رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
ئەردۆغان داوای لە ترەمپ کردووە هاوکارییەکانى یەکینەکانى پاراستنی گەل رابگرێت
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیا رایگەیاند داواى لە سەرۆکی هەلبژێردراوى ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ کردووە هاوکارییەکانى وڵاتەکەى بۆ یەکینەکانى پاراستنى گەل رابگرێت.
رۆژنامەى شەرقلئەوسەت لە راپۆرتێکدا باس لەوە دەکات ئەردۆغان لەڕێى تەلەفۆنەوە پیرۆزبایی سەرکەوتنەوەى لە ترەمپ کردووە و لە قسەکانیاندا داوای لێکردووە هەموو ئەو هاوکارییانە رابگرێت، کە ئەمریکا تائێستا داویەتى بە یەکینەکانى پاراستنى گەل، کە بە گەورەترین باڵی سەربازیی نێو هەسەدە دادەنرێن و جەختیشى کردووەتەوە، تورکیا چاوپۆشى لە دابینکردنى ئەمنیەتى سنوورەکانى ناکات.
ئەردۆغان رایگەیاندووە، سوورین لەسەر کۆتاییهێنان بە مەترسییەکانى سەر وڵاتەکەمان و دەبێت 30 بۆ 40 کیلۆمەتر لەسەر سنوور بکرێتە پشتوێنەیەکی ئەمنى تاوەکو مەترسی پەکەکە لەسەر وڵاتەکەمان کەمبکرێتەوە.
عەرەب
لە مانگی داهاتووەوە پۆلیسی ئاکار لە لیبیا حیجابی ئیسلامی دەسەپێنێت
عیماد تەرابولسى، وەزیری ناوخۆی لیبیا لە کۆنفراسێکى رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، لەمەودوا دامەزراوەى پۆلیسی ئاکار دەست
بەکارەکانى دەکات و رێگریی دەکرێت لە تیکەڵی ژنان و پیاوان لە کافتریا و شوێنەگشتییەکاندا و حیجابی ئیسلامیش دەکرێتە ئەرکی هەموو ژنانى وڵاتەکەى و رێگریی دەکرێت لە هاتنە ناوەوەى جل و بەرگی رێگەپێنەدراوی شەرعیی، وەزیری ناوخۆی لیبیا راشیگەیاند ئەم کارە لەپێناوی پاراستنى ئەمنیەتى کۆمەڵگە و کلتوورى لیبیایە لەبەرئەوەى ئەوەى ئێستە دەگوزەرێت نامۆیە بە کۆمەڵگەکەمان.
ئەم لێدوانانەى عیماد تەرابولسى کاردانەوەى زۆری کۆمەڵانى خەڵک و میدیا و سۆشیاڵ میدیاى بەدواى خۆیدا هێناوە، بەشێک لە هاووڵاتیان پشتیوانى لێدەکەن و دەڵێن رەوشتى کۆمەڵگەکەمان بەرەو لەناوچوون دەچێت و پێویستە لە شوێنێکدا رابگیرێت، بەشێکى دیکەش لە دژى دەوەستنەوە و بە پێچەوانەى ئازادییە تاکەکەسییەکان لە قەڵەمی دەکەن و پێیان وایە ئەم جۆرە بڕیارانە سەرەتایەکە بۆ سەرهەڵدانى بیری توندڕەویی و دواجاریش لەنێو قوتابخانە و فەرمانگە حکومییەکان دەسەپێنرێت.
وەزیری ناوخۆ رایگەیاندووە، پۆلیسى ئاکار دەستى بەکارەکانى کرد چاودێری تەواو دەخاتە سەر شەقام، پێگەکانى ئینتەرنێت و لەناویاندا تیک تۆک، لەبەر ئەوەى بووەتە سەرەتاى تێکدانى کۆمەڵگەى لیبی.
قودسى عەرەبی
هیومان رایس ۆچ دەڵێت، پێدانى چەک لە لایەن وڵاتانى رۆژئاواوە ئیسرائیل هەڵدەنێت شەڕی زیاتر بنێتەوە
تیرانا حەسەن، بەڕێوەبەری جێبەجێکار لە رێکخراوى هیومان رایس ۆچ رایگەیاند ئەو وڵاتانەى بە پێدانى چەک هاوکاریی ئیسرائیل دەکەن لە جەنگی دژ بە لوبنان و فەلەستین سەرەڕای ئەوەى پێشێلکاریی یاساییە بوونەتە هۆی ئەوەى جەنگەکە درێژە بکێشێت و ئیسرائیل هاندەدەن پەلاماری وڵاتانى دیکەش بدات.
رایگەیاند، وڵاتانى ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا دەتوانن کاریگەرییان هەبێت لەسەر راگرتنى جەنگەکە هەربەوەندەى چەک و تەقەمەنیی نەدەن بە ئیسرائیل.
تیرانا دەڵێت، ئەگەر هاوکارییە سەربازییەکانى ئەو وڵاتانە و رۆژئاواییەکان بەگشتى بەردەوام بێت بۆ ئیسرائیل ئەوا دەبێـت دڵنیابن کە لە پێشێلکاریی مافەکانى مرۆڤدا بەکاردەهێنرێت و تاوانى جەنگی پێئەنجام دەدرێت و ئەو وڵاتانەش متمانەى خۆیان لەدەستدەدەن لە بوارى مافەکانى مرۆڤدا، لەبەر ئەوەى بە دووفاقەیی کار لەسەر مافەکانى مرۆڤ دەکەن، لە لایەکەوە بە دروشم لەگەڵ مافى مرۆڤدان و بە کردەوەش پێشێلکاریی ئەنجام دەدەن.
جەریدە
وڵاتانى کەنداو ترەمپ بە هاوپەیمانى خۆیان دەزانن و دەڵێن دەبێت مامەڵەى لەگەڵ بکەین
رۆژنامەى نیۆرک تایمز بڵاویکردووەتەوە وڵاتانى ئەنجومەنى هاریکاریی کەنداو لەسەر گۆڕەپانى نێودەوڵەتى رۆڵی دیار و لەبەرچاو دەگێڕن و پێگەی ئابووری و سیاسی گرنگیان هەیە، ئەوان ترەمپ بە هاوپەیمانى خۆیان دەزانن و دەڵێن دەتوانرێت مامەڵەى لەگەڵ بکرێت و کاریگەریی هەبێت لە وەستاندنى ئەو جەنگە وێرانکەرەی رووى لە رۆژهەڵاتى ناوەراست کردووە.
بڵاویشیکردووەتەوە ترەمپ لەگەڵ گەورە بەرپرسانى کەنداو پەیوەندیی شەخسی و تایبەتى هەیە و بەردەوام پشتیوانییان لێدەکات، ئەوە لە کاتێکدا پەیوەندییان لەگەڵ جۆوبایدن باش نەبووە، گەورە بەرپرسانى کەنداو نیگەران بوون لە هاوکارییەکانى ئەمریکا بۆ ئیسرائیل.
رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەشکردووە، ترەمپ لەیەکەم گەشتیدا وەک سەرۆک بۆ دەرەوەى وڵات لە ساڵی 2017 سەردانى ریازی پایتەختى عەرەبستانى سعودیەى کرد و پێدەچێت لەم خولەى سەرۆکایەتیەکەیدا پەپوەندییەکانى نێوان ئیسرائیل و سعودییە سەر هەڵبداتەوە لە بەرامبەریشدا هەندێک ئاسانکاریی بکرێت بۆ سعودییە کە پرۆژە ئەتۆمییەکەى بباتە پێشەوە.
رۆژنامە تورکییەکان
سۆزجو
سەردەمانێک پارەى تورکی بەهای هەبوو
بانتی 200 لیرەیی لە ساڵی 2009 چاپ کرا، لەو کاتەدا دەیکردە 32 دۆلاری ئەمریکی. لەمڕۆدا تەنها 5.8 دۆلاری ئەمریکی دەکات.
200 لیرە کە گەورەترین پارەى کاغەزی تورکی بوو، تەنها بووەتە پارەیەک بۆ بەخشیش. لەو ساڵانەدا 63 لیتر بەنزینی دەکرد. ئێستا 4.6 لیتر بەنزین دەکات. ئەم پارەیە لە رابردوودا 11.7 کیلۆ قیمەى دەکرد، بەڵام ئێستا 444 گرام قیمە دەکات. لەو ساڵانەدا 500 سەمونی دەکرد، ئێستا 20 سەمون دەکات.
میلییەت
لە پەرلەمانی تورکیا سزاکانی تایبەت بە چەکی بێ مۆڵەت هەمواردەکرێـتەوە
پڕۆژە یاسایەک لەسەر سزاکانی چەکی بێ مۆڵەت لە کۆمیسیۆنی پەرلەمانی تورکیا پەسەند کرا، تاکوەو لە رۆژەکانی داهاتوودا گفتوگۆی لەسەر بکرێت.
بۆ رێگریی کردن لە دیاردەى چەک هەڵگرتن و قەدەغەکردن تەواوى مامەڵە نایاساییەکانی کڕین و فرۆشتن بە چەکەوە و سزادانی ئەو کەسانەى هەڵگری چەکی بێ مۆڵەتن یان کڕین و فرۆشتنیان پێوەدەکەن.
یەنیچاخ
حکومەت لە کەمکردنەوەى خەرجییەکان شکستیهێناوە
پلانی کەمکردنەوەى خەرجییەکانى حکومەت کەمتر لە شەش مانگی خایاند و حکومەت لەو پلانە شکستیهێنا.لە نوێترین بەرنامەى حکومەت بەنیازە دوو هەزار و 298 ئۆتومبێل بۆ دامەزراوەکانی بکرێت، کە 500 یان تایبەت دەکرێت بە وەزارەتی دارایی.
سەڤدا ئەردان کڵچ، پەرلەمانتاری جەهەپە رایگەیاند، لە 17ـى ئایادا محەمەد شیمشەک، وەزیری دارایی رایگەیاندبوو تاوەکو سێ ساڵی داهاتوو هیچ ئۆتومبێلێک بۆ دامەزراوەکانی حکومەت ناکڕن، بەڵام هێشتا شەش مانگ تێنەپەڕیوە بەسەر بڕیارەکەیان بەنیازن لە بودجەى 2025 هەزاران ئۆتومبێل بۆ دامەزراوەکانیان بکڕن.
جمهورییەت
لە دژى قەیوم ئیمامئۆغڵو سەردانی پارتەکان دەکات
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی یەکێتیی شارەوانییەکان لە تورکیا و سەرۆکی گەورە شارەوانی ئیستەنبوڵ بەمەبەستی کۆدەنگییەکی پارتە سیاسییەکان لەدژى دانانی قەیوم سەردانی پارتە سیاسییەکان دەکات.
ئیمامئۆغڵو سەردانی ئەرکان باش، سەرۆکی پارتی کرێکاری تورکیا کرد، ئیمامئۆغڵو و سەرۆکی پارتی کرێکاری تورکیا لەدژى دانانى قەیوم هاوڕا بوون بانگەوایان بۆ لایەنەکانی دیکەش کردووە لەدژى قەیوم هەڵوێست وەربگرن.
رۆژنامە فارسییەکان
مەردوم سالاری
جەواد زەریف دەڵێت، ئێران لە هەڕەشەکان ناترسێت
لە یەکەمین کاردانەویدا بۆ هەڵبژاردنی ئەمریکا، محەمەد جەواد زەریف، جێگری ستراتژیکی سەرۆککۆماری ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیوەتى، گەلی ئەمریکا بە تایبەت موسڵمانان بە روونی دژایەتیی خۆیان بۆ ساڵێک لە هاوبەشی شەرمەزارانەی ئەمریکا لە کۆمەڵکوژیی ئیسرائیل لە غەزە و لوبنان نیشان دا.
زەریف هیوای خۆی دەربڕی ئیدارەی نوێی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی ترەمپ بەڵێنەکانی خۆی بۆ راگرتنی شەڕ جێبەجێ بکات و لە داواکارییە روونەکانی دەنگدەران وانە وەربگرێت بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکان و رێگریکردن لە ململانێی نوێ.
جەواد زەریف رایگەیاند، ئێران توانا و ئیرادەی خۆی سەلماندووە بۆ وەڵامدانەوەی هەر دەستدرێژییەک و هەڕەشە ناتوانێت کاریگەری لەسەر ئەم وڵاتە هەبێت.
کار و کارگەر
لە ئێران قەیرانی داهاتی تاک لە ساڵی داهاتوودا قورستر دەبێت
حکومەتى ئێران بەنهێنی نرخی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک کارەبا و پەیوەندی و ئینتەرنێت زیاد دەکات و پلانی هەیە بۆ زیادکردنى نرخی بەنزینیش هەیە، کە زیاتر بە زیانی کرێکاران و مووچەخۆرانە.
ئەم کارە توانای کڕین و ئاستی داهاتی خەڵک کەم دەکاتەوە و قەیرانی بژێوی گەورەتر دەکات.
زیادکردنی مووچە بە رێژەی 20% لە کاتێکدا هەڵاوسان دەگاتە 40% بەس نییە و دەریدەخات کە حکومەتەکان خەرجییەکانیان کەم ناکەنەوە بۆ قەرەبووکردنەوەی کورتهێنانی بودجە و لەبری ئەوە بودجەکەیان لە گیرفانی خەڵک و مووچەخۆران دابین دەکەن.
ئەم دۆخە لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و ئەگەری سزاکان خراپتر دەبێت و حکومەت لەبری ئەوەی خەرجییەکانی کەم بکاتەوە، بارگرانی دارایی دەگوازێتەوە بۆ چینی کرێکار.
ئەبرار
زیانی 650 ملیۆن دۆلار بە باخداری ئێران بەهۆی پچڕانی کارەباوە
محەمەد برومەندی، بریکاری وەزیری کاروباری باخداری ئێران لە رێوڕەسمی کردنەوەی شانزەهەمین فێستیڤاڵی هەناردا رایگەیاند، ناهاوسەنگی وزە و پچڕانی کارەبای بیرە کشتوکاڵییەکان بۆ ماوەی 10 کاتژمێر بووەتە هۆی زیانگەیاندن بە بڕی 650 ملیۆن دۆلار بۆ باخداران.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، گۆڕانی کەشوهەوا و کەمیی ئاو له کێشەکانی گەورەی وڵاتن.
برومەندی گوتیشی، کە ئێران پلەی سێیەمی لەسەر ئاستی جیهان لە بواری بەرهەمهێنانی هەناردا هەیە بە بەرهەمهێنانی ساڵانە زیاتر لە 26 ملیۆن تۆن و هەناردەی نزیکەی 37 هەزار تۆن بووە.
ئیمروز
ئێران دەرمانێکی بەرهەمهێناوە تەمەنی تووشبووانی شێرپەنجە زیاد دەکات
کۆمپانیای دەرمانسازی ئێران نوێترین دەرمانی دژە شێرپەنجەی خۆی بە ناوی تیدرۆکس، بەرهەمهێنا، کە یارمەتیدەرە بۆ زیادکردنی تەمەنی تووشبووانی شێرپەنجە.
ئەم دەرمانە بۆ چارەسەری شێرپەنجەی مەمک و هەندێک لە شێرپەنجەکانی گەدە و ریخۆڵە کاریگەرە و بەهۆی چارەسەری ئامانجدارەوە کاریگەری لاوەکی کەمتری هەیە لە چاو دەرمانە کیمیاییە کۆنەکان.
عەلی ئاغاجانی، بەڕێوەبەری پەرەپێدانی بازرگانیی کۆمپانیاکە دەڵێت، تێچووی دەرمانەکە کەمتر لە 10%ـی هاوشێوەی دەرەکییه و ئاماژەی بەوەشکرد، هەوڵی ئەوە دەدەن دەرمانەکە بخەنە بیمەوە بۆ تێچووی کەمتری نەخۆشانی شێرپەنجە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
سەرکەوتنی ترەمپ ستامەری ناچارکردووە بودجەی بەرگری 2.5% زیاد بکات
کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانى بەریتانیا پلانێک رادەگەیەنێت لە ماوەی دوو هەفتەدا بودجەی خەرجکراو بۆ وەزرەتی بەرگریی بەریتانیا بەرێژەی 2.5% زیاد بکات.
خشتەی زیادکردنى بودجەى وەزارەتی بەرگری لە زووەوە پێنسیازکراوە، بەڵام چاوەڕواندەکرێت ئەو بڕە زیادەیەی بۆی تەرخاندەکرێت لە وەرزی بەهاری دهاتوودا بەردەست بێت.
حکومەتی بەریتانیا چاوی لەسەرئەوەیە لە بەهاری داهاتوودا پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرۆکی تازەهەڵبژێردراوی ئەمریکا بەرەوپێشەوە ببات.
دەیلی مەیل
یەکەمین هاووڵاتیی بەریتانی بەهۆی بەکارهێنانی دەرمانی دابەزاندنی چەورییەوە گیانی لەەستدا
نەخۆشەوانێکی بەریتانی، کە لە دەزگای تەندروستی کاردەکات، لەڕێی ئۆنلاینەوە دەرمانێکی خۆلاوازکردنی کڕیوە، تەنها دوو جار لێی خواردووە، کوشتویەتی. ئەم نەخۆشە دەبێت بە یەکەمین کەس لە بەریتانیادا، کە بە روونی سەلمێندراوە دەرمانی خۆلاوازکردنی بەکارهێناوە، کە بەناوی بازرگانیی مونجارۆوە ناسراوە، بۆیە مردووە.
دەرمانەکە لەڕێی دەرمانفرۆشێکی ئۆنلاینەوە کڕدراوە، نازانرێت سەرچاوەکەی کوێیە. بووە بەهۆی پەکخستنی پەنکریاسی نەخۆشەکە و لەماوەیەکی کەمدا کوشتویەتی. ئەم نەخۆشە ناوی سوزان ماکگاوانە، تەمەنی 58 ساڵە.
تایمز
ئێران پلانی کوشتنی ترەمپ دادەڕێژێت
وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چەند تۆمەتێکی ئاراستەی چەند کەسایەتییەکی نێو سوپای پاسدارانی ئێران کردووە، دەڵێت پلانیان هەبووە ترەمپ بکوژن.
بە سێ رۆژ پاش سەرکەوتنی ترەمپ، دوێنێ ئەو تۆمەتانە وەک شکاتێک پێشکەشی دادگای مانهاتن کران. لە وردەکاریی شکاتەکەدا هاتووە فەرهاد شاکری هاووڵاتییەکی ئەفغانیی تەمەن 51 ساڵە. ئەم فەرهادە دانی بەوەداناوە لەلایەن دەزگایەکی سەر بە تارانەوە فەرمانی پێکراوە ترەمپی تەمەن 78 ساڵ بکوژێت.
مەریک گارلاند، داواکاری گشتیی ئەمریکا دەڵێت، وەزارەتی دادی ئەمریکا شکاتێکی هاتووەتە بەردەست. ئەو شکاتە دەڵێت، پلانێکی رژێمی ئێران هەبووە کە لەلایەن دەوڵەتەوە رێکخراوە بۆ ئاراستەپێدانی چەند کەسێکی لە تاوانەوەگلاو بۆئەوەی بتوانن چەند کەسایەتییەک بکوژن، کە یەکێکیان بریتییە لە دۆناڵد ترەمپ.
ئێف تی ویکئەند
بازاڕی پشکەکانی ئەمریکا زەنگی مەترسییان لێدا
پلانەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ ئابووریی ئەمریکا ئەوەیان لێ چاوەڕوان دەکرێت ئابووریی ئەمریکا گەرما دابهێنن. یەکێک لە گەورەترین بەڕێوەبەرەکانی کایەی گرێبەستەکان لەم رووەووە هۆشداریی داوە.
ئەو گوتویەتی، ئەم سەرکەوتنە گەورەیەی کۆمارییەکان بەدەستیانهێناوە کاریگەریی خۆی دەخاتە سەر بازاڕی پشکەکان.
دان ئیڤاسکین، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنەران لە ئاژانسی پیمکۆ گوتی لە رۆژی سێشەممەوە، کە ترەمپ وەک سەرۆک هەڵبژێردراوە رەنگە گۆڕانکێکی پێچەوانە لە بازاڕی پشکەکانی ئەمریکادا رووبدات و بە زیان بشکێتەوە.