زووم..
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند قەدەغەی هاتوچۆ لە شەوی 19ی ئەم مانگەوە دەستپێدەکات و بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت، پلاندانانی عێراقیش دەڵێت، سەرژمێری سێ رۆژی دیکە دەستپێدەکات.
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ باسی لەوە کرد، بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ تەنها تیمەکانی وەزارەتی پلاندانان و وەزارەتی ناوخۆ و رۆژنامەنووسان و ئەو فەرمانگە خزمەتگوزارییانە ناگرێتەوە، کە لەرێنماییەکانی لیژنەی ئەمنی سەرژمێری باسکراون.
لەبارەی سەرژمێرییەوە، زیا عەواد سەرپەرشتیاری پرۆسەکە لە وەزارەتی پلاندانان رایگەیاند، سەرژمێری لە رۆژی 14ی مانگ دەستپێدەکات، تا 10ی مانگی داهاتوو دەخایەنێت.
گوتیشی، رۆژانی 20 و 21ی مانگ کە قەدەغەی هاتوچۆیە، تەنها بۆ تۆمارکردنی زانیارییەکانی تایبەت بە خێزانە، رۆژانی دیکە بۆ وەرگرتنی زانیارییەکانی دیکەی سەرژمێرییە.