رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
لە دواى هەڵگیرسانى جەنگى حەوتى تشرینى یەکەم کۆچ بەرەو ئیسرائیل زیادیکردووە
ئۆفێر سوفر وەزیری کۆچى ئیسرائیل رایگەیاند لەدواى هەڵگیرسانى جەنگەوە لە 7ـى تشرینى یەکەمى 2023 تا ئێستا ئەو جولەکانەى لە وڵاتانى جیهانەوە کۆچیان کردووە بۆ ئیسرائیل دووبەرامبەرى ساڵی پێشووە، ئەوانەشى کۆچیانکردووە لانی کەم یەکێک لە باوک و دایک یان داپیرەو باپیرەیان یەهودین و تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 35 ساڵیدایە.
رۆژنامەى واشنتن پۆستیش لەو بارەیەوە ئامارێکى بڵاوکردوەتەوە تیایدا هاتووە 19 هەزار و 850 کەس لە روسیا، سێ هەزار 340 کەس لە ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا و کەنەدا، 1820 کەس لە فەرەنسا، 980 لە ئۆکراین، 975 لە بیلاروس، 560 لە بەریتانیا، 450 لە ئەرجەنتین، 310 لە جۆرجیا، 280 لە ئەفریقیای باشوور، 250 لە بەرازیل، 220 لە ئۆزبەکستان، 160 لە ئەڵمانیا، 150 لە ئازەربایجان، 135 لە ئوسترالیا، 130 لە مەکسیک و 105 کەسیش لە کازاخستانەوە چوونەتە ئیسرائیل.
رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەشکردووە، لە 100 وڵاتى دونیاوە خواست لەسەر کۆچکردن بۆ ئیسرائیل لە دواى هەڵگیرسانى جەنگەکەوە زیادیکردوە و تا ئێستاش زیاتر لە شەش هەزار فەرەنسى داواکارییان پێشکەش کردووە بە لایەنی پەیوەندیدار تا بە یەکجاریی کۆچ بکەن بۆ ئیسرائیل.
بەگوێرەى ئامارى رۆژنامەکە لەو ژمارەیە شەش هەزاریان منداڵن و لەگەڵ خێزانەکانیان گەڕاونەتەوە، کە دەکاتە رێژەى 20%ى کۆچکردووە نوێیەکان، 21%یان تەمەنیان لەنێوان 36 بۆ 50 ساڵیدایە و 28% یشیان لەسەرو 50 ساڵییەوەن، ئەوەشى کە دەمێنێتەوە تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 35 ساڵیدایە کە دەکاتە 31%ى کۆچکردووە نوێیەکان.
رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەشکردووە، رێکخراوێکى جولەکە بە ناوى (نیفش بنیفش) واتە (گیان بەگیان) سەرپەرشتى ئەم شەپۆلە نوێیەى کۆچکردنى جوەوەکان دەکات بەرەو ئیسرائیل.
سەباح
بۆکۆتاییهینان بە جەنگى ئیسرائیل سبەینێ لە سعودیە کۆبوونەوەى لوتکە دەبەسترێت و عێراقیش بەشداریی دەکات
ئەمڕۆ وەزیرانى دەرەوەى وڵاتانى عەرەبی و ئیسلامی دەچنە عەرەبستانى سعودیە و ئامادەکاریی دەکەن بۆ کۆبونەوەى لوتکە کە بڕیارە سبەینێ بەڕیوەبچێت و ئامانجیش راگرتنى ئەو جەنگەیە کە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستى گرتوەتەوە، فادی شەمەری راوێژکاری سیاسی محەمەد شیاع سودانى رایگەیاندووە لەو کۆبوونەوەیەدا عێراق لەبارەى جەنگی ئیسرائیل و وڵاتانى دیکەوە هەڵوێستى روونە، پشتیوانى لە وەستانى جەنگەکە دەکات کە لە دژى گەلى لوبنان و فەلەستینى بەوپەڕیی نامرۆڤانە ئارادایە و هاووڵاتیان سڤیل دەکاتە ئامانج و بەردەوامیش هەوڵە دبلۆماسییەکانى خۆی پەرەپێداوە بۆ راگرتنى ئەو جەنگە، ئاماژەى بەوەشکرد ئەو کۆبوونەوەیە فشارێک دەخاتە سەر ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و داوایان لێدەکات جەنگەکە رابگیرێت.
بڕیارە سبەینێ دووشەممە 11ـى تشرینى دووەم لە عەرەبستانى سعودیە کۆبونەوەى لوتکەى وڵاتانى عەرەبی و ئیسلامی بەڕێوەبچێت و وردەکارییەکانى چۆنیەتى هاوکاریکردنى زیاترى مرۆیی و فشار دروستکردن لەسەر ناوەندە جیهانییەکان گفتوگۆ دەکەن و لە کۆتاییشدا بەیاننامەیەکى هاوبەش بڵاودەکەنەوە.
مەدا
ترەمپ و سودانى جەخت لە سەر تێوەنەگلانى عێراق دەکەنەوە لە جەنگى ئیسرائیل
بەگوێرەى بەیاننامەیەکى فەرمی حکومەتى عێراق درەنگانى شەوى هەینى محەمەد شیاع سودانى سەرۆکوەزیران و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی تازە هەڵبژێراوەى ئەمریکا لە میانى پەیوەندییەکى تەلەفۆنیدا جەختیان لەسەر راوەستانى جەنگ کردەوە لەناوچەکەدا، بەیاننامەکەى حکومەت بڵاویکردوەتەوە هەردوولا جەختیان لەسەر شەراکەتى بەردەوام کردوەتەوە لەگەڵ درێژەپێدانى پەیوەندییە دوقۆڵییەکان لە بوارەکانی ئاسایش و ئابوریی و دارایی و وزە و تەکنۆلۆژیادا، بەیاننامەکە جەختیشى کردوەتەوە ترەمپ پابەندى خۆی دوپاتکردوەتەوە بۆ جێبەجێکردنى بڕیاری راگرتنى جەنگ کە لەکاتى هەڵمەتى هەڵبژاردنەکاندا دووپاتى دەکردەوە، رۆژنامەکە ئاماژەى بە هەڵوێستى حزبوڵاى عێراقى کردوە سەبارەت بە ناڕاستى ئەو هەواڵەی کە گوایە ئێران موشەک و فڕۆکەى بێفڕۆکەوانى بۆ گروپە چەکدارەکانى عێراق ناردبێت و بە هەواڵێکى سەرلێشێوێنەریی دوژمنکارانەیان ناوبردووە، لە بەیاننامەکەى حکومەتى عێراقدا هاتووە هەردوولا جەختیان لەسەر تێوەنەگلانى حکومەتى عێراقى کردووە لە جەنگەکەوە.
دەستور
عێراق دووەم وڵاتى هاوردەکاری هەناری تورکیایە
خەیرەدین ئوجاک سەرۆکی ئەنجومەنى کارگێڕیی کۆمەڵەى هەناردەکردنی میوە و سەوزەى تورکیا رایگەیاند عێراق لە ریزبەندى دووەمى ئەو وڵاتانەدایە کە هەناری تورکی هاوردە دەکەن، بەگوێرەى گوتەکانى خەیرەدین لەنێوان مانگی تشرینى یەکەم و دووەمدا کە وەزری پێگەیشتنى هەنارە، بەگوێرەى گوتەى ئەو بەرپرسە ساڵانە تورکیا 700 هەزار تۆن هەنار بەرهەم دەهێنێت و لەو بڕەش 150 بۆ 200 هەزار تۆنی هەناردەى وڵاتان کردووە لەوانەش عێراق.
راشیگەیاندووە، لە مانگی
تشرینى یەکەمدا روسیا لە پلەى یەکەمدا بووە و بە بەهاى 21 ملیۆن دۆلار هەناریان لە تورکیا کڕیوە و عێراقیش بەبڕی 20 ملیۆن دۆلار هەنارى لە تورکیا کڕیوە و لە ریزبەندەى سێیەمدایە، لەدواى عێراقیش ئەڵمانیا بە پلەى سێیەم دێت و بایی 14 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار هەنارى هاوردە کردووە.
بەرپرسە تورکییەکە ئاماژەى بەوەشکردووە، بە بەهاى حەوت ملیۆن و 500 هەزار دۆلاریش هەناریان رەوانەى بەریتانیا و بە بەهاى پێنج ملیۆن و 500 هەزاریش رەوانەى ئۆکراینیان کردووە.
رۆژنامە فارسییەکان
هەمدلی
بڕانی کارەبا جێگای پیسبوونی هەوای گرتەوە!
ئێران جارێکی دیکە تووشی بڕانی کارەبا دەبێت کە ئەمڕۆ دەستپێدەکات.
ئەم بڕیارە بەهۆی کەمبوونەوەی یەدەگی سووتەمەنی پاک بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و رێگریکردن لە بەکارهێنانی سووتەمەنیە پیسەکان دراوە.
رۆژانە لە کاتژمێر 9ـی بەیانی تا 5ـی ئێوارە لانیکەم بۆ ماوەی دوو کاتژمێر کارەبا دەپچڕێت.
سەرەڕای ئەوەی ئێران یەکێکە لە گەورەترین هەناردەکارانی کارەبا لە ناوچەکەدا، بەڵام بەهۆی لاوازیی ژێرخانی کارەبا و نەبوونی سەرمایەگوزاریی پێویست، هێشتا لەبەردەم کێشەی کەمی کارەبا و پچڕانی بەردەوامی کارەبادایە کە لە هاویندا بەهۆی زیادبوونی بەکاربردن و لە زستاندا بەهۆی کەمی غازەوە توندتر دەبێتەوە.
مەردوم سالاری
زەریف: ئەمریکا و ئیسرائیل تا ئازادکردنی تەواوەتی فەلەستین رۆژێکی ئارام نابینن
محەممەد جەواد زەریف، جێگری ستراتیجی سەرۆککۆماری ئێران، لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی “قوتابخانەی نەسروڵا” کە بۆ چلەی کوژرانی حەسەن نەسروڵا بەڕێوەچوو، جەختی لەوە کردەوە کە حزبوڵا زیندووە و ئیسرائیل و ئەمریکا هەرگیز ئارامی نابینن تا ئازادکردنی تەواوەتی فەلەستین.
زەریف ئاماژەی بەوەدا کە گەلی فەلەستین و لوبنان شکستیان نەهێناوە و زیاتر بەهێز و خۆڕاگر بوون و رێکخراوەکانی وەک حزبوڵا، حەماس و جیهادی ئیسلامی زیندوون.
جێگری سەرۆککۆمار جەختی لەوە کردەوە کە ئیسرائیل ناتوانێت بچێتە باشووری لوبنان و بەرخۆدان لە دژی ئیسرائیل تا رزگاریی یەکجاریی خاکە ئیسلامییەکان بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی رێز لە مافەکانی گەلی فەلەستین بگیرێت.
ئەبراری ئیقتسادی
بڕیاری هەڵە لەناوچوونی 30%ی بەرهەمهێنانی قوماشی ئێرانی لێکەوتوەتەوە
لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا بڕی هاوردەکردنی قوماش بۆ دوو هێندە زیادیکردووە، ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی توانای بەرهەمهێنانی ناوخۆ بە رێژەی 30%
ساڵانە 600 هەزار تۆن قوماش لە پیشەسازییە جیاوازەکانی وەک جلوبەرگ و کەرەستەی ناوماڵدا بەکاردەهێنرێت، کاڵایەکی بەکارهێنراوی بەرفراوانە و بەرهەمهێنانی ناوخۆیی دەتوانێت بەشداری بکات لە گەشەسەندنی ئابووری وڵاتدا و هەلی کار زیاد بکات.
سەرەڕای توانای بەرزی پیشەسازی قوماشی ئێران بۆ گەشەپێدان و خۆبژێوی، هاوردەکردنی قوماش لەم ساڵانەی دواییدا داخستنی کارگەکان و بێکاریی بەربڵاو و زیانی گەورەی بۆ بەرهەمهێنەرانی ناوخۆ لێکەوتوەتەوە.
هاوردەکردنی بەرفراوان و بەردەوام بووەتە کێشەیەکی گرنگی پیشەسازیی قوماشی ئێران و درێژەدان بەم دۆخە دەتوانێت لێکەوتەی ئابووری و کۆمەڵایەتی زیاتری هەبێت.
ئارمانی میهەن
سزاکانی ئەوروپا، دابینکردنی دەرمانی بۆ نەخۆشەکان پەکخستووە
جێگری بەڕێوەبەری رێکخراوی خۆراک و دەرمانی ئێران سەبارەت بە کاریگەریی سزاکانی ئەم دواییەی یەکێتی ئەوروپا لەسەر دابینکردنی دەرمان و خۆراک رایگەیاند: سزاکان راستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر گواستنەوەی ئاسمانی و هاوردەکردنی دەرمان هەبووە.
دەشڵێت: هەوڵەکان بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی دەرمانسازی له ناوخۆی ئێران بە شێوازی جیاواز بەردەوامن، بەڵام یەکێتی ئەوروپا بە بیانووی ئۆکراینەوە سێ هێڵی ئاسمانی ئێرانی سزا داوە کە ئەم سزایانە کاریگەری نەرێنییان لەسەر دابینکردنی دەرمان هەبووە، بەتایبەت بۆ هەندێک نەخۆشیی سەخت.
ناوبراو جەخت لەسەر پێویستیی هاوکاری ناوخۆیی و دەرەکی بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە دەکاتەوە و دەڵێت هەوڵەکان بەردەوامە.
رۆژنامە تورکییەکان
جمهورییەت
سەرۆکی جەهەپە: تاکە ئەرکمان گرتنەدەستی دەسەڵاتە
ئۆزگور ئۆزال سەرۆکی گشتیی جەهەپە دەڵێت با کۆتایی بە مشتومڕەکان لەسەر بەستنی کۆنگرەى جەهەپە بهێنرێت، ئۆزال راشیگەیاندووە: ئەو کەمپینەى لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لەسەر بەستنى کۆنگرەى پارتەکەمان راگەیەنراوە لێرەدا کۆتایی پێدەهێنم و بەستنی کۆنگرە لە رۆژەڤی پارتەکەماندا نییە، بەڵکو تاکە ئەرکمان گرتنەدەستی دەسەڵاتە.
هەروەها راشیگەیاندووە، دەبێت هەموو لایەک ئەوە بزانێت ئامانجمان ئەوەیە پارتەکەی مستەفا کەمال ئەتاتورک بکەینە دەسەڵات.
ئەکشام
بەرپرسانی ئۆفیسی هەدەپە-دەم پارتی لە هەولێر بەڵگەى ساختەیان پێبووە
ئەو چوار بەرپرسەى نوێنەرایەتی هەدەپە لە هەولێر لەلایەن دەسەڵاتی پارتییەوە رەوانەى سلێمانی کران هەڵگری بەڵگەى ساختە بوون، هۆکاری دوورخستنەوەیان لە هەولێر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەو کەسانە ناویان لەلاى تورکیا هەبووە و داواکراو بوون هاوکات پێشتر بە پێناس و پاسپۆرتی ساختە ناوی خۆیان گۆڕیوە و کارتی نشینگەیان لە هەولێر وەرگرتووە.
بەرپرسانی پارتەکە بە رۆژنامەى ئەکشامیان راگەیاندووە، کە لایەنی پەیوەندیدار بەبێ ئاگادار کردنەوە رەوانەى سلێمانیان کردوون و تائێستا بارەگای نوێنەرایەتییەکەش دانەخراوە، بەڵام بەهۆی ناردنى ئەو چوار کەسە بارەگاکە هیچ کارێک ناکات.
ئاکیت
زیاتر لە 230 کەس بەهۆی خۆپیشاندانەکانی قەیومەوە دەستگیرکراون
عەلی یەرلیکایا وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، لە پاش دانانی قەیوم لە سێ شارەوانی دەم پارتی، لە 47 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا، 235 کەسیان دەستگیرکردووە بە تۆمەتی خۆپیشاندان لەدژى دانانی قەیوم و نانەوەى گێرەشێوێنی.
وەزیری ناوخۆ راشیگەیاندووە، هەندێک لەو کەسانەى دەستگیرکراون لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا پۆستی توندوتیژییان بڵاوکردووەتەوە بەو هۆیەشەوە 217 پێگە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بلۆک کراون.
میللیی گەزێتێ
داواى بچڕانی پەیوەندیی بازرگانی لەگەڵ ئیسرائیل دەکرێت
ئەندامانی پارتی سەعادەت گردبوونەوەیەکیان لەبەردەم وەزارەتی بازرگانی تورکیا لە ئەنقەرە ئەنجامدا و بە دروشمی بازرگانی لەگەڵ ئیسرائیل رابگرن، لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا ئەندامانی پارتەکە رایانگەیاند: ماوەى ٥٥ ساڵە ئێمە داکۆکی لە پرسی فەڵەستین دەکەین و وەک پرسێکی ئێماندارێتی دەیبینین. لە خۆپیشاندان و دروشمەکانمان بەردوام دەبین تاکوو تورکیا تەواوی پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل دەپچڕێنێت.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
سەندەی تایمز
پلانەکەی ترەمپ بۆ دیپۆرتکردنەوەی پەنابەران دەرکەوت، بە خراپترینی ناو خراپترینەکان دەستیپێکرد
ئیدارەکەی دۆناڵد ترەمپ دەیەوێت بۆ گەمارۆدان و گرتن و ناردنەوەی پەنابەرە بێ بەڵگەکان، سوپا بەکاربهێنێت. هەر لە رۆژی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەی ترەمپەوە سوپا دەکەوێتە گەڕان بەدوای دۆزینەوە و گرتنی پەنابەراندا. کەسێک کە لە ناوەندی راگەیاندنی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ترەمپدا کاریکردووە ئەم باسەی بۆ راگەیاندنەکان ئاشکراکردووە. تۆم هۆمان لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەی ترەمپدا سەرۆکی دەستەی گومرگ و پەنابەری بووە. گوتی نزیکەی بیست ملیۆن پەنابەری نافەرمی لەناو ئەمریکادا هەن، کە هیچ بەڵگەیەکیان نییە، هەموو ئەمانە دەکەونە بەر ئەگەری ناردنەوەیان بەرەو وڵاتەکانی خۆیان.
سەندەی تەلەگراف
ئەندامبوون لە دادگای ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ، کێشە بۆ تێپەڕاندنی یاسای مردنی یارمەتیدراو دروستدەکات
بەریتانیا بە کوشتنی بەزەیی دەڵێت مردنی یارمەتیدراو. پارێزەرانی ئەم وڵاتە هۆشدارییان داوە و دەڵێن ئەندامێتیی ئەم وڵاتە لە پەیماننامەی ئەوروپی بۆ مافەکانی مرۆڤدا بوار بەوە نادات لەندەن لەسەر شێوازی کەنەدا بە یاسا کار بە کوشتنی بەزەیی بکات.
لە پەرلەماندا ئامادەکاریی تەواو بۆ ئەوەکراوە یاسایەک تێپەڕێندرێت بۆئەوەی بەپێی دەقی ئەو یاسایە ئەگەر کەسێک توانا عەقڵییەکانی باش بوو، بەڵام توانا جەستەییەکانی پەکیان کەوتبوو، توانی پشتیوانی لە دوو پزیشک و یەک دادوەرەوە بۆ مردنەکەی خۆی وەربگریێت، بەپێی یاسا ئاسانکاری بۆ مردنەکەی بکرێت. بڕیارە رۆژی 29ـی ئەم مانگە ئەم پرۆژە یاسایە بخرێتە دەنگدانەوە.
وۆڵ ستریت جۆرنەڵ
یەکێک لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا ئەوەیە زەمینەیەکی نوێ بۆ کارکردنی راگەیاندن دانرا
دوو هەفتە پێش ئێستا دۆناڵد ترەمپ بۆ ماوەی سێ کاتژمێری بەردەوام لەبەرامبەری جۆ رۆگەنی بێژەردا دانیشت گفتوگۆیەکیان کرد، پاشان زیاد لە 45 ملیۆن جار ئەو دیدارە لە رێگەی یوتیوبەوە سەیرکرا، لە رێگای سپۆتیفای و میدیاگەڕەکانی دیکەوە زیاتر لە 25 ملیۆن جار بیندرا. لە شەوی پاش ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانیشدا رۆگەن یەکێک بوو لەو میدیاکارانەی کە لە خۆشیی سەرکەوتنی ترەمپدا هاواریان دەکرد و ئاهەنگیان دەگێڕا. کەواتە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2024 ئەوەیان دەرخست، کە زەمینەیەکی نوێ بۆ کارکردن و دەرکەوتنی کاری میدیایی بووە بە واقع. ئەو دیاردەیە باوی نەما، کە چەند کەناڵێکی فەرمیی ئەمریکی ببن بە تاکە ناوەندی بڵاوکردنەوەی زانیاری و گفتوگۆی سیاسی. لەمەودوا بەپێی نەریتی نوێی ئەمریکی کاریگەریی تەلەڤزیۆنەکان و تۆڕەکانی هەواڵ و رۆژنامە چاپکراوەکان کەم دەبنەوە، شتی دیکە هەن جێگەیان بگرنەوە.
گەڵف نیوز
لەپاش سێ ساڵی بەردەوام بۆ یەکەمجار نرخی زێڕ لە رۆژێکدا زۆرترین دابەزینی تۆمارکرد
ئەمە هەواڵێکی باشە بۆ زەڕەنگەران و زێڕفرۆشان، کە لە ماوەی یەک رۆژدا، هەر ئۆنسەیەک زێڕ 100 دۆلار لە نرخەکەی دابەزی. تا دوو رۆژ پاش ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکاش نرخی زێڕ هەر بەردەوام بوو لە بەرزبوونەوە، بەڵام لە دوێنێدا دابەزینێکی تۆمارکرد و لە رۆژێکدا 100 دۆلار لە نرخەکەی دابەزی. هەفتەی رابردوو نرخی ئەم کانزا گرانبەهایە هەر رووی لە بەرزی بوو، گەیشت بە دووهەزار و شەش سەد و نەوەد دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک، بەڵام لە دوێنێدا بەشێوەیەکی بەرچاو نرخەکەی هاتەخوارەوە.