کاساس پێیوایە بردنەوە لە ئوردن بەواتای سەرکەوتن بۆ مۆندیال نایەت و بارودۆخی ئێستاش لە یاری پێشوویان لە جامی ئاسیا جیاوازە.
لەکۆنفرانسی رۆژنامەنوسی تایبەت بەیارییەکەی سبەینێی بەرامبەر هەڵبژاردەی ئوردن لە پاڵاوتنی مۆندیال، خیسۆس کاساسی ئیسپانی راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، بردنەوەی یارییەکەی ئوردن بەواتای سەرکەوتن نایەت، بەڵام بردنەوە باشترە.
کاساس گوتی “هەڵبژاردەکەمان ئامادەیە، خولی ئەسێرەکان وەستاوە بۆ ئەوەی یاریزانەکان هەلی پەیوەندیکردنیان بە رێکخراوی هەبێت و یاریزانە پیشەگەرەکانیش بەپێی پابەندبونیان پەیوەندییان بە هەڵبژاردەکەوە کردووە”.
باسی لەوەشکرد، هاندەرانی عێراق تێگەشتوون و پێویستە پاڵپشتی هەڵبژاردەکەیان بکەن لە هەر بارودۆخێکدابێت، بەباشیش ئامادەکارییان کردووە باشتر لە جەولەکانی پێشتر لە رووی جەستەیی و دەروونییەوە.
کاساس دەشڵێت “یارییەکە جۆرێک لە فشاری تێدایە بۆ هەردوو تیپەکە، بەڵام باشترە ئەو جۆرە یارییانە لە یاریگای خۆماندا بکەین، لەسەر خاڵی بەهێز و لاوازی رکابەرەکەمان قسەم لەگەڵ یاریزانەکان کردووە و تیپی بەرامبەرمان خوێندووەتەوە، بەڵام دۆخەکە ئێستا جیاوازە و ناتوانین بەراوردی بکەین بە یارییەکەمان لە جامی ئاسیا، بەهەرحاڵ رکابەرەکەمان بەهێزە و گەشتە یاری کۆتایی جامی ئاسیا، یەکێکمان سەردەکەوین بۆ مۆندیال”.
کاساس ئاشکرایکرد، ئەمڕۆ پشکنین بۆ جەلال حەسەنی گۆڵچی دەکرێت و دواتر دەزانرێت ئامادەدەبێت یان نا، بەڵام ئەگەر ئامادەنەبوو گۆڵچی دیکەی باشیان هەیە، گۆڕانکاریکردنیش بە ئەیمەن حسێن پەیوەندی بە بارودۆخی یاریزانەکەوە بووە لە یارییەکاندا و چۆنیەتی جێبەجێکردنی ئەرکی هێرشبەری و بەرگری لەگەڵ ئامادەبوونیدا.
کاساس: بردنەوە لە ئوردن بە واتای سەرکەوتن بۆ مۆندیال نایەت
23