زووم..
کۆمەڵێک رۆشنبیر و مامۆستای زانکۆ و رۆژنامەنووس لە هەرێمی کوردستان، راگەیەنراوێکیان لەبارەی دەرکردنی نوێنەرایەتی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە هەولێر بڵاوکردەوە و ئیدانەی ئەو کردەوەیە دەکەن، کە بەرامبەر ئەو پارتە کراوە.
راگەیەنراوەکە، کە واژووی زیاتر لە سەد کەسایەتی لەسەرە و ئاراستەی نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە، تێیدا هاتووە، رۆژی ٤ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، کە هاوکاتە لەگەڵ دانانی قەیوم لە شاری ماردین لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە، ئاسایشی گشتی هەولێر بانگی نوێنەرانی هەدەپە (دەم پارتی ) و دەستەی بەڕێوەبەری نووسینگەی هەولێر دەکەن کە چوار کەسن، دوای ئەوەی زانیارییان لێوەردەگرن و ماوەی دوو کاتژمێر لەناو ئاسایش گلیاندەدەنەوە و وێنەیان دەگرن، پاشان دوویان بە تاکسی و لە ژێر چاودێری هێزێکی ئەمنییەوە بەرە و سماقوڵی و ئەو دووانەی دیکەشیان بەرە و دێگەڵە گواستووەتەوە و لە هەولێر دەریانکردوون.
بە گوێرەی راگەیەنراوەکە، هێزە ئەمنییەکان هۆشدارییان داوە بەو کەسانە بۆیان نییە بۆ هەولێر بگەڕێنەوە، ئەمە لەکاتێکدا ئەم حزبە لە تورکیا حزبێکی رێگا پێدراوەو ئۆفیسی هەیە و چالاکی دەکات، ئۆفیسەکەی هەرێمیشیان نوێنەرایەتی فەرمی پارتێکی یاسایین و ئەندامەکانیشیان لە ژێر چاودێری نەتەوەیەکگرتووکاندان و پەنابەری سیاسین و هیچ تاوان و هەڵەیەکیان نەکردووە.
ئەوان روونیانکردووەتەوە، ئەم رەفتارەی ئاسایشی ( پارتی ) لەلایەکەوە جێبەجێکردنی سیاسەتی تورکیایە، لەلایەکی تریشەوە هێندەی تر دابڕانی شارەکانە لە یەکدی و پێشاندانی سلێمانییە وەک ناوەندی چالاکی پارتی کرێکاران و هێندەی تر گەمارۆدانی و فشارخستنەسەری، چونکە لە میدیای تورکیادا هەواڵەکە بەو جۆرە بڵاوکراوەتەوە، کە ئەمانە پەیوەندییان بە پارتی کرێکارانەوە هەیە، بۆیە نووسینگەکەیان داخراوە و بۆ سلێمانی دەرکراون، لە کاتێکدا ئەوان هەموویان کەسانی مەدەنیین و ساڵانێکە کار و خەباتی مرۆیی و سیاسی و مەدەنی ئەنجام دەدەن.
هەروەها رایانگەیاندووە، ئەم ڕێوشوێنە لە کاتێکدا ئەنجام دەدرێت، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی لە چەند رۆژی رابوردوودا باسی یەک هەرێم و یەک حکومەتی دەکرد، بەڵام ئەم رەفتارانە پێچەوانەی ئەو لێدوانەیە و سەلماندنی دوو ئیدارەیی و تۆخکردنەوەی سنوری دێگەڵەیە، جگە لەوەش بۆ دەبێت، کوردستان لانەی دەزگای فەرمی و سیخوڕییەکانی دەوڵەتانی دراوسێ و بنکەو بارەگا ئاشکراو نهێنییەکانیان بێت، بەڵام جێگای تێکۆشەرانی مەدەنی پارچەکانی تری تێدا نەبێتەوه کە یاساو دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێم ئەو مافەی پێداون.
هاوکات جەختیان لەوەش کردووەتەوە، کە بەتوندی دژی ئەم جۆرە رەفتارە و هاوشێوەکانیان دەوەستینەوە لەهەر شوێنێکی هەرێم بێت، داواشیان لە نەتەوەیەکگرتوەکان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کردووە، فشار بخەنە سەر دەسەڵاتدارانی هەرێم لە هەولێر و سلێمانی رێگەی چالاکی سیاسی ئازادیخوازانی باکوور و رۆژهەڵات و رۆژئاوا بدرێت و ژیان و سەلامەتییان پارێزراو بێت و پیلانیان لەدژنەگێڕدرێت.