زووم..
وەزیری ئابووریی ئێران پەسەندکردنی پلانێکی راگەیاند، کە کۆڵبەران دەخاتە ناو بازنەی گومرگ و باجەکانی وڵاتەوە.
لە کاتی گەشتێکدا بۆ پارێزگای بەلوچستان، عەبدولناسر هیمەتی وەزیری ئابووریی ئێران رایگەیاند، ئەم پلانە بۆ رێکخستنی کۆڵبەران لە لایەن دەستەی حکومەتەوە پەسەند کراوە.
بە گوتەی ناوبراو، ئەو کاڵایانەی لە لایەن کۆڵبەرانەوە هاوردە دەکرێن، باجیان لەسەر دادەنرێت بۆ ئەوەی لە ماوەی پێنج ساڵدا پابەندی رێسای گومرگی بن و پارێزگارەکانیش بەرپرسیارن لە جێبەجێکردنی ئەم پلانە. ئەم باجە لە سەرەتادا بڕێکی “کەم” دەبێت و وردە وردە زیاد دەکات.
پەسەندکردنی ئەم پلانە بۆ کۆلبەرەکان لە کاتێکدایە کۆڵبەرەکان خاوەنی بار و کاڵاکان نین، بەڵکو تەنها کاڵاکان دەگوازنەوە بۆ بازرگانان و داهاتیان لە گواستنەوەی کاڵاکان زۆر کەمە.