زووم..
کارمەندێکی تەندروستیی بەریتانیا دوای ئەوەی دەرمانی تایبەت بە دابەزاندنی کێشی بەکارهێنا گیانی لەدەستدا.
ئاژانسی فرانس پرێس دەڵێت، سوزان ماکگاوان، کارمەندێکی کەرتی تەندروستیی بەریتانیایە و تەمەنی 58 ساڵە، دوای ئەوەی لە رێگای ئۆنڵاینەوە دەرمانێکی تایبەت بە دابەزاندنی کێشی کڕی، لە دووەم جاری بەکارهێنانی دەرمانەکە هەستی بە ئازاری توندی گەدەی کردووە و نەخۆشکەوتووە و گیانی لەدەستداوە.
رۆژنامەی دەیلی مەیڵی بەریتانی باسی لەوەکرد، ئەم هاووڵاتییە دەبێت بە یەکەمین کەس لە بەریتانیادا، کە بە روونی سەلمێندراوە دەرمانی خۆلاوازکردنی بەکارهێناوە، کە بەناوی بازرگانیی مونجارۆوە ناسراوە و بەهۆیەوە مردووە. دەرمانەکە لەڕێی دەرمانفرۆشێکی ئۆنلاینەوە کڕدراوە، نازانرێت سەرچاوەکەی کوێیە. بووە بەهۆی پەکخستنی پەنکریاسی نەخۆشەکە و لەماوەیەکی کەمدا کوشتویەتی.
ئەم حاڵەتە لەکاتێکدایە، مانگی رابردوو وەزیری تەندروستیی بەریتانیا رایگەیاند، حکومەتی وڵاتەکەی بەکارهێنانی دەرمانی دابەزاندنی کێش بۆ ئەو کەسانەی کێشیان زیادە و بەدەست بێکارییەوە دەناڵێنن دەکاتە ناچاری، تاوەکو بتوانن بگەڕێنەوە نێو بازاڕی کار.