هاتنی سودانی، تەوتین و پێکهێنانی کابینەی 10
هۆشیار عەبدوڵا- هەموو پێنج شەممەیەک
«هاتنی سودانی»
کێشەی سودانی هاوشێوەی، جەعفەری، مالکی، عەبادی و کازمی لە رۆژی یەکەمی دەستبەکاربونییەوە ئەوەیە کار بۆ ئەوە دەکات خولی دووەمی سەرۆکایەتی حکومەت بۆ خۆی مسۆگەر بکات، لەو چوارچیوەیەشدا دەیەوێ هەمووان لە خۆی رازیبکا!
هاتنی سودانی بۆ هەرێم لە کاتێکدا ساڵێک کەمتر ماوە بۆ هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێراق بۆ هێشتنەوەی کارتی کورد ( بەتایبەتی پارتی و یەکێتی)ـە لە دەستی خۆیدا بۆ ئەوەی هاوکاری بن بۆ جاری دووەم سەرۆکی حکومەت بێت نەک بۆ چارەسەری هیچ گرفت و کێشەیەک وەک میدیای ئاراستەکراوی حزبی دەهۆڵی بۆ دەکوتێ!
هاتنی سودانی بۆ هەرێم لە بارێکی دیکەیدا راکردنیەتی لەو کێشانەی ئێستا بۆ خۆی و کابینە حکومیەکەی دروستبوە لەناو ماڵی شیعەدا!
ئەو پیاوەی کە تا نەبوە سەرۆک وەزیران لە ریزی دووەمی سیاسییەکانی شیعەش ئەژمار نەدەکرا، ئێستا بە هۆی پۆستەکەیەوە زۆرینەی سیاسییەکانی کورد شاگەشگە بوون بە دیداری، حاڵەتێک لە گرێی خۆبەکەمزانیی زۆینەی سیاسییەکانی کورد وەک هەمیشە تۆختر دەکاتەوە !
دیقەت بدەن؛ سودانی لای پارتی ، یەکێتی، نەوەی نوێ ، یەکگرتوو و هەموو ئەوانی تریش یەک رستەی پێ بوە بە چەند دارشتنێکی جیاواز؛ موچە نافەوتێ! موچە چارەسەر دەبێ! کێشەی موچە نامێنێ! چونکە دەزانێ زۆرینەی ئەو حزبانە و خۆشی جگە لە باسی موچە شتێکی تری کۆنکریتیان پێ نییە بیڵێ و ناشتوانێ بیڵێ چونکە لە هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لێی قبوڵ ناکرێ!
پشتیوانی سودانی لە هەژماری من و وەستانەوەی دژی بریاری یەکەمی دادگای فیدڕاڵی بۆ تەوتین لە هەمان چوارچیوەی خەونی ئەودایە بۆ پاراستنی خولێکی دیکەی کورسیەکەی، بەتایبەتی وەعدی پارتی بۆی کە ئەگەر پشتیوانمان بیت لە دژایەتی ئەو بریارە ئەوا ئێمە پشتیوانتین بۆ ویلایەتیی دووەم!
عێراق بە هاوپەیمانێتی نێوان چینی دەسەڵاتدارە گەندەڵەکانی شیعە و سوننە و کورد ئەڕوات بەڕێوە، زۆربەی سیاسیەکانی عێراقی بەرژەوەندیان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمە نەک خەڵکەکەی، ئەمەشە عێراقی دوای 2005ی تا ئێستا با شکستخواردوو هێشتۆتەوە!
تێکڕای ئەوانەی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراقیان وەرگرتوە لە پێناوی خولی دووەمدا لە هەمان شەرابی تاڵیان نۆشیوە، شەرابی رازیکردنی هەمووان بێ ئەوەی بگەن بە موردیان، پیرەمێردی گەورە چەند جوانی فەرمووە؛
« ئەوەی بیەوێ گشت کەس مەمنون کا، ئەبێ هەوڵبا خۆی بە مەیمون کا»
کازمییەک هەبوو سەرۆک وەزیرانی عێراق بوو، خۆی و دارودەستەکەی چییان لێهات؟! چارەنوسی سودانیش هەر وا دەبێت، دوای ئەزمونی مالکی، ماڵی شیعە جارێکی تر سەختە دوو خول دەرفەتی کەس بدەن!
**
«تەوتینەکە»
هەر کە قوباد تاڵەبانی نەهاتە سەر خەت بۆ پرسی «تەوتین» و خۆی لێ بێدەنگ کرد، زانیم ئەو ماستە بێ موو نییە، هەربۆیە لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا هۆشداریمدا، گومانەکەم لە جێگای خۆیدا بوو، تۆقەی گەرمی نێوان بارزانی و مامی بچوک لە یادی میتراندا، فاتیحەی یەکجاری بۆ زۆر شت لە نێویاندا، توطین بە تێگەیشتنە عێراقییەکە دەخوێنێ! ئێستا ئیدی گیرفانی بانکەکانی خۆیان بۆ هەژمار گەورە و گەرم و گەرەنتییە!
ماوەیەکی تر دەیبینن چۆن تەوتین و هەژمار دەکەن یەک، لە ئایندەی نزیکدا دێن و دەڵێن هەژمار تەوتین و تەوتین هەژمارە، هەموشی لە بە بانکیکردندا کورت دەکەنەوە نەک لادانی موچە لە مەقەستی گروپی دەسەڵاتداری هەرێم با بۆ مێژوو بمێنێتەوە! ئەگەر هەڵە بووم بیدەنەوە بە چاومدا و لە دڵیشەوە هیواخوازم هەڵەبم!
مەڵێن ئاخر «تەوتین» وەعدێکی گەورە بوو چۆن دەبێ لێی پاشگەز ببنەوە؟! ئاسانە، بە وەعدێکی گەورەتر لە «تەوتین» لەبیرتان دەبەنەوە!
*
«کابینەی 10»
ئەگەر پارتی و یەکێتی هەر کامیان بڵێن بێ لایەکی ئێمە حکومەت پێک دێت، بە خەڵک و لایەنەکانی دیکە رادەبوێرن، ئەگەر لایەنەکانی دیکە بڵێن ئێمە دەتوانین لەگەڵ لایەکیان واتا پارتی یان یەکێتی حکومەت پێک دەهێنین، ئەوا پێش پارتی و یەکێتی و خەڵک ئەو لایەنانە بە خودی خۆیان رادەبوێرن!
چون و نەچونی پارتی و یەکێتی بۆ لای لایەنەکانی دیکە زیاتر نمایش و ماکیاژکردنە بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و دیموکراسی درۆینەی هەرێم وەگەر نا حکومەت و کابینەی 10، پارتی و یەکێتی پێکەوە پێکیدەهێنن و بێ یەکتری ناتوانن و کە پێکیشەوە بوون ئەوانی دیکە هەموویان ئاردی ناو دڕکن و هیچی تر!
باسکردنی حزبەکانی تر بۆ بەشداریکرد لە حکومەت و گوایە پارتی و یەکێتی دەیانەوێ پەنجا زائید یەک بێ یەکتری دروست بکەن یاریەکی کۆنە ساڵی 2014پارتی بەو فێڵە گۆڕانی لە گەرمەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق بردە ناو حکومەت و دواتریش بکەری سەرەکی هەر جوتحزبەکە خۆیان بوون!
هەڵبژاردنی دیزاینکراو وایکردوە چالاکبون یان نەبوونی پەرلەمان و حکومەت لە دەستی پارتی و یەکێتیدا بێت و رۆڵی ئەوانیتر لە چوار ساڵی داهاتودا هاوشێوەی شانۆگەریەکەی عادل ئیمام «شایەتێکی هیچ نەدیوو»ە!
کاتێک هەڵبژاردنێکی پڕ لە ساختەکاری بەو پەڕی خۆشحاڵییەوە قبوڵ دەکەی، ئاوایە نەتیجەکەی