زووم..
قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند، کۆتاییان بە سەردانەکەیان بۆ تاران هێناوە و کۆبوونەوەی بەرهەمداریان ئەنجامداوە.
ئەعرەجی لە هەژماری خۆی لە ئێکس نووسیویەتی، کۆتاییان هێناوە بە سەردانە فەرمییەکەیان بۆ تارانی پایتەخی ئێران، لەوێ کۆبوونەوەی بەرهەمداریان ئەنجامداوە لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە و عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان، ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران و لیوا حسێن سەلامی، فەرماندەی سوپای پاسداران و ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران.
دەشڵێت، لە کۆبوونەوەکانیاندا هەڵوێستی نەگۆڕی عێراقیان بۆ رەتکردنەوەی بەکارهێنانی خاک و ئاسمانی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ دووپاتکردووەتەوە.
بە گوتەی ئەعرەجی، لە کۆبوونەوەکانیاندا لەگەڵ بەرپرسانی ئێران، جەختیان کردووەتەوە لە پێویستیی پاراستنی سنوورەکان، رێگری لە قاچاخچێتی و بەرەنگاربوونەوەی گرووپە مافیاییەکانی مادەی هۆشبەر، هەروەها هەماهەنگی و هاوکاریی نێوانیان لەپێناو راگرتنی جەنگی غەزە و لوبنان.
لەنێو شاندە باڵا ئەمنییەکەی عێراقدا، کە ئەعرەجی سەرۆکایەتی دەکرد، هەریەک لە رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و هیوا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان هەبوون.