زووم..
جارێکی دیکە بەهۆی ناکۆکی سیاسییەکانەوە کارکردن بە وەرەقەی رێککەوتنی سیاسی گەڕاوەتەوە سەر مێزیی کۆبوونەوەی لایەنەکانی پێکهێنەری حکومەتی عێراق.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی گوتوە، لەدوا کۆبوونەوەی ئیدارەی دەوڵەت جارێکی دیکە مشتومڕی لایەنەکان لەسەر جێبەجێکردنی وەرەقەی رێککەوتنی سیاسی سەریهەڵداوەتەوە، بەتایبەت دوای هەڵبژاردنی مەحمود مەشهەدانی وەک سەرۆکی نوێی پەرلەمان و درێژکردنەوەی ماوەی یاسادانانی پەرلەمان.
دەشڵێت، لەکۆبوونەوەکەدا کە سودانی و مەشهەدانی و سەرکردەکانی چوارچێوە و کورد و سوننە ئامادەیی بوون، خەمیس خەنجەر سەرۆکی هاوپەیمانی سیادە وەرەقەی رێککەوتنی سیاسی بۆ بەشدارانی کۆبونەوەکەی خستوەتەڕوو کە دوو ساڵ بەسەردا تێپەڕیوە و داواکاری لایەنە سوننەکانی تێدا جێبەجێ نەکراوە و هۆشداریداوە لە بەردەوامی دواخستنی.
لە کۆبوونەوەکەدا لەنێوان خەنجەر و هەندێک لەسەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی گرژیی و ئاڵۆزیی روویداوە و مەشهەدانی بەڵێنیداوە لە قۆناغەکانی داهاتوودا بەدواداچوونی بۆ جێبەجێکردنی ئەو وەرەقەی رێککەوتنە سیاسییە بکات.