زووم..
رێکخراوی بەرگری لە رەوتی ئازادی زانیاری لە راپۆرتی نوێی خۆیدا سەبارەت بە سەرکوتکردنی میدیا و رۆژنامەنووسان لە ئێران دەڵێت، لە ١٠٠ رۆژی یەکەمی سەرۆکایەتیی مەسعود پزشکیاندا، شێوازەکانی سەرکوتکردنی ئازادی رادەربڕین زیاتر بووە، ٧٨ میدیا و رۆژنامەنووس تووشی کێشەی ئەمنی و دادوەری بوون.
بە پشتبەستن بە دۆسیە بەڵگەدارەکانی رێکخراوی بەرگری لە رەوتی ئازادیی زانیاری، لە ماوەی ١٠٠ رۆژی یەکەمی حکومەتی پزشکیاندا، دادگا رۆژنامەوانییەکان لە ٣٢ دۆسیەی جیادا بڕیاری تاوانبارکردن یان سزای زیندانیکردنیان لە دژی رۆژنامەنووسان و میدیاکان دەرکردووە.
لەو ماوەیەدا حەوت رۆژنامەنووس و چالاکی راگەیاندن سزای زیندانیکردن و قامچی لێدان و سزای داراییان بەسەردا سەپێندراوە.
هەروەها راپۆرتەکە باس لەوە دەکات لەم ماوەیەدا دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکانی ئێران لانیکەم لە ٧٤ دۆسییەدا مافی یاسایی ئەو رۆژنامەنووسانەیان پێشێل کردووە، کە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا کراوە.