زووم..
درەنگانی شەوی رابردوو لە نزیک بەڕێوەبەرایەتی ئاوی شاری حەسەکەی رۆژاڤای کوردستان ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو تەقییەوە و بەهۆیەوە سێ کەس گیانیان لەدەستداوە کە سەرجەمیان ئەندامی هێزەکانی سوریای دیموکراتن.
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی رۆژاڤای کوردستان لەبارەی تەقینەوەکە لە راگەیەندراوێکیدا دەڵێت، ئۆتۆمبێلێکی جۆری هۆندای سەر بە ماڵی بریندارانی جەنگ لە نزیک بەڕێوەبەرایەتی ئاوی حەسەکە لە گەڕەکی ساڵحیە لەڕێگەی بۆمبێکی چێنراوەوە کە پێدەچێت بەئامێری کۆنترۆڵەوە لەدوورەوە بەسترابێت تەقیوەتەوە.
دەشڵێت، لەئەنجامی تەقینەوەکەدا سێ شەڕڤان کە لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون گیانیان لەدەستداوە کە دووانیان برینداری شەڕی سەردەمی داعش بوون.
تەقینەوەکە لەکاتێکدا بووە کە هێزەکانی سوریای دیموکرات لە رۆژی ٦ی ئەم مانگەوە بە پشتیوانی هاوپەیمانان ئۆپراسیۆنی ئاسایشی هەمیشەییان لە کەمپی هۆل و ناوچەکانی دیکەی رۆژاڤا دەستپێکردوە و ژمارەیەکی زۆر چەکدار و شانەی نوستوی داعشیان دەستگیرکردووە.