زووم..
ژمارەی تووشبووانی پەتاکەی قەزای شارەزوور بەرزبووەوە و دوو هەزار و 700 کەسى تێپەڕاند و تەندروستى شارەزووریش دەڵێت، تووشبوون بە سکچوون و رشانەوە بەردەوامە و ژمارەى تووشبووان لە بەرزبوونەوەدایە.
سامان سابیر، بەڕێوەبەرى فریاکەوتنى خێرا لە نەخۆشخانەی گشتیی شەهید رەئوف بەگ لە قەزاى شارەزوور بە زوومى گوت، تا ئێستا لە قەزای شارەزوور زیاتر لە سێ هەزار و 500 کەس تووشى سکچوون و رشانەوە بوون، بەڵام زیاتر دوو هەزار و 800 کەس بەهۆى پەتاکەوە سەردانى نەخۆشخانەکەیان کردووە و بەشێکى زۆریان چارەسەریان وەرگرتووە و گەڕێنراونەتەوە ماڵەوە و بە بەردەوامیش تووشبووانی دیکە سەردانى نەخۆشخانەکە دەکەن و بەشێکى ئەوانەشى کە تووشى پەتاکە بوون لە دەرەروەى نەخۆشخانەکە چارەسەریان وەرگرتووە.
ماوەى چوار رۆژە پەتای سکچوون و رشانەوە لە قەزاری شارەزوور بڵاوبووەتەوە و سەدان کەس رەوانەی نەخۆشخانەکان کراون و بە گوێرەی بەدواداچوونی لایەنی پەیوەندیدار و تیمە تەندروستییەکانیش هۆکاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە تێکەڵبوونی ئاوی ئاوەڕۆ و ئاوی خواردنەوەیە.
نەخۆشخانەی گشتیی شەهید رەئوف بەگ لە قەزاى شارەزوور لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، پەتاکە مەترسیدار نییە و نەخۆش بە وەرگرتنی چەند چارەسەرێکی سەرەتایی دۆخی جێگیر دەبێت و دەتوانێت بچێتەوە بۆ ماڵەوە.