زووم..
ئامانج حەسەن زادە ناسراو بە “ئامانج زەمان” کە قاچاخچییەکی کوردە لە بەریتانیا بە 17 ساڵ زیندانیکردن سزادرا.
کەناڵی سکای نیوز بڵاویکردەوە ئەمڕۆ هەیینی لە دادگای شاری پریستن لە بەریتانیا ئامانج حەسەن زادە بە سێ تۆمەتی ئاسانکردنی کۆچکردنی نایاسایی بە 17 ساڵ زیندانی سزادراوە.
ئامانجی تەمەن 34 ساڵ لە مانگی ئایاری ئەمساڵ لەلایەن پۆلیسی بەریتانیاوە بەتۆمەتی گواستنەوەی کۆمەڵێک کۆچبەری کورد لە فەرەنساوە بۆ بەریتانیا لەرێی کەناڵی ئینگلیزەوە دەستگیرکرا.
ئامانج زادە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی یوتیوب کەسایەتییەکی ناسراوە و چەندین کۆچبەری کورد لەکاتی کۆچکردنیان بە نایاسایی لەڕێگەی ئامانجەوە باس لە رێگە نایاساییەکە دەکەن. لە یەکێک لە ڤیدیۆکاندا کۆمەڵێک کۆچبەری کورد لەسەر بەلەمێک ستایش و سوپاسی ئامانج دەکەن.
ئامانج چەند جارێک لە هەرێمی کوردستان بووە و حکومەتی بەریتانیا دەڵێت، خەڵکی ئێران (رۆژهەڵاتی کوردستان)ـە. لە یەکێک لەو ڤیدیۆیانەی لە تۆڕی کۆمەڵایتی یوتیوب هەن گەعدەیەکە کە ئامانجی تێدایە و هونەرمەندێک بە “باشترین قاچاخچی” وەسفی دەکات. ڤیدیۆکە لە ساڵی ٢٠٢١ بڵاوبووەتەوە و هونەرمەندەکە زیاتر ستایشی دەکات و دەڵێت: هەموو قاچاخچییەکان لەمەوە فێربوون و ئامانج رەقەم یەکە.
سکای نیوز دەڵێت، ئامانج پەیوەندی راستەوخۆی لەگەڵ کۆچبەران هەبووە بەتایبەتی لە ساڵی 2023. بەگوێرەی گوتەی مارتن کلارک، فەرماندەی ئاژانسی تاوانی نیشتمانی بەریتانیا، ئامانج لەرێی سۆشیال میدیاوە ریکلامی بۆ خۆی کردووە و پرۆژەیەکی گەورەی کۆچی نایاسایی بەرێوە بردووە.
مارتن کلارک دەشڵێت، هەرچەندە ئامانج بە سێ تۆمەت سزادراوە، بەڵام “دڵنیایین لە پەڕینەوەی زیاتری نایاسایی کۆچبەران بەشداربووە، لای ئەو تەنها قازانج گرنگ بووە و گرنگ نەبووە بەلایەوە کە ژیانی خەڵک دەکەوێتە مەترسییەوە یان نا.”