سبەینێ بە چوار یاریی هەفتەیەکی دیکەی خولی نایابی کوردستان دەستپێدەکات و ئەم هەفتەیەش چوارقوڕنە چاوەڕوان دەبێت.
سبەینێ سێشەممە بەرواری (12-11-2024) کاتژمێر (2:00) کێبڕکێکانی هەفتەی دووەمی خولی نایابی کوردستان دەستپێدەکەن و یانەی پیشەسازی لە یاریگای خۆی لە شاری هەولێر، میوانداری سیروانی نوێ دەکات، کە نوێنەرەکەی سلێمانی یەکەم یاریی خۆى لە خولەکەدا دەکات، چونکە هەفتەی یەکەم چاوەڕوان بوو.
هاوکات یانەی برایەتی دەیەوێت تۆڵەی شکستی هەفتەی یەکەم بکاتەوە و لە یاریگای خۆی میوانداری شەقڵاوە دەکات، کە هەفتەی پێشوو بەرامبەر بووە.
هەر لە شاری هەولێر، یانەی هەندرێن میوانداری دەربەندیخان دەکات، کە هەردوو یانە لە هەفتەی یەکەمدا تووشی شکست بوون.
لە کەلاریش دێربی ئەو شارە هەیە و یانەی رزگاری لە یاریگای خۆی میوانداری شێروانە دەکات، پێشبینی دەکرێت یارییەکە بەهێز بێت، چونکە هەفتەی یەکەم هەردوو یانە یەکەم سێ خاڵی خولەکەیان بەدەستهێنا.