زووم..
رۆژنامە تورکییەکان
یەنی شەفەق
عێراق نۆژەنکردنەوەى موسڵ بە تورکیا رادەسپێرێت
حکومەتى عێراق بە فەرمی داوای لە تورکیا کردووە پارێزگای موسڵ نۆژەن بکاتەوە، لە ژێرخان و جێبەجێکردنی پڕۆژەى گەورەی وەک دروستکردنی یاریگا و پڕۆژەى گەشتیاریی لە کەناری دەریاچەی دیجلە چەندین پڕۆژەى رێگاوبان دەدرێتە ئەستۆی کۆمپانیا تورکییەکان.
حکومەتى عێراق نووسراوی بۆ وەزارەتی بازرگانیی تورکیا نووسیوە و ئاماژەی بەوەشکراوە بە گرنگییەوە لە پەیوەندییە مێژووییەکانمان لە رووی بازرگانی و بەها کلتورییەانەوە دەبینین.
ئەکشام
هێشتا بۆ گەشتیاران ئەنتاڵیا وەزری هاوینە
ئەنتاڵیا بە پایتەختى گەشتیاریی تورکیا ناسراوە لەم وەرزەشدا گەشتیارانی بیانی رووی تێدەکەن، هۆکاری هاتنى گەشتیار بۆ جوانی سرشتی پارێزگاکە و هەروەها بەرزی پلەی گەرما دەگەڕێتەوە بە بەراورد بە پارێزگاکانی دیکەى ئەو وڵاتە.
بەگوێرەى ئامارەکان ساڵی پار پارێزگای ئەنتاڵیا پێشوازی لە 15 ملیۆن و 689 هەزار گەشتیار کردووە. لە 10 مانگی ئەمساڵدا تائێستا 16 ملیۆن و 131 هەزار گەشتیار روویان لە ئەنتاڵیا کردووە. هەر بەگوێرەى ئامارەکان رۆژانە 30 هەزار گەشتیار روو لە ئەنتاڵیا دەکەن.
میللییەت
جەهەپە سەردانی 81 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان دەکات
بڕیارە لە 16ـى ئەم مانگەوە سەرۆکی جەهەپە و تەواوی پەرلەمانتارانی پارتەکە سەردانی 81 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان بکەن.
ئامانج لەو سەردانە بۆ وەرگرتنى بیروڕای خەڵکە لەسەر پرسە ئابوورییەکان. جەهەپە بە چەند شاندێکی جیاواز سەردانەکانی بۆ بازاڕ و مارکێتەکان ئەنجامدەدات لەو پارێزگایانە. بۆئەوەى پێش گفتوگۆکانی بودجە لە پەڕلەمانی تورکیا راپۆرتی خۆیان لەوبارەیەوە بنوسن و داواکارییەکانی خەڵک بگەیەننە پەرلەمان.
یەنی بیرلیک
ئاک پارتی دەڵێت، ئەردۆغان تاوەکو 2028 سەرۆککۆمارە
نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمان و ئەندانی ئاک پارتی رایگەیاند، هەڵبژاردنی پێشوەختە لە رۆژەڤماندا نییە. رەجەب تەیب ئەردۆغان تاوەکو ساڵى 2028 وەک سەرۆککۆمار لە پۆستەکەیدا دەمێنێتەوە.
سەرۆکی پەڕلەمان راشیگەیاندووە، پرسی هەموارکردنەوەى دەستوور قۆناغێکی سەخت دەبێت بۆ ئاک پارتییەکان و هاوکات هیچ شتێک ئاستەم نییە، هەوڵدەدەین دەستوورێک لەسەر بنەمای رێککەوتن لەگەڵ لایەنەکان هەمواربکەینەوە.
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
وەزیری دەرەوەى عێراق دەڵێت، هێشتا ترس لە فراوانبوونى جەنگەکە لە ئارادایە
فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەى عێراق لە چاوپێکەوتنێکى تایبەتى لەگەڵ رۆژنامەى شەرقلئەوسەت رایگەیاند، هێشتا مەترسییەکانى فراوانتربوونى جەنگی ئیسرائیل لە ئارادایە و ئەوەش ترسێکى لە ناوچەکە و بگرە جیهانیش دروستکردووە.
راشیگەیاندووە، ئێران پەیمانى داوە بە عێراق کە خاکەکەى بەکارنەهێنێت بۆ هێرشکردنەوە سەر ئێران، بەڵام پێگە جوگرافییەکەى عێراق کە لە نێوان ئیسرائیل و ئێراندایە وایکردووە نەتوانرێت بێخەم بمێنێتەوە و هەموو جۆرە مەترسییەک لەبەرچاو دەگرێت و هەموو پێشهاتێکیش بەهەند وەردەگرێت.
دەڵێت، کۆبوونەوەى لوتکەى وڵاتانى عەرەبی و ئیسلامی لە ریاز پێویستییەکی گرنگە و کار بۆ ئەوە دەکات فشار بخرێتە سەر دەوڵەتەکەى نەتانیاهۆ بۆ ئەوەى جەنگەکە رابگرێت.
سەباح
لاوازیی شێوازەکانى وانەگوتنەوە کەلێنی سەرەکی نێوان قوتابی و قوتابخانەیە
د. ئیبراهیم عەلاف مامۆستاى زانکۆی لە موسڵ، کە نزیکەى نیوسەدەیە شێوازەکانى وانەگوتنەوە بە قوتابیانى کۆلێژى پەروەردە دەڵێتەوە لە چاوپێکەوتنێکى رۆژنامەى سەباح دا دەڵێت، وانەگوتنەوە هونەر و راهێنان و شێوازە بۆ گەیاندنى زانیارییەکان بە قوتابی، لەگەڵ ئەوەشدا نەیشاردووەتەوە کە لەم ساڵانەى دواییدا گەیاندنى بابەتەکان بە قوتابییان لاوازبووە و پاشەکشەى زۆری کردووە، گەورەترین هەڵەش ئەوەیە بەشێک لەو مامۆستایانەى لەنێو قوتابخانەکاندا وانە دەڵێنەوە شێوازەکانى وانەگوتنەوەیان نەخوێندووە یان مامۆستاى قۆناغێکن و وانە بە قۆناغێکی دیکە دەڵێنەوە.
راشیگەیاندووە، ئامانج لە خوێندن لە عێراقدا لە رێڕەوی خۆی لایداوە و پەیوەستکراوە بە دامەزراندن و دابینکردنى بژێویی، ئەوە جگە لەوەى کردنەوەى ئەو هەموو قوتابخانە ئەهلییانە زیانێکی دیکەى لە پرۆسەى پەروەردە داوە.
عەرەب
سودانى بە ئەرکی خۆی دەزانێت کەلێنەکانى نێوان یەکێتى و پارتى بۆ پێکهێنانى حکومەت پڕبکاتەوە
رۆژنامەى عەرەب بڵاویکردەوە پێکهێنانى حکومەتى نوێی هەرێمى کوردستان بەهۆی ناکۆکییە قوڵەکانى نێوان یەکێتى و پارتى دوادەکەوێت، ئەوەش وایکردووە هەردوولایان پەنا ببنەوە بۆ بەغداد بۆ ئەوەى کەمێک لە بۆشاییەکانى نێوانیان کەمتر ببێتەوە.
رۆژنامەکە نووسیویەتى محەمەد شیاع سودانی بە ئەرکی خۆی دەزانێت دۆخی ئابووری، ئاسایش و کۆمەڵایەتى خەڵکى عێراق چاکبکات بە هەرێمى کوردستانیشەوە.
رۆژنامەکە دەڵێت، سودانى لەگەڵ مەسعود بارزانى سەرۆکی پارتى دیموکراتى کوردستان یەک ئامانجیان هەیە کە ئەویش پاراستنى ئەمنیەتى هەرێمى کوردستانە و پێکەوەش کاردەکەن بۆ روبەڕووبوونەوەى پارتى کرێکارانى کوردستان تا لە خاکی عێراق و هەرێمى کوردستانەوە هێرش نەکەنە سەر تورکیا، ئەوە لە کاتێکدا عێراق خوازیاری پەرەپێدانى پەیوەندییەکانیەتى لەگەڵ تورکیا و چارەسەرکردنى ئەو کێشانەى لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەیە.
دەستور
هەناری شارەبان هەڕەشەى لەناوچوونى لەسەرە
جوتیارەکانى ناوچەى شارەبانى سەربە پارێزگای دیالە بە رۆژنامەى دەستوریان راگەیاندووە، بەهۆی کەمبوونەوەى ئاوى رووبار و گۆڕانکارییەکانى کەشوهەواوە هەنارە تایبەتەکەى شارەبان بەرەو لەناوچوون دەچێت.
دەشڵێن، جگە لە کەمبوونەوەى رێژەى بەرهەمهێنانى ساڵانەکەى گۆڕان لە تام و پێکهاتەکەیدا روویداوە.
ئەوان دەڵێن، بەهۆی کەمبوونەوەى ئاوى رووبارى دیالەوە جوتیارەکان ناچارن ئاوى بیر بەکاربهێنن ئەوەش سەرەڕای تێچوونى زیاتر کاریگەریشی کردووەتە سەر پێکهاتەکەى هەربۆیە نرخی هەنارى شارەبان ئەمساڵ لە عەلوەکاندا بەبەراورد بە ساڵی پار بۆ هەر کیلۆیەک بە نرخی کۆ دابەزیوە بۆ 250 دینار، ئەوە لە کاتێکدا نرخی هەنارى هاوردەکراوى تورکیا و سوریا لە 1500 دینار کەمتر نییە، هەربۆیە باخی هەنار لاى جوتیارەکان خەریکە بەهاى خۆی لەدەستدەدات و لە رووی ئابوورییەوە خەڵک پشتى تێدەکات و روبەرەکانیان بەرەو کەمبوونەوە دەڕوات.
رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەشکردووە لە ساڵانى دیکەدا هەناری بەرهەمهاتووی شارەبان پێنج بۆ شەش هەزار تۆن بووە، بەڵام ئەمساڵ دابەزیوە بۆ چوار هەزار تا چوارهەزار و پێنج سەد تۆن.
رۆژنامە فارسییەکان
مەردوم سالاری
گەیشتن بە گەشەی ئابووریی 8% خەون و خەیاڵە
بە دڵنیاییەوە لە دەیەی داهاتوودا بەردەوامیی دەسەڵاتی دۆلار و یۆرۆ لە بازاڕەکانی جیهاندا دەبینین.
لە کاتێکدا ئێران سەرنجی لەسەر وەلانانی دۆلارە لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئەندامانی بریکس و شەنگەهای، گرنگترین ئەندامی ئەم پەیمانانە کە روسیایە بە روونی دەڵێت، کە بەنیازی وەلانانی دۆلار نییە.
ئێران ئامانجی گەشەی ساڵانەی 8%ـى هەیە، بەڵام پێویستە قبووڵی بکەین کە لەم بارودۆخە ئابووریەی ئێستادا هیچ سوودێک بەدەست ناهێنین و بە دڵنیاییەوە بەدەستهێنانی گەشەی ئابووریی 8% لە درێژخایەندا خەون و خەیاڵە.
ئەبرار
راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لە تارانە
قاسم ئەعەرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، بەمەبەستی دیدار و راوێژ لەگەڵ بەرپرسانی ئێران، گەیشتە تاران.
مەبەست لەم گەشتە پتەوکردنی پەیوەندییە هاوبەشەکان و لێکۆڵینەوە لە پرسە ئەمنییەکانی نێوان هەردوو وڵاتە.
پێشتر مەجید قۆلیپوور، نوێنەری حکومەتی ئێران لە بەغداد لەگەڵ ئەعرەجی کۆبووەوە و باسیان لە کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و قاچاخچێتی و بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیریی دوو وڵات کرد.
لەم دیدارەدا ئەعرەجی جەختی لە دژایەتی عێراق کردەوە بۆ بەکارهێنانی ئاسمانی وڵاتەکەی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران.
ئەفکار
پارێزگای ورمێ پلەی دووەمی کەمترین رێژەی بێکاری لە ئێراندا بەدەستهێنا
رێژەی بێکاری له پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان له 10% بۆ 5% کەمیکردووە و ئەم پارێزگایە لە پلەی بیست و دووەمەوە له 31 پارێزگادا بۆ دووەم پارێزگای بەرزبووەتەوە کە کەمترین رێژەی بێکاری لە وڵاتدا تۆمارکردووە.
سەرۆکی رێکخراوی بەڕێوەبردن و پلاندانانی ورمێ بە ئاماژەدان بە رێوشوێنی جۆراوجۆری وەک کاراکردنی یەکەکانی بەرهەمهێنان و کانزا، گرنگیدان بە هەلی کار لە ماڵەوە و رەخساندنی هەلی کار لە گوندەکان، گوتی، ئەو رێوشوێنانە لە کەمکردنەوەی بێکاریدا کاریگەر بوون.
هەروەها جەختی لەوە کردەوە سەرەڕای ئەم کەمکردنەوەیە، کێشەی بێکاری بە تەواوی چارەسەر نەکراوە و ئەگەر ئەم رەوتە بەردەوام بێت، رەنگە لە داهاتوودا ئەم کێشەیە بە تەواوی چارەسەر بکرێت.
ئیمروز
لە ماوەی 7 ساڵدا نرخی سککە 30 هێندە بەرزبووەتەوە
حەسەن نەتاج، نوێنەری پەرلەمانی ئێران، هۆشداریی لە بارودۆخی مەترسیداری ئابووریی ئێران دەدات و دەڵێت، ئەگەر حکومەت پرۆسەی هەڵاوسان چارەسەر نەکات و نرخی ئاڵوگۆڕی دراو جێگیر نەکات، ساڵی داهاتوو دۆخێکی خراپترمان دەبێت.
ناوبراو ئاماژەی بە راپۆرتی ناوەندی لێکۆڵینەوەی پەرلەمان کرد کە رێژەی هەژاری گەیشتووەتە زیاتر لە یەک لەسەر سێی دانیشتوانی وڵات و لە ماوەی حەوت ساڵدا نرخی زێڕ و سککە 30 هێندە بەرزبووەتەوە و خەڵکێکی زۆر تەنانەت ناتوانن پێداویستییە سەرەتاییەکانیان دابین بکەن.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
ستامەر کار دەکات بەرنامەکانی ترەمپ بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئۆکراین پەکبخات
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و سەرکردەکانی یەکێتیی ئەوروپا، گفتوگۆ لەسەر ئەوە دەکەن پێش دەرکەوتنی هەر هەڵوێستێکی ئیدارە نوێیەکەی ئەمریکا، شان بدەنە بەر هاریکاریکردنی ئۆکراین.
چاوەڕوان دەکرێت هەریەکە لە کێیە ستامەر و ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا دووایین سەنگەری پێشەوە بگرن، پێکەوە هەوڵ بدەن ئەو پلانانەی ترەمپ پەک بخەن، کە دەیەوێت یارمەتی و کۆمەکەکانی ئەمریکا بۆ ئۆکراین کەمبکاتەوە. سەرکردەی بەریتانیا و فەرەنسا ئەمڕۆ گفتوگۆیەک لەسەر ئەو بەرنامەیە پێکەوە ئەنجامدەدەن، کە دەیانەوێت هەوڵبدەن جۆ بایدنی سەرۆکی ئێستا قایل بکەن رێگە بە ئۆکراین بدات، بۆئەوەی بتوانێت موشەکە دوورهاوێژەکانی جۆری شادۆو ستۆرم بەکاربهێنێت بۆ بۆردوومانکردنی ناو قووڵایی خاکی رووسیا.
تایمز
ئەگەر رۆبۆتەکان غەمبار بوون، چۆن یارمەتییان بدەین؟
ئێمەی مرۆڤ کاتێکی زۆر لە بیرکردنەوە لەوە بەسەردەبەین، کە داخۆ رۆبۆتەکان لە ئایندەدا چۆن دەتوانن مرۆڤەکان ملکەچ بکەن! بەڵام بەڕاستی بیرمان لەوە نەکردووەتەوە، کە ئایا ئەوکاتە چی بکەین، کە پێچەوانەی ئەمە روویدا! بەڵام ئێستا کاتی بیرکردنەوە لەم مەسەلەیەش هاتووە. دەستەیەک لە زانایان و فەیلەسووفان کۆبونەتەوە و داوایان کردووە ئامادەکاری بکرێت بۆ ئەگەری دروستبوونی هۆش لەلای ژیریی دەستکرد. بۆئەوەی بتوانرێت شوێنکەوتە ئاکارییەکانی ئەو دەرکەوتنە چارەسەربکرێت. چونکە ئەگەر ئەمە روویدا و هۆش لەلای ژیریی دەستکرد پەیدابوو، ئەوکاتە دەبێت بیر لەوەبکرێتەوە ئەوانیش مافیان هەبێت.
جێف سیبۆ زانایە و فەیلەسوفیشە لە زانکۆی نیویۆرک دەڵێت ئەگەر بە جدی بە دوای وەڵامی ئەم پرسیارەدا نەگەڕێین ئەوا موعانات و پشێووی لە داهاتووی جیهاندا دروستدەکەین.
ئیندیپێندەنت
لەپاش سەرکەوتنەکەی ترەمپەوە ستامەر داوای بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوانی بەریتانیا و یەکێتیی ئەوروپا دەکات.
ستامەر داوای پتەوکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپادا دەکاتەوە، زۆر بابەتی گرنگییش هەن، کە چاوەڕواندەکرێت بچنەوە سەر مێزی گفتوگۆکانی نێوانی ئەم دوو لایەنە، وەک بەهێزکردنی هاریکاریی نێوانیان، سەردان و ئاڵوگۆڕی ئەکادیمی، ئازادکردنی جوڵانەوەی گەنجان، قسەوباسکردن لەسەر ژیریی دەستکرد. چەند بەرپرسێکی ئەوروپی بە رۆژنامەی ئیندیپێندەنتیان گوتووە، بابەتی زۆرمان هەیە قسەیان لەبارەوە بکەین.
لەپاش هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەمریکاوە ستامەر داوای پتەوکردنەوەی ئەم پەیوەندییانەی لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپادا کردووە.
ئۆرشەلیم پۆست
دێرمەر بەرەو ئەمریکا دەچێت، مەبەست لە سەردانەکەی کۆتاییهێنانە بە شەڕی باکوور
رۆن دێڕمەر، وەزیری کاروباری ستراتیژیی ئیسرائیل سەردانی واشنتن دەکات. دەیەوێت لەگەڵ بەرپرسانی واشنتندا قسەوباس لەبارەی راگرتنی شەڕی نێوانی سوپای ئیسرائیل و حزبوڵاوە بکات. مەرجەکانی ئیسرائیل بۆ ئەو ئاگربەستە و کۆتاییهێنان بە شەڕەکە بۆ واشنتن ئاشکرابکات. سەرچاوەیەکی ئاگادار ئەم زانیارییەی بۆ ئۆرشەلیم پۆست پشتڕاست کردووەتەوە.
هەر ئەم بەیانییە رادیۆی سەربازیی ئیسرائیلیش گوتویەتی کە زانیارییان دەستکەوتووە لە هەفتەی رابردوودا دێرمەر بە نهێنی سەردانی رووسیاشی کردووە، داوای لە مۆسکۆ کردووە جۆرێک دڵنیاییان بدەنێ کە حزبوڵای لوبنان جارێکی تر لەلایەن ئێرانەوە پڕ چەک نەکرێتەوە و نەتوانێت بگەڕێتەوە نزیکی سنوری باکووری ئیسرائیل.