زووم..
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر هەواڵی دەرکردنی سەرکردەکانی حەماسی لە دەوحە رەتکردەوە و رایگەیاند، ئامانج لە بوونی نووسینگەی حەماس کەناڵی پەیوەندییە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان.
ماجید ئەنساری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا کە لەبارەی کشانەوەی قەتەر لە نێوەندگیری حەماس و ئیسرائیل ئەنجامیدا، گوتی، ئامانج لە بوونی نووسینگەی حەماس لە دەوحە بوونی کەناڵێکی پەیوەندییە لەگەڵ وڵات و لایەنە پەیوەندیدارەکان، لە رابردوودا ئەم نووسینگەیە رۆڵی هەبووە لە ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی بارمتەکان و هێورکردنەوەی دۆخەکە.
بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، بەرپرسانی دیکەی قەتەری و ئەمریکیش گوتویانە، نووسینگەی حەماس لە قەتەر دەمێنێتەوە.
هاوکات سەرکردەیەکی حەماس بە ئاژانسەکەی گوتووە، بزووتنەوەکەیان هیچ ئاگادارکردنەوەیەکیان بۆ نەچووە لەبارەی داخستنی نووسینگەکەیان لە دەوحە.
دوێنێ ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری چەند سەرچاوەیەکی دیپلۆماسیەوە باسی لەوەکردبوو، لە دوای کشانەوەی قەتەر لە نێوەندگیری و هەوڵەکانی ئاگربەست، نووسینگەی حەماس لە قەتەر دادەخرێت.