیانۆ یەکەم یاریزانە ١٣٢ یارى نێودەوڵەتى بباتەوە، بەمەش ژمارە پێوانەییەکەى سێرجیۆ ڕامۆسى هاوکارى پێشووى لە یانەى ریاڵ مەدرید و بەگریکارى پێشووى هەڵبژاردەى ئیسپانیاى شکاند.